بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, دوکتۆر بەهرام نەسروڵاهی زادە , سەرۆکی ڕێکخراوەی پلانڕێژیی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە سنە, پشکی بودجەی پارێزگای کوردستان لە هەموو بەشەکانی گەڵاڵەی بودجەی ساڵی داهاتووی ئێرانی شیکردەوە.
دوکتۆر نەسروڵاهی زادە ڕایگەیاند: لە چاو دیکەی پارێزگاکانی هەموو وڵات , پارێزگای کوردستان ئەمساڵ بودجەی زیاتری پێدراوە بۆ گەشە کردن و سێهەم پارێزگای ئیرانە کە لە ئاستێکی باڵادا گرینگی پێیدراوە بۆ گەشەی هەمە لایەنە.
نەسروڵاهی زادە زیادی کرد: لە گوژمە و پشکی بودجەی ئاوەدان کردنەوەی وڵات بۆ هەموو پارێزگاکان, کوردستان لە پلەی یازدەهەم وەستاوە و 3.58 لەسەدی بودجەی ئاوەدان کردنەوەی وڵات تەرخان کراوە بۆ ئاوەدانیی کوردستان.
ڕاشیگەیاند: بودجەی کوردستان بۆ ساڵی 1400 لە چاو ئەمساڵ واتا 1399 ی هەتاوی 42 لە سەد زیادی کردووە و دەوڵەت بودجەی زیاتر ی بۆ گەشەی کوردستان لە بەرچاو گرتووە.
ئەوەشی وت کە بودجەی ئاوەدان کردنەوەی وڵات لە گەڵاڵەی بودجە گەشەی 18 لەسەدی بووە و بودجەی ئاوەدانیی پارێزگای کوردستانیش گەشەی 76 لەسەدەی بووە و گەیشتووەتە یەک هەزار و 628 ملیارد تمەن.
دوکتۆر نەسروڵاهی زادە لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە بە گشتی پشکی بودجەی پارێزگای کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لە بودجەی وڵات 2 هەزار و 571 ملیارد تمەنە کە دەگاتە 42.2 لەسەد زیاتر لە ئەمساڵ.
بۆچوونی ئێوە