ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - ڕامین حسه‌ین ئابادیان: به‌ره‌ی خۆڕاگری ئیسلامی نۆجبا یه‌کێکه له‌و گرووپه خۆڕاگره‌کانی عێراق که به مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌روه‌ری خاکی عێراق و به‌رگری له بارگه مه‌زهه‌بییه‌کانی ئه‌هلی به‌یت (د.خ) پێکهاتووه.
چالاکییه‌کانی ئه‌م گرووپه شیعییه ته‌نیا بۆ عێراق کورت نابێته‌وه و بێجگه له ئاماده بوون له به‌ره‌کانی جه‌رف سه‌خر و ته‌کریت و ئامرلی و ئێسحاقی و نه‌باعی و فه‌لوجه و موسڵی عێراق له ده‌یان به‌ره‌ی شه‌ڕی سووریاش وه‌ک ڕاشدین، شێخ سه‌عید، ته‌ل شه‌عیب، تۆرکا و خان تومان و وزیحی و قهراسی به‌شداری هه‌یه.
سه‌رۆکی نۆجبا، شێخ ئه‌کره‌م که‌عبی-یه و ئاژانسی مێهر ئه‌م گفتوگۆیه‌ی سه‌باره‌ت به چالاکییه‌کانی به‌ره‌ی خۆڕاگری نۆجبا ئه‌نجام داوه.
شێخ ئه‌کره‌م که‌عبی سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی ئازاد کردنی موسڵ له داهاتوویه‌کی نزیکدا وتی: دڵنیا بن ئۆپراسیۆنی ئازاد کردنی شاری موسڵ به به‌شداری ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ر ئه‌نجام ده‌بێت.
ئه‌و له درێژه‌دا سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره که ئایا ئه‌مریکا به‌ری به به‌شداری حه‌شدی شه‌عبی له ئازاد کردنی موسڵدا گرتووه یان نا، وتی: حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران و فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌کداره‌کانی عێراق بڕیاری داوه که حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری پڕۆسه‌ی ئازاد کردنه‌وه‌ی موسڵ بکات و له‌م نێوانه‌شدا ئاسته‌نگ دروست کردنه‌کانی ئه‌مریکا هیچ کاریگه‌رییه‌کی نابێت.
سه‌رۆکی به‌ره‌ی نۆجبا هه‌روه‌ها به ئاماژه به ئامانجی ئه‌مریکا بۆ دروست کردنی بنکه‌ی سه‌ربازی له عێراق وتی: ئه‌مریکاییه‌کان له دوای ئه‌م خواسته‌ن و بۆ ئه‌م کاره‌ش بنکه‌ی ئاسمانی گه‌یاره‌یان له شاری موسڵ هه‌ڵبژاردووه. به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن به‌م ئامانجه‌ی خۆیان بگه‌ن.
ئه‌و سه‌باره‌ت به ئاماده‌یی هێزه‌کانی تورکیا له موسڵ وتی: به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که گوایه هێزه‌کانی تورکیا کشاونه‌ته‌وه، شتی وا نییه و داگیرکاری تورکیا درێژه‌ی هه‌یه و ئه‌م هێزانه به‌رده‌وام له خاکی عێراق دان.
ئه‌و هه‌ر له‌مباره‌وه وتی: ئێستا یه‌که‌مایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی ئازاد کردنی شاری موسڵه. دوای ئه‌م ئۆپراسیۆنانه، هێزه داگیرکاره‌کانی تورکیا له خاکی عێراق ده‌که‌ینه ئامانج.
شێخ ئه‌کره‌م سه‌باره‌ت به هێرشی سه‌ربازی تورکیاش بۆ سه‌ر جرابلۆس وتی: به دڵنیایه‌وه ئه‌مه داگیرکاری خاکی وڵاتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام تورکیا هه‌رگیز به ئامانجه‌کانی خۆی له جرابلۆسدا ناگات.
Your Comment