به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران، بیژه‌ن زه‌نگه‌نه، وه‌زیری نه‌وتی ئێران و جه‌بار عه‌لی حسه‌ین، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له کۆتایی دانوستانه‌کانی دوێنی له به‌غدا لێکتێگه‌یشتن نامه‌یه‌کیان بۆ په‌ره‌دان به هاوکاری نه‌وتی و گازی له نێوان هه‌ر دوو وڵات واژۆ کرد.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، له‌م لێکتێگه‌یشتنه‌دا جه‌خت کراوه که ده‌بێت په‌ره به کێڵگه نه‌وتییه هاوبه‌شه‌کانی نێوان هه‌ر دوو وڵات بدرێت و ئاڵ و گۆڕی بازه‌رگانی له که‌رتی نه‌وت و گاز و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌کان به‌رز بکرێته‌وه.
هه‌روه‌ها ئێران به‌ڵێنی داوه که بۆ نوێژن کردنه‌وه‌ی پاڵاوگه نه‌وتییه‌کانی عێراق یارمه‌تی ته‌کنۆلۆژیایی ئه‌م وڵاته بدات.
له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ر دوو وه‌زیر به ڕێککه‌وتن گه‌یشتن که نه‌وتی که‌رکووک له ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه هه‌نارده بکرێت و ئاماده‌کارییه‌کان بۆ ئه‌مکاره‌ش به زوویی ده‌ست پێ ده‌کات. بڕیار وایه که سه‌ره‌تا تێچووه ئابوورییه‌کانی ئه‌م کاره لێکبدرێته‌وه.
هه‌روه‌ها ئێران به‌ڵێنی داوه که به خوێندکاره عێراقییه‌کان بورسی نه‌وتی بدات. هه‌ر دوو لا ڕێککه‌وتن که لێژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ به‌دوادا چوون به سه‌ر ئه‌م هاوکاریانه‌دا پێکبهێنن.
شایانی باسه که بیژه‌ن زه‌نگه‌نه، وه‌زیری نه‌وتی ئێران دوێنی به یاوه‌ری لێژنه‌یه‌کی باڵای وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران سه‌ردانی به‌غدای کرد.
Your Comment