بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جەبار یاوەر لە دیمانەی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵۆ وتبووی: "بەپێی ڕاپۆرتەكانی ئێمە و بەدواداچوونەكانی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەكانی دیكەمان ، ماوەیەك لەمەوبەر لە سلێمانی چەند كەسێك لە شانە نووستوەكانییان دەستگیركران، لە هەولێر بەهەمان شێوە، دیارە ئەوانە ئەو كەسانەن كە لە ناوچەكانی سووریاوە هاتوونەتە ئێرە چوونەتە كەمپەكان یان چوون بۆ ناو شارەكان."
وتیشی: " هێشتا سەركردەكانی داعش هەموویان كۆتاییان نەهاتووە، هێشتا كەس بەتەواوەتی شوێنەكانییان نازانرێت، مادام سەركردایەتییان ماوە پەیوەندییان ماوە، ئەوان بە پلەی یەكەم سوشیاڵ میدیا بۆ پەیوەندییەكانییان بەكاردەهێنن و زۆر شارەزان لەم بوارەدا، هەر شانەیەكیان لەو سەری دونیا بێت پەیوەندیی بەوانی دیكەوە لەرێگەی سوشیاڵ میدیاوە دەكات، ئیدی لەهەركوێیەك بن، زۆر بە ئاسانی لەو رێگەیەوە رێنمایی یەكتر و پەیوەندیی بەیەكترەوە دەكەن، بەڵێ هەندێك لەو چەكدارانە هاتوونەتە كەمپەكان، شارەكان، هێشتا بەشێكییان لە بیابانەكانن."
جەبار یاوەر وتی:" هەموو دامودەزگا هەواڵگرییەكانی دونیا لەسەر شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی زۆر جار زانیاریی بڵاودەكەنەوە و هەریەكە و شتێك دەڵێن، بەڵام هێشتا هیچ دامودەزگایەكی هەواڵگری بەدیاریكراوی نازانن لەكوێیە، بەتەنها ئەو نا، ئەو سەركردانەی داعش كە ماون ئەوانیش نازانرێت لەكوێن".
بۆچوونی ئێوە