دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هیچ بڕوایەکی بە دیمۆکراسی نییە

نووسەر و چاودێری سیاسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: خەڵک متمانەی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە و ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت ئەوا هەرێم دۆخێکی خراپتر دەبینێت.

مەسعوود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی و نووسەری ناسراوی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، باسی لە چەند پرسێکی گرینگ و ڕۆژەڤی ئێستای هەرێمی کوردستان کرد.

 مەسعوود حەبدولخالق سەبارەت بە بڕیاری نەوێ وەزارەتی دارایی عێراق کە رایگەیاندووە چی دیکە پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت تاکوو پرسی داهاتی نەوتی هەرێم و ئەو بڕە داهاتەی پشکی بەغدایە چارەسەر نەبێت وتی: وەزارەتی دارایی عێراق ئیستا مانگانە 400 ملیار دینار دەنێرێت، ڕاستیەکە ئەوەیە کە هەڵە و پەڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە کە هەولێر بەم شێوە مەجبووری عێراق بێت، ئەگینا لە هەرێمی کوردستاندا داهاتی نەوت، گاز، داهاتی سیاحی، زراعی و سەناعی ئەوەندە زۆرە کە نەک بەشی هەرێمی کوردستان بەڵکوو بەشی هەموو شەرقولئەوسەت دەکات.

وتیشی: بە داخەوە، شەفافییەت نییە، دارایی هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەرلەماندا نییە و نەزانکاری وای کردووە کە خۆی قەرزداری عێراق بکات و بجێتە ژێر گوشاری عێراقەوە. لە حاڵێکدا کە دەوڵەتی عێراقیش کۆمەڵێک مادە هەیە جێبەجێ نەکردووە وەکوو مادەی 140، پرسی مەجلیسی ئیتیحادی و هەروەها مادە دەستوورییەکانی دیکەش و ئەمە وەزحەکەی خراپتر کردووە، ئێستا پەیوەندی هەولێر و بەغدا هاتووەتە سەر پارە .

ئەوەشی وت کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەباری ئابوورییەوە زۆر زۆر لاوازە و دەسەڵاتی نییە و چارەسەریشی بۆ نییە. بەڵام خەڵکی کوردستان بەگشتی ڕایەکیان سەبارەت بە مەلەفی نەوت هەیە ئەویش ئەویە کە ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان لە نێوان تورکیا و عێڕاقدا بدرێتەوە بە عێراق باشترە چونکوو ئێستا کە دەدرێتە تورکیا قازانجێکی وای نییە بۆ هەرێمی کوردستان و کەمترین داهات دەگەرێتەوە بەڵام لای عێراق مووچە و هەندێ خزمەتگوزاری دیکەشی پێ دەگەڕێندرێتەوە.

هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە لەبارەی ئەو بابەتەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت قەرزارە و ئەو بودجەیەی لە بەغداوە بۆی هاتووە دەبێت بیداتەوە بە قەرز و ئەوەش کە ئەگەر خەڵک مووچە وەرنەگرێت چ دەبێت، زیادی کرد:  هەندێ جار حکومەت ڕاستیش بڵێت لەبەر ئەوەی گەل متمانە و سیقەی بەسەردا نییە، گومانی لا دروست دەبێت. رەنگە قەرزدار بن بەڵام ڕەنگیشە ڕاست نەبێت و قەرزدار نەبن. کە قەرزدارن، قەرزداری کێن؟ ئێستا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی 27 ملیار دۆلار دەکات، هەموو خەڵکی کوردستان و پەرلەمانیش دەپرسێت قەرزداری کێن، وڵامیان نییە!.

وتیشی: تا ئێستا پێنج کەس وەک سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەرێم یەک لە دوای یەک هاتوون . شەفافییەتیان نەبووە. بروانە!دوای ئەوە دوو ساڵەکەی بەرهەم ساڵح تەواو بوو، ڕاپۆرتی خۆی بڵاو کردەوە و بە شەفافیەت ڕایگەیاند کە چی کردووە و چی بووە. بەرهەم ساڵح رایگەیاند کە کاتێ دەسەڵاتی پێدراوە قەرز لە سەر حکوومەت بووە، هەمووی داوەتەوە و یەک ملیاریش پارەی وەک ڕەسید بۆ حکوومەتی دوای خۆی بەجێهێشتووە و قەرزی عەقاری، زراعی، زەواج و .... هەمووم داوە و بە بەڵگە بۆ پەرلەمانی ڕوون کردەوە. حەق وایە ئەمانیش ئیفادە و ڕاپۆرتی کاری خۆیان بە شەفافیەت بڵاو بکەنەوە. نەوتیان فرۆشتووە و ئەو هەموو داهاتەش بووە  ئێستا باس لە 27 ملیار و 40 ملیار قەرز دەکەن. بەڕاستی ئەمە ڕوون نییە بۆ خەڵکی کوردستان و متمانە و سیقەیان بە حکوومەت زۆر زۆر کەم بووە.

مەسعوود عەبدولخالق لەبارەی بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ئەوەی کە بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ناوی دەبەن، ڕایگەیاند: ڕاستیەکە ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەحەمولی ئەو هەموو کێشەیە ناکات. خۆپیشاندان و ڕووخان و تێکدان پەسەن نییە. بەڵام دەسەلات وا لە خەڵک دەکات ناچاریان دەکات ، هیچ ڕێگایەک نەماوە، لە مێژە داوای چاکسازی دەکەن  ئەم خەڵکە، بەڵام هەمووی دروشم بووە و لە ساڵی 2009ەوە تا ئێستا وەعد بەم خەڵکە دەدرێت و دەڵێن حکوومەتی داهاتوو حکوومەتی چاکسازییە بەڵام هیچ نەکراوە.

ڕاشیگەیاند کە ئەوەی سەرکەوتووە و بەختەوەرە لە هەرێمی کوردستان چین و تەبەقەی گەندەڵە، ماباقی لە دۆخێکی خراپدان. ئۆپۆزسیۆن و خەڵکیش هەموو ڕێگایەکیان تاقی کردۆتەوە دوایین ڕێگائەمەیە کە ئیستا دەڵێن ڕووخاندن، بەڵام ئەمە لە بارودۆخی ئێستادا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر نەگونجاوە.

جەختیشی کرد کە خۆپیشاندان و پرسە دیمۆکراسیەکان بۆ دەسەڵاتێک باشە و کاریگەر دەبێت کە باوەڕی بە دیمۆکراسی هەبێت بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە دەسەڵاتی کوردی باوەڕی بە دیمۆکراسی، سەروەری یاسا و پەرلەمان و دەستوور نییە. بە ڕای من ئەم ئامرازانە وەکوو خۆپیشاندان و ...... زۆر سوودبەخش نابێت.

ئەو پێشنیارەشی کرد کە دەبێ دوو کۆتلە لە هەرێمی کوردستان دروست بێت، کۆتلە و بەرەیەک کە نوێنەرایەتی گەندەڵ و بورژوازەکان بکات و بەرەیەکیش هەبێت بۆ نوێنەرایەتی 75 لە سەدی خەڵکی کوردستان کە کرێکارا و هەژار و پێشمەرگە و کاسبکار و هەموو خەڵکی ئاسایی دەگرێتەوە. یان ئەوەی کە حکوومەت هەستێت بە چاکسازی راستەقینەوە و هەروەها کە مەسروور بارزانی باس لە چاکسازی دەکات ئیتر بە قسە نەبێت و کردەیی بکاتەوە.

ڕاشیگەیاند کە گەندەڵکار دیارە لە کوردستان، ئەوانە دەبێ هەموویان ڕادەستی دادگە بکرێن و ماڵ و سامانیان وەربگیردرێتەوە چونکوو ئەوانە موجریمن و دزییان لە وڵات کردووە. نەک وەکوو ئێستا تەنیا ئەوانە دەچنە بەردەم دادگە کە داوای چاکسازی دەکەن! با مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم خۆی لایەنگری خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و دزی بکات، با پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان و چاکسازیی خوازان بکات. کە ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات بێ گومان دۆخی هەرێمی کوردستان زۆر قەیراناوی تر دەبێت و وەزعەکە دەتەقێتەوە.

News Code 32661

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha