بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، راگەیەنراوێکى بارەگای بارزانى، ئەمرۆ یەكشەممە لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارك برایسن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە دێڤید هانت كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا.
هەر لەو دیدارەدا باس لە بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق کراوەو بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە.
پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی هەرێم و مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆکى پارتى پابەندبوونی خۆی بەرانبەر پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوە بوو و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق پابەندبوونی وڵاتەكەی بە ئەنجامەكانی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بریتانیا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا دووپاتكردەوە.
Your Comment