هەندێ جار عەقڵییەتێک حوکمڕانی لە عێراقدا دەکات کە باوەڕی بە مافەکانی کورد نیە

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: هەندێ جار عەقڵییەتێک حوکمڕانی لە عێراقدا دەکات، کە باوەڕی بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورد نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامییان کرد و پاش کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان گوتەبێژی هەردوولا لە پرێس کۆنفرانسێکدا تیشکیان خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە.

عه‌بدوڵڵا وەرتی گوتەبێژی بزووتەوەنی ئیسلامی بۆ مێدیاکان، رایگەیاند، کە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کردوون، لە کۆبوونەوەی نێوانیشیاندا، باس لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کراوە، هاوکات بە پێویستی دەزانن ئەو هێزانەشی دەچنە بەغدا ئاوڕ لە خەڵکی هەرێم بدەنەوە.

دواتر، مەحموود محەمەد ئەندامی شاند و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، لە درێژەی ئەو سەردانانەی کە بڕیاریان لێداوە بۆ هەموو لایەنەکانی کوردستان ئەنجامی بدەن، چ ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، یا نا، یانیش کورسییان بەدەستهێناوە، یا نا، سەردانەکانیان بەردەوام دەبێت، هاوکات سەردانیکردنی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ئەو مەبەستەیە.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختیشی لەوەکردەوە، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتەوەی ئیسلامی نوێ نییە و بۆ پێش راپەڕین دەگەڕێتەوە، کاتێ بڕیاریاندا هاوشانی لایەنەکانی دیکەی کوردستان چەک هەڵبگرن و دژی رژێمی بەعس بجەنگن و رووبەڕووی ئەو ستەم و زوڵمە ببنەوە، هاوکات لە کۆمەڵێک وێستگەشدا هاوڕا و هاوسەنگەر بوون.

مەحموود محەمەد ئەوەیشی دووپاتکردەوە، کە سەردانەکانیان، ئەو لایەنانەیشی لە بەغدا کورسییان بەدەست نەهێناوە، بەڵام لە نێو هەرێمی کوردستان و کایەی سیاسییدا بەشدارن و حیزبن و لەنێو دڵی کوردستاندان و ئەندام و لایەنگرانیان هەیە و، دەتوانن ببنە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ئەو کەسانەی دەچنە ئەنجوومەنی نوێنەران، تا بتوانن لە پرۆسەی سیاسی و ئەنجوومەنەکە ببنە دەنگێکی بەهێزتر و نە‌هێڵن درزێک درووست بێت، وەک پێشووتر ئەو درزە درووست ببوو و، کۆمەڵێ زیانی بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و بژێوی ژیانی خەڵکی گەیاند.

ئەوەشی خستەڕوو، سەردانەکەیان دۆستانەیە و بۆ دووبارە نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانیانە لە پێناو یەکڕیزی و یەکدەنگی، کە پێویستییەکی حەتمییە بۆ ئەم قۆناغە و حیزبەکانی کوردستان، بەو پێیەی تەحەدیات هەیە و بەرگەی ئەو تەحەدییانە بگرین، هاوکات بارودۆخی عێراق بەشێوەیەکە، دەبێ هەموو لایەنێکی سیاسی بەشێک لە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، چونکە هەندێ جار عەقڵییەتێک حوکمڕانی لە عێراقدا دەکات، کە باوەڕی بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورد نییە، بۆیە بە پێویستیشی زانی پێکەوە بەرەنگاری ئەو جۆرە عەقڵییەتە ببنەوە، هەربۆیەشە پێویستیان بە یەکڕیزی نێوماڵی کورد هەیە.

News Code 39656

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =