بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گۆڤاری پۆلیتیکۆ ڕاپۆرتێکی شیکاریی بڵاو کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە گەورەترین هەڵە و تەحەددیاتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە شەڕ لەگەڵ ئێران، پێش ئەوەی لە توانا سەربازییەکانی ئێرانەوە سەرهەڵبدات، بەهۆی تێنەگەیشتنی واشنتۆن لە یەکمایەتی و پاڵنەرەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بووە.
ئەم پرسە بووە هۆی زنجیرەیەک حیساباتی هەڵە و یارمەتیدەر بوو بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکان.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، واشنتۆن ئامادەیی تارانی بۆ بەرگەگرتنی گوشار و خەسارەکان لە پێناو پاراستنی حکوومەت و گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی بە دروستی نەخەمڵاندووە.
هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ئوردن واشنتۆنی تووشی سەرسوڕمان کرد. تاران ئەو هێرشەی بە کردەوەیەکی ڕەوا لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆی وەسف کرد و بە وەڵامێک بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا ناوی برد.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا پێش شەڕ لەسەر ئەو بیرۆکەیە بوو کە حکوومەتی ئێران بە هۆی پێشهاتە ناوخۆییەکانەوە لاواز بووە و بە ئامانجگرتنی بەرپرسان دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی خێرای، بەڵام پێشهاتەکانی دواتر دەریانخست کە دامەزراوەکانی حکوومەتی دەسەڵاتدار یەکگرتوویی خۆیان پاراستووە و توانیویانە سەرەڕای فشارە سەربازی و ئابوورییەکان بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەکە”.
گوشارە سیاسییە ناوخۆییەکان لەسەر ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئێران زیادی کردووە و نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئەو شەڕە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا لە پەرەسەندندایە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران پێی وایە توانای بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەنی هەیە و سوود لە پشتیوانی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی و هەروەها ئەو بەربەستە سیاسی و ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداوی فارسەوە دەبینێتەوە.
Your Comment