AP ١٤٠٤ سەرماوەز ١٣ ٠٧:٢٦

ئێران و پاکستان ڕێککەوتننامەیەکی گرینگیان واژۆ کرد

ئێران و پاکستان ڕێککەوتننامەیەکی گرینگیان واژۆ کرد

وەزیری فەرهەنگی پاکستان بە داکۆکی لە هاوبەشییە قووڵە فەرهەنگییەکانی نێوان ئێران و پاکستان، لە واژۆی ڕێککەوتننامەیەکی گرینگ بۆ پەرەسەندنی زیاتری پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان دوو وڵات هەواڵی دا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی: ئۆرنگەزیب‌خان کەهچی وەزیری فەرهەنگی پاکستان لە میانەی بەشداریی لە چل‌وسێهەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە شاری شیراز، لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان ئێران و پاکستان، وتی: پاش سەفەری سەرۆک‌کۆماری ئێران بۆ پاکستان، ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان ئێران و پاکستان سەبارەت بە فەرهەنگ و میرات واژۆ کرا و بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەر دوو وەزارەتخانەی پاکستانی و ئێرانی هەوڵی پێشخستنی ئامانجەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە دەدەن.

ناوبروا هاوکاتی نرخاندنی هاوبەشییەکانی ئێران و پاکستان بەتایبەت لە بواری فەرهەنگی و شارستانییەتیدا، وتیشی: دوو وڵات دەتوانن لە بوارگەلێکی وەک؛ 1. لێکدانەوەی پەیامی ئیقباڵ لاهووری وەک بوارێکی سەرەکی و کەسایەتییەک کە هەر دوو وڵات ڕێزی لێ دەگرن و وەرگێڕانی بەرامبەری دەقە فارسی و ئۆردووەکانی، 2. پەرەدان بە گەشتیاریی مەزهەبی نێوان پاکستان و ئێران و هەوڵی دوو وەزارەتخانە بۆ ئاسانکاری لەوبارەیە، پێکەوە هاوکارییان بێت.

وەزیری فەرهەنگی پاکستان سەبارەت بە چۆنیەتی یارمەتیدانی دامودەزگا فەرهەنگییەکانی دوو وڵات بە تۆکمە و پەرەدانی زمانی فارسی، ڕوونی کردەوە: لە زۆربەی زانکۆ ناسراوەکانی پاکستاندا بەشێکی تایبەتی بۆ زمانی فارسی هەیە و بەر لە هاتنی بەیتانیا بۆ بەژئاسا، زمانی فارسی زمانی فەرمی بووە و هەر بۆیە مێژوو و میراتی ئێمە هەموو هەر بە فارسی نوواسراوە و هەموو نوسخە و بەڵگە خەتییە بەنرخەکان لە مۆزەخانەکانی پاکستان بەو زمانەن. هەر بۆیە هەوڵ دەدەین ئەم گەنجە زمانییە لە وڵاتی خۆمان بپارێزین و دەمانەوێ لە ئێرانیشدا هەمان ڕەوت هەمبەر بە زمانی ئۆردوو ئەنجام بدرێت.

ئۆرنگەزیب‌خان کەهچی لەبارەی ڕۆڵی پیشانگا و فیستیڤاڵەکان لە پەرەدان بە پەیوەندیی فەرهەنگی نێوان دوو وڵات ڕایگەیاند: فێستیڤالەکانی وەک فیستیڤاڵی فیلم و وەک ئەو، سەرەکی‌ترین سەرچاوەی پەیوەندیی نێوان خەڵکی دوو وڵاتە و ئێمە لە پاکستان پاڵپشتی لەو جالاکیانە دەکەین و لام وایە لە ئێرانیش بە ئاوەها چالاکیگەلێک پەیوەندیی نێوان خەڵکی دوو وڵات پتەوتر و بەسوودتر دەبێت. بە تایبەت لە فێستیڤاڵەکانی فیلم، چونکە ئێمە زۆر شت لە پیشەی سینەمای ئێران کە پێگەیەکی باڵای جیهانی هەیە، فێر دەبین.

ناوبراو وەک پێشنیار بۆ خەمڵاندنی هەلومەرجی پێویستی گەشەی هاوکارییە فەرهەنگییەکان، جەختی کرد: بەر لە هەر شتێک ئێمە دەمانەوێ ئاسانکاری بکرێت لەپێناو سیاسەتگەلی ڤیزا بۆ گەشتیارانی هەر دوو وڵات و پاشان بەخۆشحاڵییەوە، لە دیداری وەزیری فەرهەنگی ئێران بڕیار درا بۆ پێکهێنانی کارگرووپێکی هاوبەش لە هەر دوو وڵات بۆ لێکدانەوە و پێشنیاردان لەپێناو پێشخستنی کاروبارەکان و بۆ ئەو مەبەستە ماوەیەکی زەمانی شەش مانگە تا یەک‌ساڵە دیاری کرا.

وەزیری فەرهەنگی پاکستان لە کۆتاییدا وێڕای نرخاندنی فیلمگەلی ئێرانی و پێشوازیی خەڵکی وڵاتەکەی لەو هونەرە، ڕاشیگەیاند: داوامان لە لایەنی ئێرانی کردووە کە ڕێخۆش بکات بۆ بەشداربوونی سینەماگەرانی ئێران لە فێستیڤاڵی نەورۆزیی پاکستان کە لە ئاستی دەوڵەتیدا بەڕیوە دەچێت و بەمکارە با حەوتەیەک فیلمی ئێرانیمان لە پاکستاندا هەبێت. ئێمە دڵنیاین کە خەڵکی پاکستان بە هۆی ستانداردی باڵای سینەمای ئێران و ئەکتەرانی، پێشوازییەکی بەربڵاو لەو کارە دەکەن.

News ID 57772

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha