ئاژانسی هەواڵی مێهر_بەشی نێودەوڵەتی، لەتیف فاتیح فه‌ره‌ج:پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وتی كوردستان، ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان لێی بڕوانی ئه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌و كه‌م وێنه‌بوو، به‌ڵام هه‌مان پرۆسه له‌كاتێكا بۆ مامه‌ڵه‌و فرۆش‌و هه‌ڕاجكردن ده‌خرێته یاریه‌كی ترسناكهوهو له‌بری كورد خاوه‌نی نه‌وته‌كه‌ش، تورك خاوهنیو خه‌ڵك خاوه‌نی بۆ پهیدادهبێتو كورد له‌زه‌ره‌ر زیاتر هیچی تری بۆ نامێنێته‌وه، ئه‌و ده‌م یاری به‌چاره‌نووسی خۆمان‌و نه‌وه‌كانی ئایندهشمانهوه ده‌كه‌ن، ته‌نها له‌به‌ر پڕبوونی گیرفانی هه‌ندێ چه‌ته‌و مافیای حزبی‌و ده‌ڵاڵی نه‌وت، له‌ڕۆژی یه‌كه‌میه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه له‌بری دۆستمان بۆ په‌یدابكات دوژمنی لێهانداین، له‌گه‌ڵ به‌غدا كه‌وتینه شه‌ڕێكی نابهرانبهرو بێماناوه، سه‌ره‌تای تێكچوونی په‌یوه‌ندی نێوان به‌غداو هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و چركه‌ساته‌ی كورد پشتی كرده به‌غدا، بێئه‌وه‌ی شه‌ڕی قانونی مافه‌كانی بكات له‌به‌غدا، له‌كاتێكا سه‌رۆكی كۆمار‌و جێگری سه‌رۆكی پارله‌مان‌و وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و موچه‌خۆی زۆری هه‌بوو له‌به‌غدا.
له‌بری شه‌ڕكردن بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كان، له‌بری شه‌ڕی گێڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان، له‌بری شه‌ڕی ده‌ركردنی یاسای نهوتو غاز‌و هه‌زاران شه‌ڕی تر، له‌گه‌رمه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی داعشا، په‌لاماری سوپای عێراقی دراو تاڵانكرا، كه‌چی به‌هه‌زاران پێشمه‌رگه له‌و سهروبهندهداو دواتر له‌ده‌ست چه‌ند سه‌ت داعشێكی پێپه‌تی شه‌نگالیان بهجینۆسایدكردندا، نه‌وتمان هه‌ڕاجكرد، بێمنه‌ت بووین له‌به‌غدا وتمان ئیتر ماده‌ی 140 جێبه‌جێكراو پێویستی به‌به‌غدا نه‌ما، خهیاڵو كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ڕیفراندۆم كه‌وته سه‌رمان.
ڕیفراندۆم وه‌ك چه‌كی بێ فیشه‌ك:
هه‌ڵبژاردنی كاتی ڕیفراندۆم، پێداگریكردن له‌سه‌ر پیاده‌كردنی، بێمنه‌تبوون له‌دنیاو هه‌وڵی ته‌خوینی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تێبینی‌و سه‌رنجیان هه‌یه، خۆكوژی‌و جۆرێك لهگهوجیی سیاسی بوو، ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم وه‌ك په‌رچه‌كرداری سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی عێراقی بێت ده‌رهه‌ق به‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا له‌و په‌رچه كرداره‌دا شكستی دوه‌ممان خوارد، دوای هه‌ڵه‌ی بهقاچاغفرۆشتنی نهوتو تائێستاش باجی هه‌ردوو هه‌ڵه‌كه دهدهینو ئه‌وانه‌ی گوایه پاڵپشتی ئه‌و ههنگاوانهشمان بوون تائێستا یه‌ك قڕان هاوكاری گه‌لی كوردستانیان نه‌كردوه، ڕیفراندۆم بوو به‌هۆی لهدهستدانو جێهێشتنی نیوه‌ی خاكی كوردستان‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لیوا هاوبه‌شه‌كان‌و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، له‌ڕاستیدا ڕیفراندۆم هیچ ده‌سكه‌وتێكی بۆ كوردستان‌و گه‌لی كوردستان لێنه‌كه‌وته‌وه، مه‌گه‌ر ده‌سكه‌وتی تاكه كه‌سی بۆ سینگدهرپهڕاندنی هه‌ندێ كه‌س، كه‌ئه‌ویش هه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ك بوو، ڕیفراندۆم كه‌سێتی كوردی زیاتر شكاند له‌بری ئه‌وه‌ی بیكاته كه‌سێتیه‌كی به‌هێزو خۆخاوه‌ن، دوای ڕیفراندۆم عه‌ڕابه‌كانی ڕیفراندۆم په‌یتا په‌یتا چوونه‌وه به‌رده‌رگای به‌غداو به‌غداش به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر كهرتكردنو وێرانكردنیان ده‌كات.
له‌ئاكامی ڕیفراندۆم‌و لێكه‌وته‌كانی، ناوماڵی كوردی زیاتر په‌رته‌وازه بوو، ململانێی حزبی زیاتر په‌ره‌یسه‌ند، ده‌رگای حزبگۆڕكێو كڕینی خه‌ڵك زیاتر وازكرا، ڕیفراندۆم متمانه‌ی نێوان كورد‌و دۆسته‌كانی كوردی لهقكردو به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی هاوسۆزبوون له‌گه‌ڵ كێشه ڕه‌واكه‌ی گه‌لی كورد، لهپشتگیرییو هاوسۆزی ساردبوونه‌وه، بیریشمان نه‌چێت، ڕیفراندۆم یه‌كێكبوو له‌و هۆیانه‌ی سه‌دان خێزان له‌كه‌ركوك‌و ناوچه دابڕێنراوه‌كان ههڵبكهنرێنو زۆرێكیش ڕێگه‌ی ده‌ریای ئیجه‌و هه‌نده‌ران بگرنه‌به‌ر، لێشاوی ڕۆیشتنی 2015 یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی به‌س سه‌رهه‌ڵدانی داعش نه‌بوو، لێكه‌وته‌كانی ڕیفراندۆمیش بوو.
كورد‌و پۆسته‌كانی به‌غدا:
پشتكردنه به‌غدا به‌و مانایه نه‌هات كه پارتی دیموكراتی كوردستان واز له‌پۆسته‌كانی به‌غدای بهێنێت، به‌درێژای ئه‌و پشتتێكردنه پارتی به‌رده‌وام شه‌ڕی پۆستی بوو له‌به‌غدا، هه‌ڵپه‌ی وه‌رگرتنی هه‌ر پۆستێكی ده‌كرد، دوای ڕۆیشتنی دكتۆر فوئاد مه‌عسومیش پارتی شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كرد، له‌كاتێكدا زۆرجار خۆیان ده‌ڵێن ئه‌و پۆسته شتێك نییه‌و ته‌شریفاتیه كه بۆشیان وه‌رنه‌گیرا سه‌رسه‌ختانه كه‌وتنه دژایه‌تیكردنی د.به‌رهه‌م ساڵح‌و بۆ ئه‌مه نوسه‌رو قه‌ڵه‌م بهدهستو پهرلهمانتێرو خه‌ڵكی كورد‌و عه‌ره‌بیان خسته‌گه‌ڕ، من دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌بری د.به‌رهه‌م، فوئاد حوسێن ببوایه‌ته سه‌رۆك كۆمار پارتی ئه‌وه‌یان وه‌ك ده‌سكه‌وتی ڕیفراندۆمه‌كه ده‌برد به‌حه‌وادا، به‌ڵام كهنهبوو له‌سه‌ره‌وه تا خواره‌وه كه‌وتنه دژایه‌تی د.بهرههمو ئه‌مه‌شیان به‌جۆرێك پیاده‌كرد، تا بتوانن ڕای گشتیی له‌هه‌رێمی كورستانی له‌سه‌ر دروستبكه‌ن، گه‌رچی له‌وه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتن.
دژایه‌تی سه‌رۆك كۆمار‌و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی ده‌بڵ مۆراڵی زیاترنییه، ده‌بوو هه‌رێمی كوردستان له‌بری ئه‌و دژایه‌تیكردنه باشترین په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار هه‌بوایه، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م لای شیعه‌و سونه ئه‌وه ده‌ربكه‌وتایه كه سه‌رۆك كۆمار پۆستێكه نوێنه‌رایه‌تی كورددهكات له‌به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا، دوه‌م تا پێكه‌وه به‌سه‌ر كێشه‌و ئاریشه‌كاندا زاڵبوایهن، كێشه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نییه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كوردێكیش داكۆكیهك یان نوسینێكی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار هه‌بووبێت تا ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌شی تیابووبێت، به‌س ناوی به‌رهه‌م ساڵحی هێنابێت، ئیتر ئه‌وه به‌س بووه بۆ په‌لاماردانی ئه‌ویش.
ئه‌م سیاسه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان بهگشتیو پارتی به‌تایبه‌تی، دۆخێكی زۆر خراپ‌و نه‌شیاوی بۆ هه‌رێمی كوردستان دروستكردوه‌و جگه له‌زه‌مینه‌ی كهیفو سه‌فا بۆ هه‌ندێك كهسو نوخبه‌یه‌كی سه‌ره‌وه مهینهتیو ماڵوێرانی گه‌وره‌ی بۆ گشت خه‌ڵك دروستكردووه، دۆخێكیشی ڕه‌خساندووه، كه شاره‌كان‌و ناوچه‌كان‌و هاووڵاتیه‌كان ڕقیان لهیهكترو له‌ده‌سه‌ڵاتیش بێت.
ژێدەر؛ شارپرێس
Your Comment