هەڵبژاردنی تورکیا و هەوڵدان بۆ مومکین کردنی نامومکینەکان

داخوازیی ئەمینداریی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و قبووڵ کرانی ئەو داخوازییە لە لایەن ئەردۆغان-ەوە، کەشی سیاسیی تورکیای تووشی شڵەژان کرد.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – کامران قادری ئازەر: داخوازیی حەوتەی ڕابردووی "دەوڵەت باخچەلی" ئەمینداریی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی تورکیا (MHP) بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەو وڵاتەدا، بۆ جارێکی دیکە فەزای سیاسیی کۆماری تورکیای هەژاند.

قبووڵ کردنی ئەو داخوازییە لە لایەن "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیاش مزگێنی‌دەری دەسپێکی خولێکی پڕهەنگامەی دیکە لە داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتەیە.

بە ئاوڕدانەوە لە نامومکین بوونی درێژەی هاوپەیمانیی چەند مانگەی پارتەکانی ژێر فەرمانی ئەردۆغان و باخچەلی و سەرکەوتنی ئەو هاوپەیمانییە بە تایبەت لە پرسی پەسندکردنی یاسای بنەڕەتیی نوێی تورکیا، ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەو وڵاتەدا تاکتیکێکی دیکە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی بەردەم لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دێتە ئەژمار.

لەوبارەوە یەکەمین شتێک کە بە زەین دەگات ئەوەیە کە بە ئاوردانەوە لە دابەشبوونی گەورەی پارتی ژێر فەرمانی باخچەلی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو و پێکهاتنی پارتی "باش" لە لایەن "مراڵ ئاکشنێر" جێگری پێشووی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی تورکیا، پێدەچێت کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە خۆیدا هەلێک بێت بۆ پێشگری لە پێشکەوتنی ئەو بزووتنەوە تازە دامەزراوە، بە تایبەت ئێستا کە ئاکشنێر لە ڕاپرسییەکاندا بەختێکی زۆر باشی بە دەست هێناوە.

هۆکاری دووهەمیش دەتوانێ سەراسیمەبوون و سەرلێشێواوی لە بەرەی دژبەرانی دەوڵەت بێت، چونکه پێشخستنی کاتی هەڵبژاردنەکان دەتوانێ دەرفەتی جموجۆڵی شیمانەییان لێ زەوت بکات. لەمناوە سێهەمین ئامانجی هاوپەیمانی ئەردۆغان – باخچەلی لە پێشخستنی هەڵبژاردنەکان، ڕەنگە ئەوە بێت کە لە رێگەگەلی یاساییەوە پێشگری بکەن لە بەشداریی پارتی "باش" لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە بە پێی یاسای هەڵبژاردنی تورکیا، پارتی نوێ بۆ بەشداری لە ڕکابەریگەلی سیاسی، دەبێ ٦ مانگی دیکە ڕاوەستێت.

هەڵبەت ئەو پیلانەی دەسەڵات بە تاکتیکێکی بەرژەوەندخوازانەی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری گەل (CHP) پووچەل کرایەوە. ١٥ نوێنەری ئەو پارتە بە شێوەیەکی مەسلەحەتی چوونە ڕیزی پارتی "باش"، بۆ ئەوەی پارتی ناوبراو ببێتە خاوەن ژمارە کورسیی پێویست لە پەرلەمانی تورکیا و ئەوەش واتە پارتەکەی مرال ئاکشنێر مافی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت.

بڕیاری ورووژێنەری دەوڵەت باخچەلی کە لە بەستێنی سیاسیی تورکیادا بە رێبەری نەتەوەپەرەستانی کۆنسێرڤات ناوی لێ دەبرێت، بۆتە هۆی سازبوونی کەلێنێکی قووڵ لە نێوان رێبەرانی باڵا و هەروەها لایەنگرانی ئەو ڕەوتە لە سەرتاسەری تورکیا. مراڵ ئاکشنێر کە لە ڕاستیدا کەسی دووهەمی ئەو پارتە بوو بە جیابوونەوەیەکی پڕهەنگامەی، پارتێکی نوێی بە ناوی پارتی "باش" پێکهێنا.

ئەو پارتە نوێیە خێرا ڕەوتێکی ڕوو لە گەشە و سەرکەوتنی مسۆگەر کرد و لە بازنەیەکی زەمانیی چەند مانگەدا توانی لە ڕاپرسینە جۆراوجۆرەکاندا، پێش پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست بکەوێت و بە جۆرێک ببێتە ئاستەنگێکی بەرچاو بۆ لایەنگرانی دەوڵەت. ڕەنگە هەر ئەم ڕووداوە هۆکارێکی تۆکمە بێت بۆ ئەوەی ئاکشنێر بە بێ هەوڵدان بۆ هاوڕیزکردنی دژبەرانی ئەردۆغان، خۆی بە تاقی تەنیا هەنگاو بنێتە ناو بواری ڕکابەرییەکان.

لە نێوان هەوڵ و جموجۆڵی هێزە دژبەرەکانی دەوڵەت، هەوڵی ماندوونەناسانەی دوو پارتی "سەعادەت" و "کۆماری گەل" لە چاو پارتەکانی دیکە بەرچاوترە. ڕەنگە ئەوە بۆ یەکەمین جار بێت کە لە فەزای سیاسیی تورکیا دوو ڕەوتی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەکی ئیسلامخواز و لائیک یەک دەگرنەوە. کەماڵ قلیچدار ئۆغڵۆ و تێمێل کارامولا ئۆغڵۆ وەک دوو سەرۆکی ڕەوتی لائیک و ئیسلامخوازی نەریتی تورکیا، تەواو هەوڵی خۆیان بۆ یەکگرتنەوە لە بەرەی دژبەرانی دەوڵەت خستۆتە گەڕ.

ئەو دووە بە باشی دەزانن کە تاقە رێگەی سەرکەوتن بە سەر ئەردۆغان، یەکگرتنەوەی تەواو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ژێر ئاڵای کاندیدایەکی کاریزمایە و هەڵبەت ئەوان بۆ ئەو مەبەستە بژێرەیەکی زێڕین-یشیان دیاری کردووە؛ کەسێک کە لە تەواو قۆناغەکانی بە دەسەڵات گەیشتن و گەشەی ئاکپارتی (AKP) بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، لەو پارتەدا ڕۆڵی بووە و هەر ئەوەش دەتوانێ هۆکارێکی بە قەوەت بێت بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا و ئەویش کەسێک نییە جگە لە عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا. بەڵام ئێستا بە کشانەوەی "گوڵ" لەو بڕیارە، تەواو ئەو پلانانە بەرەوڕووی شکست بۆتەوە.

سەرەڕای بەرزەفڕیی پلانی باس کراو لە لایەن دژبەرانی دەوڵەت و بوونی کێشەیەکی شیمانەیی وەک تاکڕەویی ئاکشنێر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، پێویستە بڕوانینە ئاستەنگێکی دیکە کە هەمان "پارتی دیموکراتیکی گەلان" (HDP)ـه. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو پارتە کوردییە سەرەڕای زیندانی کرانی رێبەران و زۆربەی ئەندامانی پلەبەرزی و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خۆی و هێنانە بەرکاری کەسانێکی نوێ بۆ سەرکردایەتیی، هیچ حەزی لە هاوپەیمانی لە گەڵ نەتەوەخوازان-دا نییە.

ئەو کێشەیە، یەکێکە لە گەورەترینی ئەو ئاستەنگانەی کە پێویستە رێبەرانی سیاسیی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بیر لە چارەسەریی بکەنەوە. بەڵام بە ئاوردانەوە لە هەڵوێستە ڕاگەیێندراوەکانی رێبەرانی هەدەپە  بۆ هەڵبژاردنەکان و هەروەها بڕیاری مرال ئاکشنێر بۆ بەشداریی لەو هەڵبژاردنانە وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ، پێناچێت پڕکردنەوەی ئاوەها کەلێنێک کارێکی ئاسان بێت. ئەگەرچی بەردەوام لە مێژووی سیاسیی تورکیادا بەستێن بۆ وەدی هاتنی ئاوەها نامومکین‌گەلێک ڕەخساوە!

بە لە بەرچاو گرتنی تەواو پرسەکانی سەرەوە، بەو ئاکامە دەگەین کە دژبەرانی دەوڵەت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی ژوئەنی ٢٠١٨ (٣ی پووشپەڕ)ی تورکیا دوو رێگەی جیاوازیان لە بەرە. یەکەم بژیڕەیان ئەوەیە کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ وەلاوەنانی کێشەکانی بەردەم پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی بەربڵاو بخەنە گەڕ و بە پاڵپشتی لە کاندیدایەکی بە هێز  و کاریزماتیک، سەرکەوتنیان بە سەر ئەردۆغاندا دەستەبەر بکەن.

رێگەی دووهەمیش ئەوەیە کە تەواو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە خولی یەکەمدا تەنیا پاڵپشتی لە کاندیداکەی خۆیان بکەن و هەر کام بە ئامادەبوونێکی بەرچاو لە بەستێنی بانگەشەیی هەڵبژاردنەکاندا، هەوڵ بدەن لە ڕێژەی دەنگی پارتەکانی هاوپەیمانی دەوڵەت کەم بکەنەوە.

بەو جۆرە، لە ئەگەری سەرکەوتن لە خولی یەکەمدا، جگە لە لاوازکردنی ورەی بەرەی ئەولا، لە خولی دووهەمدا بە پاڵپشتی لە کاندیدایەکی یەکە، شانسی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەرزتر بکەنەوە. هەڵبەت بە ئاوردانەوە لە کشانەوەی عەبدوڵڵا گوڵ لە کاندیدابوونی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەو بژیڕەیە تا ڕادەیەک دژوارە، بەڵام بەوەشەوە مومکینە.

بە گشتی، گۆڕانکارییەکانی رۆژانی داهاتوو، دەتوانێ وەڵامدەری زۆربەی پرسیارەکانی ئەم یادداشتە بێت.

News Code 18439

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 4 =