بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە بۆردومانی کیمیایی سەردەشت ساڵی ۶۶ی هەتاوی، ١٣٠ کەس لە ١٢ هەزار دانیشتووی ئەو شارە گیانیان لە دەست دا (١٠٩ کەس لە یەکەم رۆژی کارەساتدا) و نزیکەی ١٠ هەزار کەس کەوتنە بەر شاڵاوی کیمیایی.
ئەگەرچی پاش زیاتر لە سێ دەیە لەو ڕووداوە بە هۆی کاریگەرییەکانی گازی کیمیایی خەردەل هێشتا دانیشتووانی ئەو شارە گیرۆدەی پاشهاتە نەگریسەکانی کیمیابارانن.
بلۆقی هەوکردووە، قۆخەی ویشک و برینی کۆنی سارێژنەبوو کە نزیکەی چوار دەیەیە هەرچی رۆژ دەم دەکاتەوە هەتا بێ بەشی و چارەرەشیی ئەو خەڵکە سنوورنشینە هاوار بکات؛ برینگەلێک کە بە هۆی کەمتەرخەمیی پێڕاگەیشتنی بەرپرسان زیاتر تەشەنەی سەندووە و بۆتە ژانێکی دووقاتە و ئەوکی دانیشتووانی یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی جیهانی گرتووە.
کارناسان دەڵێن پاشهاتەکانی ئەو جەنایەتە رەنگە ١٠٠ تا ١٨٠ ساڵ بەردەوام بێ و سێ بەرە تێوەگلێنێت. هەر بۆیە سەیر نییە کاتێک دەبیستی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە کە نابێ لە دانیشتووانی ئەو شارە خوێنی یارمەتی بۆ بانکی خوێن وەربگیرێت.
ڕێژە و ئاماری هەزار و ٦٠٠ کەسی گیانبازانی تۆمارکراوی کیمیایی بە بەراوەردە لە گەڵ ڕێژەی ٨ هەزار بەرکەوتووی داواکاری ئاوردانەوە لە پەنای نەبوونی ئیمکاناتی دەرمانی و کەمتەرخەمی مێژوویی بەرپرسان و تەنانەت ناوەندگەلی نێودەوڵەتی نیشاندەری قووڵایی ئەو کارەساتە مرۆڤییە لە ماوەی ئەو 35 ساڵەیە.
هێشتاش ئامارێکی ڕاست و دروست لە ژمارەی بەرکەوتووانی کیمیایی بە دەستەوە نییە. هێشتاش ٨ هەزار کەس هاواری بەرکەوتوویی دەکەن و نەیانتوانیوە ئەم داواکارییەیان بسەلمێنن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئەو پزیشکانەی سەردانی سەردەشتیان کردووە و پشکنینیان بۆ بەرکەوتووان کردووە ، ژمارەی بەرکەوتووان و بریندارانی کیمیایی سەردەشت زیاتر لە ٨ هەزار کەسە، ڕێژەیەک کە کاتی خۆی بەرپرسانی فەرمی ئێرانیش پشتراستیان کردۆتەوە. تەنانەت کۆلۆنێل عەلەو پانین لە کارناسانی چەک و چۆڵی کیمیایی کە کاتی خۆی بە نوێنەرایەتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سەردەشتی کردووە، بە ڕاشکاوی دان بە بەرکەوتوونی ڕاستەوخۆی ٨ هەزار و ٦٠٠ کەس لە شاڵاوی کیمیایی سەردەشت دەکات.
Your Comment