بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی ناوخۆییدا وتی: لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، گرووپە تیرۆریستییەکانی پژاک و پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا) هێزەکانیان لە عێراقەوە گواستەوە بۆ ئێران، بەو بڕوایەی کە کۆماری ئیسلامی دەشکێت و حکومەت دەگۆڕێت.
ناوبراو هاوکاری هەواڵگریی تورکیای لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پژاک ڕاگەیاند و دەشڵێت: لە ئەنجامی ئەم هاوکارییە هەواڵگرییە، ئێران بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قورس گورزی کوشندەی لەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە داوە.
وەزیری بەرگری تورکیا زیادی کرد: لە کاتی هێرشی ئیسرائیلدا، پژاک ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گەلی ئێران نیشان دا.
ژەنەڕاڵ گولەر هەروەها سەبارەت بە پڕۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە وتی: ئێمە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەمان لەناوبردووە و پڕۆسەی چەکداماڵینیان بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت کە ئێمە دیاری دەکەین.
هەروەها ئاماژەی بە هەڵوێستی هێزە کوردییەکانی سووریا و دانوستانەکانیان لەگەڵ دیمەشق و ئەمریکا کرد و وتی: دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە ئاوێتەبوونی کورد لە سوپای سووریا بەردەوامن. بۆچوونی ئەمریکییەکان گۆڕدراون و ناکۆکییەکان لەگەڵیان کەم بووەتەوە. ئێمە بە ڕوونی داواکارییەکەمان ڕاگەیاندووە و دەبێت ئەو ئاوێتەبوونە بە تاک بکرێت .
Your Comment