ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: پاش شەش مانگ لە ڕاگەیێندراوی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرپکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکخراوەیە، هێشتا ڕوون نییە کە کوردەکان لە تورکیا چەندە لە دوورنوێنی ئاشتی و سەرتر لەو، نزیک بوونەتەوە.
ئاشتی بە چ واتاییەک؟
ئۆجەلان لە ڕاگەیێندراوەکەی خۆی لە فێڤرییەدا، وردەکارییەکی دیاری بەدەستەوە نەداوە، بەڵکوو ئاشتی گرێداوەتەوە بە دیموکراسی و باس لە هەلومەرجێکدا دەکات کە تێیدا خەبات بۆ گۆڕان دەبێ بە بواری دیموکراتیکدا تێپەڕێت. ئەم بابەتە بە واتای دەستکێشانەوە لە هیەموو ئامانجەکان نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی شەڕ و خەبات لە مەیدانی شەڕەوە بۆ بواری سیاسەت. بەڵام بەوەشەوە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی دەبێ وەڵامدەری ئەم پرسیارە گرینگانەی خوارەوە بێت:
ـ چارەنووسی زیندانییە سیاسییەکان و تاراوەکراوەکان چ دەبێت؟
ـ شەڕڤانانی پەکەکە چۆن دەبێ چەک دابنێن و ئاوێتەی کۆمەڵگا ببنەوە؟
ـ ئایا ڕەوتێکی "حەقیقەت و ئاشتی" بۆ چارەسەریی زامە مێژووییەکان سەرهەڵدەدات؟
ئەمە ئەو پرسیارانەن کە تا ئێستا وەڵامێکیان بۆ دیاری نەکراوە و لە هیچکام لەو بوارانەدا دوورنوێنێکی دڵخۆشکەر بەدی ناکرێت.
تورکیا بەدوورە لە دیموکراسی
دەوڵەتی تورکیا نە تەنیا هەنگاوێکی بۆ دیموکراسی هەڵنەگرتووە، بەڵکوو پەرەی بە بایکۆتەکانی خۆی داوە و پاش وەلانانی شارەوانەکانی هەدەپە، ئیستا نۆرە گەیشتۆتە شارەوانەکانی جەهەپە و بە وتەی تولای حاتەم ئۆغوللاری، هاوسەرۆکی دەمپارتی، "بەبێ دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا، هیچ ئاشتییەکی پاوەجێ مومکین نییە؛ نە بۆ کوردەکان، نە بۆ کەمینەکان و نە بۆ چینی کرێکار.
لە لایەکی ترەوە سەرەڕای هیواکان بە ئازادکرانی سەرۆکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یۆکسکداخ، هێشتا هەر لە زیندانن. تەنانەت بەڵێنییە گوماناوییەکان لەبارەی "مافی هیوا"ی ئۆجەلان، کە لە لایەن دەوڵەتەوە وەک هەڤیازییەکی شیمانەیی ئاراستە کراوە، بێئەنجام ماوەتەوە.
ئاگربڕ و درێژەی شەڕ
پەکەکە لە مارچدا ئاگربڕی ڕاگەیاند، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەر لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لە هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە. ئەو هێرشانە ئەگەرچی لەم مانگە دواییانەدا کەمی کردووە، بەڵام گەڕەنتییەک بۆ درێژەنەدانیان نییە و دەوڵەت هێشتاش پێداگرە لە چەکدانانی یەکجاریی پەکەکە بەبێ پێدانی هیچ جۆرە گەڕەنتییەکی ئەمنی بە ئەندامەکانی.
هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە دژی کوردەکان
گرینگترین ئاستەنگی بەردەم ئاشتی، هەڵاواردنی مێژوویی دژی کوردەکانە. یاسای بنەڕەتی تورکیا، وڵات بە "گەلی یەکەی تورک" پێناسە دەکا کە تاقە زمانی فەرمییەکەی تورکییە. تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەماندا قەدەغەیە. ئەم سیاسەتی ئاسمیلەکردنە، هۆکاری سەرەکیی هاندانی کوردەکان و پەنابردنیان بۆ شەڕ و خەباتی چەکدارانە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بووە.
هەڵویستی ئەردۆغان
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشکاوانە ڕەوتەکە بە "دانوستان" نازانێت و دەیەوێ بەبێ پێدانی هەڤیازییەک شەڕەکە کۆتایی پێ بێت. ئەو لە وتاردانی 25ی ئەگێستدا ڕەوتی ئێستای بە "قۆناغە کۆتاییەکان" زانی و دیسان باسی لە "تورکیای بەهێز" کرد و ئاماژەی بە ئاشتی نەدا. ئەو تەنیا ئاوڕی لە ڕابردوویەک دایەوە کە کورد و تورک لە شەڕی سەربەخۆییدا شان بە شانی یەکتر شەڕیان کردووە و لە بیری خۆی بردووە کە تەنانەت ئەو یەکگرتووییەش لە ئەنجامدا هێژمۆنیی نەتەوەپەرەستی تورکی بەدواوە بوو.
پەیوەندی لەگەڵ سووریا
ڕەوتی ئاشتی ناوخۆیی تورکیا بە شیوەیەکی چڕوپڕ گرێێ خواردووە بە گۆڕانکارییەکانی سووریاوە. دەسکەوتگەلی کوردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەزموونی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بەپێی ئەندێشەکانی ئۆجەلان، بۆ تورکیا قبووڵ ناکرێت و ئەنقەرە هەوڵ دەدا دیمەشقی نوێ ناچار لە سەپاندنی ناوەندخوازی و پاکتاوی یەکجاریی دەسکەوتی کوردەکان بکات. دیارە ئەگەر تورکیا جارێکی تر و لە ڕێگەی میلشیا پاڵپشتكراوەکانی هێرشێکی بەربڵاو بکاتە سەر کوردەکانی سووریا، بە کردەوە ڕەوتی ئاشتی ناوخۆیی لەناو بردووە.
دوا وتە
زیاتر لە سەد ساڵ بایکۆت و چوار دەیە شەڕی چەکدارانە، برینی قووڵی لە کۆمەڵگای تورکیادا بەدواوە بووە. ساڕێژبوونەوەی برینەکان پێویستی بە دلێری سیاسی، دیموکراتیزاسیۆنی راستەقینە و قبووڵکردنی شوناسی کوردییە. بەلام دەرکەوتەکانی ئێستا نیشان دەدا کە دەوڵەتی تورکیا زیاتر لەوەی بەدوای ئاشتییەوەە بێت، هەوڵی تۆکمەکردنی دەسەڵاتی خۆی دەدات و خەریکە "پڕۆسەی ئاشتی" دەخاتە ئامرازێکی سیاسی بەدەستی دەسەڵاتدارانیەوە.
Your Comment