AP ١٤٠٥ خەرمانان ١٤ ١٦:٠٢

لە 'گەرووی هورمز''ەوە بۆ ''پاشای شێت'': چۆن ساندەرز ترامپی گەڕاندەوە بۆ ٢٥٠ ساڵ لەمەوپێش؟

لە 'گەرووی هورمز''ەوە بۆ ''پاشای شێت'': چۆن ساندەرز ترامپی گەڕاندەوە بۆ ٢٥٠ ساڵ لەمەوپێش؟

گەرووی هورمز ئیتر تەنها پرسێکی ناو نییە. کاتێک دۆناڵد ترامپ لە وەهمەکانیدا باس لە گۆڕینی ناوی ئەم ڕێڕەوی ئاوە ستراتیژییە دەکات بە ناوی خۆیەوە و بێرنی ساندەرز لە بەرامبەردا بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ دەکات و دەڵێت"تۆ سەرۆکیت نەک پاشایەکی شێت".

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی : گەرووی هورمز ئیتر تەنها پرسێکی ناو نییە. کاتێک دۆناڵد ترامپ لە وەهمەکانیدا باس لە گۆڕینی ناوی ئەم ڕێڕەوی ئاوە ستراتیژییە دەکات بە ناوی خۆیەوە و بێرنی ساندەرزیش لە بەرامبەردا بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ دەکات و دەڵێت"تۆ سەرۆکیت نەک پاشایەکی شێت"، مەسەلەکە دەچێتە ئاستێکی دیکە؛ ئاستێک کە سیناتۆرێکی ئەمریکی سەرۆکی وڵاتەکەی بەراورد دەکات بە یەکێک لە پاشا مشتومڕاوییەکان لە مێژووی بەریتانیادا: جۆرجی سێیەم.
لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ساندەرز لە وەڵامی قسەکانی ترامپ سەبارەت بە ناونانی گەرووی هورمز بە ناوی خۆیەوە نووسیویەتی: "نا جەنابی ترامپ، گەلی ئەمریکا ناوتی ناوێت لەسەر گەرووی هورمز، ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە شەڕی نایاسایی خۆتان لەگەڵ ئێران بهێنن؛ شەڕێک کە نرخی گازۆیل بۆ 5.69 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک و نرخی بەنزین بۆ 4.12 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک بەرزکردۆتەوە." بەڵام دێڕی کۆتایی ساندەرز لە هەموو ئەمانە گرنگتر بوو: "تۆ سەرۆکیت نەک پاشایەکی شێت، وەک سەرۆک هەڵسوکەوت بکە ."
ئەمە قسەیەکی سیاسی ئاسایی نییە. “پاشای شێت” لە یادەوەری مێژوویی ئەمریکادا ئاماژەیەکی ڕوونی هەیە بۆ شا جۆرج سێیەمی بەریتانیای گەورە، هەمان ئەو پاشایە کە لە سەدەی ١٨دا بەرامبەر یاخیبوونی کۆلۆنیەکانی ئەمریکا وەستایەوە و دواجار سەربەخۆیی ئەمریکای قبووڵکرد لە یەکێک لە شکستە هەرە بەرچاوەکانی مێژووی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا.
سێزدە کۆلۆنی ئەمریکا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی لەندەن لەگەڵ بەریتانیا کەوتنە ململانێ. جۆرج سێیەم ئامادە نەبوو بە سادەیی پاشەکشە بکات. ئەو نیگەران بوو لەوەی سەربەخۆیی ئەمریکا تەنیا بە جیابوونەوەی ئەم کۆلۆنییانە سنووردار نەبێت و بەشەکانی دیکەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیاش بەدوایدا بگەڕێن. بۆیە پاراستنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەت بۆ ئەو گرنگییەکی زۆری هەبوو.
بەڵام دەرئەنجامی شەڕەکە تەواو پێچەوانەی ئەوەی لەندەن چاوەڕێی دەکرد. دواجار جەنگی هەشت ساڵە بە شکستی بەریتانیا و دانپێدانانی سەربەخۆیی ئەمریکا لە ساڵی ١٧٨٣ کۆتایی هات، لێرەدایە کە ئاماژەکانی ساندەرز بۆ ترامپ مانای هەیە. هەوڵ دەدات دوو کەسایەتی مێژوویی بەیەکەوە ببەستێتەوە: پاشایەک کە پێیوابوو دەتوانێت بە پشتبەستن بە هێزی سەربازی و دەسەڵاتی پاشایەتی دەتوانێت یاخیبوون کۆنتڕۆڵ بکات، هەروەها سەرۆکێک کە ئێستا ڕەخنەگرانی تۆمەتباری دەکەن بەوەی زۆر پشت بە هەڕەشە و زۆرەملێ و نمایشکردنی دەسەڵات دەبەستێت.
بێگومان جۆرجی سێیەم ناتوانرێت بە سادەیی بە “پاشایەکی شێت” کورت بکرێتەوە. بەڕاستی ئەو ماوەی نەخۆشییەکی سەختی بەسەردا هاتووە، هەندێکجاریش ڕەفتاری نائاسایی و وروژاندنی زۆری نیشانداوە. لە ساڵانی کۆتاییدا بارودۆخی بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوو و بە کردەوە لە کایەی گشتی کشایەوە. بەڵام بەشێکی زۆری سەردەمی حوکمڕانی بە شێوەیەکی چالاکانە بەسەر بردووە، حەزی لە کشتوکاڵ و هونەر و زانست و مۆسیقا بووە؛ تا ئەو ڕادەیەی کە نازناوی “جوتیار جۆرج”ی لێنرا.
بەراوردکاری ئەمڕۆش بە مانایەکی دیکە جێگەی سەرنجە. مێژوونووسی ئەمریکی ڕیک ئاتکینسن لە بەراوردکردنی جۆرجی سێهەم بە ترامپ وتی: جۆرجی سێیەم ئەبراهام لینکۆڵنە بە بەراورد بە ترامپ.
ئەم ڕستەیە بە شێوەیەکی کردەیی چڕی ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی ترامپ دەکرێت نیشان دەدات. ئاتکینسۆن ناڵێت جۆرج سێیەم فەرمانڕەوایەکی تەواو بووە؛ بەڵکوو دەیەوێت بڵێت تەنانەت ئەو کەسایەتییەی کە لە کولتوری سیاسی ئەمریکادا بە "پاشای شێت" ناسراوە، دەتوانێت لە کەسێکی زۆر جیاواز بچێت بە بەراورد بە هەڵسوکەوت و شێوازی سیاسی ترنمپ.
لەم ڕوانگەیەوە پرسی گەرووی هورموزیش گرنگتر دەبێت. گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی وزە لە جیهاندا و ناوەکەی چەند سەدەیەک پێش دروستبوونی ئەمریکا و سیستەمی سیاسی ئێستای ئەمریکا دامەزراوە.

بۆیە پلانی گۆڕینی ناوی سەرۆکێک، تەنانەت ئەگەر لە شێوەی پێگەیەکی ڕەمزی یان سیاسیشدا پێشکەش بکرێت، نیشانەی زیادەڕۆیی لە کەسایەتیکردنی دەسەڵاتە بۆ ڕەخنەگرانی ترامپ.
ساندەرز ئامانجی ڕێک ئەم خاڵەیە. دەیەوێت بڵێت لە دۆخێکدا کە شەڕ و قەیرانەکانی ئێران کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهانی هەبووە، نابێت سەرۆکی ئەمریکا خەمی نیشاندانی دەسەڵاتی شەخسی یان تۆمارکردنی ناوی خۆی لەسەر ڕێڕەوێکی ئاوی مێژوویی بێت.
لە ڕوانگەی ساندەرزەوە، دەبێ یەکمایەتی کۆتاییهێنان بە شەڕ بێت؛ بەردەوام نەبوونی هەڕەشەکان و فراوان نەکردنی مەودای ململانێکان و نەکردنی قەیرانێکی نێودەوڵەتی بۆ قۆناغێک بۆ ئەوەی سەرۆک دەسەڵاتی خۆی پیشان بدات.
بێگومان ئەم ڕەخنەیە تەنیا ئاراستەی سیاسەتی ترامپ بەرامبەر بە ئێران نییە. ڕەخنەگرانی پێیان وایە مۆدێلی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لە زۆرێک لە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای زۆرترین فشار و هەڕەشەی سەربازی و بەکارهێنانی هێز بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی ئەمریکا بووە. کێشەی وەها ڕێبازێک ئەوەیە کە مەرج نییە نیشاندانی دەسەڵات بە مانای گەیشتن بە ئەنجامێکی سیاسی بێت.

مێژووی جۆرج سێیەم نموونەیەکی کلاسیکی وردی ئەم بابەتە دەخاتە بەردەم ڕەخنەگرانی.

ترامپ دەڵێت دەسەڵاتی سەربازی دەتوانێت بەشێوەیەکی کاتی قەیرانێک کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام ئەگەر شکستی هێنا لە دروستکردنی چارەسەرێکی سیاسی، ئەوا لە کۆتاییدا دەتوانێت کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت.
جۆرجی سێیەم ویستوویەتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بپارێزێت؛ ئەو ئەمریکای لەدەستدا. ئێستا، ساندەرز دەڵێت، پێویستە ترامپ سنوورداربوونی پۆستی سەرۆکایەتیش لەبەرچاو بگرێت، نەک پێداگری لەسەر شەڕ و هەڕەشە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نابێت دەستەواژەی "تۆ سەرۆکیت نەک پاشایەکی شێت" وەک هێرشێکی زارەکی تەنها بۆ سەر ترامپ سەیر بکرێت. لە ڕاستیدا بیرهێنانەوەی یەکێک لە بنەڕەتیترین گێڕانەوە سیاسییەکانی ئەمریکایە: گێڕانەوەیەک کە بەپێی ئەو گێڕانەوەیە شۆڕشی ئەمریکا لە دژی دەسەڵاتی ناوەندیی پاشایەک پێکهات و کۆماری نوێ لەسەر بیرۆکەی دەسەڵاتی سنووردار و سەروەری دامەزرا.
ئێستا دوای ٢٥٠ ساڵ، سیناتۆرێکی ئەمریکی هەمان وێنەی مێژوویی پێشکەش بە سەرۆکی وڵاتەکەی کردووە. پەیامی ساندەرز ڕوونە: سەرۆکی ئەمریکا چەندە دەسەڵاتی سەربازی و سیاسیی هەبێت، بڕیار نییە پاشا بێت؛ وە ئەگەر شەڕ و هەڕەشە و نمایشکردنی دەسەڵات جێگەی سیاسەت و دیپلۆماسی بگرێتەوە، مێژوو دەریخستووە کە تەنانەت گەورەترین زلهێزەکانیش ڕەنگە بە وردی ئەو دەرئەنجامە بەدەستبهێنن کە نەیانویستووە.

News ID 60358

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha