بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە: لە تاقیکردنەوەکەیان وا دەردەکەوێت، جگە لە نەخۆشیی کۆرۆنا، ڤایرۆسی سارسیش بڵاوبووبێتەوە.
ئەو دەزگا ڕایگەیاندووە : لە هەوڵدایە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی پشکنینی زیاتر ئەنجامبدەن و پشتڕاستی بکەنەوە، ئاخۆ ڤایرۆسی سارس بڵاوبووەتەوە یاخود نا.
رووداو پەیوەندیی بە د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی کرد و بێئاگایی خۆی لە راگەیێندراوەکە راگەیاند و گوتی، ئەوان سەر بە دوو وەزارەتی جیاوازن، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە کە پشتی بە پشکنینەکانی تاقیگەی ئاسا بەستووە، ئاماژە بەوە کراوە:"لە پشكنینە نوێیەكاندا بۆ گومانلێكراوان بە پەتای كۆرۆنا بۆمان دەركەوتووە كە لە ئێستادا جگە لە ڤایرۆسی كۆرۆنــــــا، ڤایرۆسی سارس كە بە Severe Acute Respiratory Syndrome (SARS) ناسراوە لەناو هاووڵاتییاندا بڵاوبووەتەوە".
هەر دوای ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی تەندروستی راگەیێندراوێکی لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس لە سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت: تەنیا ئەوان دەتوانن راگەیێندراو لەبارەی هەبوون یاخود نەبوونی ڤایرۆسێکەوە بڵاوبکەنەوە و "تاوەکو ئێستاش هیچ بەڵگەیەکی پەسندکراو نییە" بۆ بوونی ڤایرۆسی سارس لە هەرێمی کوردستان.
نەخۆشیی سارس، نەخۆشییەکی گوازراوەیە و سەر بە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، پێشتر لە ساڵی 2003 بڵاوبووەتەوە و بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسەکە لەڕێگەی هەوا و کەلوپەلەوە دەگوازرێتەوە و ماوەی مانەوەی لەنێوان 7 بۆ 10 رۆژە، زیاتر کەسانی 25 بۆ 75 ساڵ تووشدەبن.
یەکەمین کەیسی ڤایرۆسی سارس لە پارێزگای گوانگدۆنگ لە نۆڤەمبەری 2002 لە چین بووە.
زۆربەی تووشبووانی ڤایرۆسی سارس کەسانی پێگەیشتووی تەندروستن کە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 75 ساڵدایە، ژمارەیەکی کەمیش لە تووشبووانی منداڵان و کەسانی خوار 15 ساڵن. رێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە نزیکەی 3%ـە.
تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێک بۆ بەرگرتن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی سارس نەدۆزراوەتەوە.
بۆچوونی ئێوە