بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر؛خۆپیشاندان و ناڕهزایی هاوڵاتیان له پێنجوێن بهردهوامه و ئەندامێكی دهستهی بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانیش رایدهگهیهنێت، لە ئێستادا بڕی کارەباکەیان کەمکراوەتەوە و هیچ مۆلیدەیەکیش لە پێنجوێن نیە و هاوڵاتیان تەنها پشت بە کارەبای حکومی دەبەستن بەمەبەستی گەرمکردنەوە.
دهشڵێت: "ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی لە مەرزی باشماخەوە نادەین تاوهكو گرفتەکەمان چارەسەر نەکرێت".
ماوەی سێ ڕۆژە بەشێک لە دانیشتوانی قەزای پێنجوێن خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان ڕێکخستوە، ئهوهش لەبەرامبەر کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی قەزاکەیان، خۆپیشاندەران ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان داخستوە.
كارەبای نشتیمانی قەزای پێنجوێن لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2014 بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئێرانەوە دابیندەکرا، بەڵام دواتر بەهۆکاری کێشەی دارایی، حکومەتی هەرێم نەیتوانی قەرزەکانی بداتەوە بە ئێران و بڕیاریدا کە خۆی کارەبای قەزاکە دابین بکات، بەوهۆیەوە کارەبای قەزاکە لە ئێستادا کەمکراوەتەوە بۆ 20 کاتژمێر.
هۆکارێکی تری ناڕەزایی هاوڵاتیانی قەزاکە لەسەر بڕی نەوتە، ئەمساڵ وەکو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان تەنها یەک بەرمیل نەوت بۆ هاوڵاتیانی پێنجوێن دابین کراوە، بەڵام دانیشتوانی قەزاکە دەڵێن بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و زستانی سەختە، دەبێت بڕێکی زیاتر نەوتیان بۆ دابینبکرێت.
سەبارەت بە کاریگەری خۆپیشاندانەکە لەسەر جوڵەی بازرگانی لە ناوچەکە، مەریوان کەریم، لێپسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماح، ڕاگەیاند: "لەناو مەرزەکە، ئیش وکارەکان ڕانەوەستاوە، بەڵام ئەو بارهەڵگرانەی کە مەواد لەئێرانەوە بۆ پارێزگای سلێمانی دەگوازنەوە، ڕێگەیان لێگیراوە و تەنها دەتوانن بچنە ناو پێنجوێنەوە".
Your Comment