ده‌ستپێكردنی دووه‌مین پێشانگای ناساندنی زانكۆ یه‌كه‌مه‌كانی ئێران له‌ سلێمانی

دووه‌مین پێشانگای ناساندنی زانكۆ یه‌كه‌مه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی دەستی بە کار کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌مه‌ به‌رواری 23 ی ئابی 2021ی زایینی، دووه‌مین پێشانگای ناساندنی زانكۆ یه‌كه‌مه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی مه‌هدی شوشته‌ری سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی، دكتر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، د.ڕه‌زا نوێنه‌ری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و سه‌رۆكان و نوێنه‌رانی زانكۆكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و راپه‌ڕین و هه‌روه‌ها سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.
له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پێشانگاكه‌دا كه‌ راگه‌یاندنه‌كان ئاماده‌یی چڕ و پڕیان هه‌بوو، سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ وته‌یه‌كدا بۆ ئاماده‌بووان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هاوتا له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی، ئابووری و رۆشنبیریه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و زانكۆییه‌كانیشدان. به‌ڕێزیان رایگه‌یاند كه‌ به‌رێوه‌چوونی وه‌ها پێشانگا و ئیڤێنتێكی زانستی و زانكۆیی بۆ ناسینی توانا باڵا زانكۆییه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن خه‌ڵك و ناوه‌نده‌ زانكۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زۆر به‌سود و گونجاوه‌ و ئاماده‌یی ته‌واومان هه‌یه‌ چه‌ندین یادداشتی لێكگه‌یشتن له‌ بواری په‌ره‌پێدانی هاوكارییه‌ زانستی و زانكۆییه‌كانی نێوان زانكۆكانی ئێران و زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان واژۆ بكه‌ین و لێكگه‌یشتنه‌كانی پێشووش جێبه‌جێ بكه‌ین.
شوشته‌ری به‌ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ سه‌ركونسوڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، ساڵانه‌ 800 ویزای خوێندنی به‌ خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان داوه‌، گووتی: بڕوامان وایه‌ توانا زانستیه‌كانی زانكۆكانی ئێران زۆر له‌مه‌ی كه‌ ئێستا پیشان ده‌درێت زیاتره‌ و هیوادارین له‌ ساڵانی ئایینده‌دا ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ زانكۆكانی ئێران دا بۆ چه‌ندین هه‌زار خوێندكار به‌رز ببێته‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ پارێزگاری سلێمانی له‌ وته‌یه‌كدا جه‌ختی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌ زانستیه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و گووتی: ئێمه‌ پشتیوانی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جۆره‌ ئیڤێنتانه‌ ده‌كه‌ین. به‌ڕێزیان سوپاسی تایبه‌تی سه‌ركونسوڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد له‌ سلێمانی و گووتی: له‌ ماوه‌ی كۆرۆنادا به‌ هاوكاری هه‌ردوولا نه‌مانهێڵا ئاڵوگۆڕی ئابووری و هاتوچۆی بازرگانه‌كان و خوێندكاران و ته‌نانه‌ت نه‌خۆشه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوولا بوه‌ستێت.
هه‌ر له‌م مه‌راسیمه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی به‌ نوێنه‌رایه‌تی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ سێ سودی خوێندن له‌ ئێران كرد بۆ خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان و گوتی: خاڵی هاوبه‌شی فراوانی ڕۆشنبیری و ئاسان فێربوونی زمانی فارسی و پله‌به‌ندی به‌رزی زانكۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێران سێ خاڵی گرنگی خوێندنن له‌ ئێران دا.
دووه‌مین پێشانگای ناساندنی زانكۆ یه‌كه‌مه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی 10 زانكۆی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ بواره‌كانی پزیشكی و ناپزیشكی و له‌ دوو به‌شی زانكۆی حكومی و زانكۆی ئازادی ئیسلامی به‌ ئامانجی وه‌رگرتنی رسته‌وخۆی خوێنكاری نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ 23 تاكو 25ی ئابی 2021 له‌ ئوتێل هایكرێستی سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

News Code 38800

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 11 =