چیرۆکی مێژوویی بە وێنەکێشراوی تاقەوسان لە ناو دڵی کرماشان

شوێنی مێژوویی تاقەوسان لە داوێنی کێوێک بە هەر ئەو ناوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پەراوێزی ئێستای شاری کرماشان هەڵکەوتووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر؛ تاقەوسان لە ڕابردوودا ناوی گوندێک لە نۆ کیلۆمتری شاری کرماشان بوو. بە تێپەڕینی کات و گەورە بوونەوەی شاری کرماشان، ئەو گوندەش بووە بەشێک لە شارەکە کە ئێستا کەوتووەتە باکووری ڕۆژهەڵاتی کرماشانەوە. ئاسەواری مێژوویی کرماشان لە داوێنی کێوەکە و لە پاڵ دەریاچەیەکدایە کە بە دەریاچەی تاقەوسان دەناسرێت. لە رابردوودا ئەو شوێنە لەبەر کەشوهەوای لەبار و سروشتییەوە، شوێنێک بۆ سەیران و ڕاوی شاکانی ساسانی بووە و نەخشە هەڵکۆڵدراوەکانیش هەر باش لە ئەو بابەتە دەکەن.

لە درێژایی مێژوو، پادشاکان تێدەکۆشین تا بە بەکارهێنانی هونەر، شکۆ و گەورەییان نەک هەر بۆ خەڵکی خۆیان، بەڵکوو بۆ هەموو مێژووی مرۆڤایەتی بهێڵنەوە و نیشانی بدەن. یەکێک لە ڕێگاکانی نیشان دانی دەسەڵات و گەوەریی پادشاکان، هەڵکۆڵینی شێوەی خۆیان لەسەر تاشەبەردەکان، کێوەکان و دروست کردنی نەخش بەرجستەی ڕووداوە گرینگەکان بووە. ئەوان داوایان لە هونەرمەندەکان دەکرد ڕووداوگەلێک وەکوو تاج دانەری، سەرکەوتن بە سەر دوژمنان لە سەر بەرزایی کێوەکان و لەسەر تاشەبەردەکان بکێشن تا هەموو مرۆڤەکان لە هەموو سەردەمەکان گەورەیی ئەوان ببینن.

مێژوونووسەکان ناوی جیاوازیان لەسەر ئەو شوێنە مێژووییە داناوە ، لەوانە یاقەتی حەموودی وتوویە قەسری شیرین، حەمدوڵڵا مستەوفی ناوی تاقی بەستامی لەسەر ناوە، بەڵام خەڵکی خۆجەیی کرماشان خۆیان بە تاقوەسان ناوی لێدەبەن واتا "میچێک لە بەرد" .

تاقەوسان بریتییە لە دوو تاقی لێک لکاو و لە بەردی خاوی ڕەنگی خۆڵەمێشیە کە لە کێوەکە هەڵکۆڵدراوە. لە ڕاستیدا تایبەتمەندی بەرچاوی ئەو بەردگەلە ئەوەیە کە گژوگیا تێیدا شین نابێت. ئەو کۆمەڵە لە سێ بەشی سەرەکی و گرینگ پێک هاتووە.

ئەو سێ بەشە بریتین لە:

1.بەردی تاجدانەری ئەردەشێری دووهەم کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 380- 383 ی زایینی

2. تاقی گەورە ناسراو بە هێوانی گەورە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەم پادشایەتی خەسرەو پەرویز و ساڵەکانی 628- 590 ی زایینی.

3. تاقی بچووک ناسراو بە هێوانی بچووک کە وێنەی بەرجستەی شاپووری سێهەم لە ساڵەکانی 383- 380 ی زایینی لەسەرە.

هەموو نەخش و وێنەکانی سەر بەردەکانی تاقەوسان بە وردی و جوانییەکی هونەرمەندانە کێشراون بە جۆرێک کە دەڵێی وێنەکە گیراوە و بە دەست نەکێشراوە.

 تاقی گەورەی تاقەوسان

تاقی گەورە وێنەی داتاشراو جوانی لەسەرە کە لە چەند بەش پێکهاتووە. ئەو وێنە داتاشراوانە پاناییەکەیان 7.5 مەتر، بەرزاییەکەی زیاتر لە 11 مەتر و قووڵاییەکەی نزیک بە 7.5 مەتر دەبێت. لە بەشی چوونە ژوورەوەی تاقەکە، بەردە داتاشراوی جوان بە وێنەی فریشتەی باڵدار، داری ژیان، ڕاوی پەلەوەر و خوو، ڕاوی ماسی، سەر ئاژەڵگەلێک وکوو فیل و ئەسپ کێشراوە.

هەر لە تاقی گەورە و لە لایەک لە وێنە داتاشراوەکە وێنەی شا دەردەکەوێت کە سوار لەسەر ئەسپێک خەریکی ڕاوی کەڵەکێویە و بە وردەکارییەکی تایبەت و جوان کێشراوە. هەروەها سێ ڕزن ژن بەچاو دەبینرێت کە دوو ڕزنیان بە حالەتی ڕێزدانان وەستاون و ڕزنی سێهەمیش ژنەکان لە حاڵەتی ژەنینی مۆسیقا نیشان دەدات. لەلای چەپی ئەو وێنەیە چوار حوشترسوار کیشراوە کە کەڵەکێویە ڕاوکراوەکان دەگوازنەوە.

تاقی بچووکی تاقەوسان

لە تاقی بچووکی تاقەوساندا دوو بەردەنووسراو بە خەتی پاڵەوی بەجێماوە.

تاقی بچووک بە شێوەی لاکێش بە بەرزایی نزیک بە 3.5 مەتر، پانایی 9.5 مەتر و قووڵایی 8.3 مەترە.

لە تاقی بچووک جوانکاری کەمتر لەچاو تاقی گەورە دەبینرێت لە حاڵێکدا کە کۆنینەناسەکان، گرینگایەتی تاقی بچووک زیاتر دەزانن و بەنرختر دەیخەمڵێنن. چونکوو ئەو بەشە لە ئەو کۆمەڵە مێژووییە، دوو بەردەنووسراو بە خەتی پاڵەویی تێدایە. لە کۆتایی تاقەکەشدا وێنەی بەرجەستەی دوو کەس کە دەوترێت دوو پادشای سەردەمی ساسانی واتا شاپووری دووهەم و شاپووری سێهەمە، دەبینرێت و ئەو بەردەنووسراوانەش چیرۆکی ئەو وێنەگەلە دەڵێنەوە.

خەسارەکان لە سەر تاقەوسان

بە پێی ئەوەی کە باس کراوە، وادیارە کە فەرشێک لە گەوهەر و زێڕ لە بنی تاقەوسان ڕاکێشرابووە کە بەداخەوە لە کاتی هێرشی عەرەبەکان بۆ ئیران، لە نێوان فەرماندە عەرەبەکان وەکوو غەنیمەتی شەڕ دابەش کراوە. چەندین جار لە مێژوودا هێرش کراوەتە سەر ئەو کۆمەڵە مێژووییە و هەر بەو بۆنەوە خەساری زۆریشی بەرکەوتووە. بەتایبەتی لە کاتی ئامادەبوونی هێزەکانی ئێستالین و بریتانییەکان، خەساری جیدی بەر تاقەوسان کەوتووە کە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە و جێی داخە.

مۆزەخانەی بەردەکانی تاقەوسان

دوای گەران لە کۆمەڵەی مێژوویی پڕبایەخی تاقەوسان دەتوانن سەردانی مۆزەخانەی بەردەکانی ئەو کۆمەڵە کە لە باکووری شەقامی تاقەوسان دانراوە، بکەن. لە ئەو شوێنە سەرئاوەڵایە ئاسەواری بەردی لە سەردەمی ساسانی و ئیسلامی وەکوو سەرستوونەکانی ساسانی بە وێنەگەلێک وەکوو ئاناهیتا، ئەهوورا مەزدا و داری ژیان، نیوەی لەشی پەیکەرەی خەسرەوپەرویز، پاشماوەگەلیک لە کۆشکی قاجاڕی قەسر شیرین نمایش دراوە.

News Code 35565

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 9 =