بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە تایم، مەلالە یووسف زەی بڕاوەی ٢٠ ساڵەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نامەیەکدا بۆ "ئانگ سان سووچی" رێبەری میانمار کە ئەویش هەر بڕاوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، داوای لێ کرد کە تەواو هەوڵی خۆی بۆ وەستاندنی ڕەنج و کوشتوبڕی موسڵمانانی ڕۆهینگیایی بخاتە گەڕ.
بە گوێرەی ئەو نامەیە، مەلالە سەرەڕای داخوازی بۆ وەستاندنی توندوتیژی لە دژی موسڵمانان لە میانمار، داوای لە وڵاتانی دیکە و لەوان پاکستانی زادگەی خۆی کردووە کە ئامادەیی خۆیان بۆ پەنادان بەو خەڵکە چەوساوە دەرببڕن.
ناوبراو وتیشی: هەرچی جارە هەواڵی موسڵمانانی ڕۆهینگیایی و ڕەنج و ستەمیان دەبیستم، دڵم تەژی لە ژان دەبێت.
یووسف زەی کە هاوکات باڵوێزی ئاشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە؛ کچێکی گەنجی پاکستانییە کە لە پێناو بەرگریی لە مافی خوێندن و پەروەردەی منداڵان لە لایەن تاقمی تاڵەبانەوە کرایە ئامانجی گولە. ناوبراو چالاکی مافی مرۆڤ و مافی منداڵان و ئەندامی کەمپەینی خوێندنی کچانی پاکستانە کە لە ئاکتەوبری ساڵی ۲۰۱۲ لە سەر رێگای گەڕانەوە لە قوتابخانە لە لایەن تاقمی تاڵەبانەوە تەقەی لێکرا. ئەو تیرۆرە کاردانەوەی توندی جیهانی بە دواوە بوو.
مەلالە بۆ هەوڵ و پێداگرییەکانی لە بواری مافی خوێندنی منداڵان، لە گەڵ "کایلاش ساتیارتی" خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ٢٠١٤یان پێبەخشرا. ئەو گەنجترین بڕاوەی ئەو خەڵاتەیە و پاش "عەبدولسەلام"ی بڕاوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیکیا، دووهەمین پاکستانیی هەڵبژاردەی خەڵاتی نۆبڵە.
Your Comment