کاتی ئەوە هاتووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان شکستی خۆی ڕابگەیێنێت

ھاورێ مەلا ستار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکێتی، دەڵێت: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی لای هاووڵاتیان نەماوە و کاتی ئەوەیە شکستی حکوومەتەکەی ڕابگەیێنت.

هاوڕێ مەلا ستار،نوێنەری پەرلەمانی کوردستان لە دیمانە لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر سەبارەت بە کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان لەوانە قەیرانی دارایی، دابەش نەکردنی مووچە و گفتوگۆی دواکەوتەی هەولێر و بەغدا و بێدەنگی سەرۆکی حکوومەت لەم کاتە هەستیارەدا، قسەی کرد.

هاوڕێ مەلا ستار بە ئاماژە بەوەی کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی زۆر قەیراناویدا تێدەپەڕێت، وتی: مووچەخۆران، فەرمانبەران، خانەنشین کراوان، ئەوانەی پشتیان بە داهاتێک بەستووە کە لە لایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت و بە گشتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش گرفت و کێشەی گەورەیان بۆ دروست بووە.

وتیشی: بە داخەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیووە سەرەتایی ترین مافی فەرمانبەران کە دابین کردنی مووچەیە بدات. حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 7 مانگ تێپەڕیوە لە ساڵ،  تەنیا یەک مووچەی داوە و خەڵک ئێستا تووڕەن لەم دەسەڵاتە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دروست بوونی بێ متمانەیی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵک .  هاووڵاتیان هیچ متمانەیەکیان بە حکوومەت نەماوە و ئەمە کاریگەریی بووە لە سەر نەخۆشی کۆرۆناش کە ڤایرۆسێکی جیهانییە. حکوومەت داوا دەکات پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە کەچی هاووڵاتیان متمانە بە حکوومەت ناکەن.

هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەوەندە حکوومەت ناڕاستی لە گەڵ هاووڵاتیانی خۆی کردووە ئێستا ئەم نەخۆشیە جیهانی گرتووەتە خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕوای بە بوونی نییە. سەرەتا خەڵک دەیانوت حکوومەت بۆ چاوبەستنمان پروپاگەندە بۆ ئەم نەخۆشیە دەکات.

ئەو نوێنەرە بە ڕوونکردنەوەی دۆخی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێم و قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە، ڕایگەیاند: بە داخوازیی پەرلەمانتاران و گوشاری خەڵک داوا لە حکوومەت کرا یان کەرەنتین هەڵبگیردرێت یان بژێوی ژیانی هاووڵاتیان دابین بکات دواتر کەرەنتین بکرێن. خەڵک چەند مانگە مووچەی نییە و دووکان و بازاڕ و دەسگێڕ و دووکاندار هەمووی پەککی کەسابەتی کەوتووە، خەڵک نان و خۆراک و خواردنی دەوێت کێ بە خۆڵ دەژی؟، دەبێ حکوومەت قەرەبوویان بکاتەوە. ئەمە نەکرا و خەڵکیش بەناچاری چووە سەر ئیش و کاری خۆی و کەرەنتین هەڵگیرا بەڵام دەبێ ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

لەبارەی بێدەنگی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا، هاوڕێ مەلا ستار وتی: خەڵک متمانەیان نە بەحکوومەت و نە بە سەرۆکی حکوومەتیش نەماوە و بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە، حکوومەت بە خۆیدا بچێتەوە و هەر هیچ نەبێت شکستی خۆی ڕابگەیێنێت.

زیادیشی کرد: کاتی ڕاگەیاندنی شکستە بە هۆی ئەو هەموو کێشە و گیر و گرفتەی لە سەر ئەم حکوومەتە کەڵەکە بووەتەوە، وەکوو وەستانی ئاوەدانی ڕێگا و بان و جادەکان، وەستاندنی کەرتی کشت و کاڵ، نەبوونی کارەبا، زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و..... ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئەم حکوومەتە کۆتایی هاتووە.

لەبارەی دۆخی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان و کاردانەوەیان بە هەموو کێشە و گرفتە ئەساسی و بێ چارەسەرە هاوڕێ مەلا ستار رایگەیاند: بە بروای من نیگەرانی هاووڵاتیان گەیشتووەتە ترۆپک و لە لووتکەدایە و وەک پەندێکی کوردی دەڵێت، جام کە پڕبوو لێدەڕژێت، بە قەناعەتی من جام پڕ بووە ئیدی نازانین ئەم لێڕژانە کەی بێت و بە چ شێوەیەک بێت. ئێستاش خەڵک داوا دەکەن مووچەکەیان ڕاستەوخۆ بێت لە بەغداوە چونکوو پێیان وایە مووچەکەیان لای حکوومەتی هەرێم پارێزراو نییە و لە دەستێکی نائەمین دایە.

ئەو لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار سۆران عومەر، ڕایگەیاند: ئەو کارەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کارێکی یاساییە و گەڕانەوەی شکۆ و هیبەتی پەرلەمانە و تەنانەت گەڕانەوەی شکۆی ئەو 57 پەرلەمانتارەشە کە بەو دەنگەی دایان بەشێک بوون لە شکاندنی شکۆ و هەیبەتی خۆیان. و ئەم بڕیارە جەرگبڕ بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی پیلانیان شکاندن و بێ دەس کردنی پەرلەمان بوو و ئامانجیان ملهوڕی کردن بوو لە کارەکاندا.

ڕاشیگەیاند کە ئەوە تەنیا بڕیاری تاکەکەسی دکتۆر ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نەبوو و دەنگ و بڕیاری هەموو ئەو کەسانە بوو کە بروایان بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕێگری لە مەلهوڕی کردنی هەندێ لایەنی دیار هەیە.

لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا هاورێ مەلا ستار باسی سەفەری داهاتووی وەفدی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و وتی:  دەوڵەتی ناوەندی عێراق هیچ متمانەیەکی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە چونکوو حکوومەتی هەریم و بە تایبەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕێککەوتنە پێشووەکانیان جێبەجێ نەکردووە و ڕەنگە سەرۆکی حکوومەت هەست بە شەرمەزاری بکات بۆ ڕۆیشتنی بۆ بەغدا چونکوو دەزانێ ئەو متمانە بە ئاسانی ناگەڕێتەوە.

News Code 32881

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 5 =