بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە هاوارنیووز، خەڵکی کوردستانی سووریا لە ناوچەکانی جەزیرە، قامیشلۆ، مەعبەدە، مالکیە، جلئاغا و ... خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان لە دژی سوپای تورکیا و ملیشیاکانی سوپای ئازادی سووریا بە بۆنەی دووهەمین ساڵوەگەری داگیرکرانی عەفرین بەڕێوە برد.
بە گوێرەی ئەو هەواڵە شەمسەخان گەلوو ئەندامی کۆنگرەی ئێستار لە خۆپیشاندانەکەی قامیشلۆ لە گۆڕەپانی عوسمان سەبری، ڕایگەیاند: خەباتی خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دژی داگیرکاری پەرەی سەندووە و لێرە کۆبووینەوەتەوە هەتا سڵاو بکەین لە سەرۆک ئۆجەلان و شەڕڤانان لە بەرەکانی شەڕ.
ڕاشیگەیاند: لە عەفرین هەر چلێکی زەیتوون دەکەینە بۆمبایەک و لە دژی ملیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیای بە کار دێنین. بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بۆ تاوانگەلی جەنگی سزا بدرێت، داوای پێداچوونەوە لە ڕێکخراوگەلی نێودەوڵەتی دەکەین.
شایانی باسە لەو خۆپیشاندانانەدا بۆ درێژەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لە پێناو ئازادکرانی عەفرین، سەریکانی و گرێ سپی، دروشمگەلێک لە دژی تورکیا و ملیشیاکانی سەر بە ئەنقەرە بەرز کرایەوە.
بۆچوونی ئێوە