ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی _ حەلیمە مەلایی: دوای تێکشکانی هەیبەتی کارتۆنیی داعش لە عێراق ، زۆربەی لایەنە سیاسی و حزبییەکانی عێراق دووبارە پێداگریان کردەوە لە سەر ئەو خواستەیان کە دەبێ هێزە بیانییەکان و بە تایبەت سەربازانی ئەمریکایی خاکی عێراق چۆڵ بکەن، ئەم داخوازییە لە ناو خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراقدا زیاتر ڕەنگی دایەوە و پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی حەشدی شەعبی و شەهید کرانی چەندین هێزی ئەم گرووپە بووە داخوازیی زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بە تیرۆری سەردار قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس ئەو داخوازییە لە لایەن حزبە شیعەکانی عێراقەوە چووە ناو پەرلەمانی ئەم وڵاتە و پەسەندیش کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بۆ پەسەند کردنی ئەم بڕیارە بەڕێوەچوو لایەنی کورد و سوننە و دوو ڕەوتی سەر بە حەکیم و عەبادیش بەشداریی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراقیان کرد و ڕاینگەیاند کە دژی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەبەر ئەوەی ئێستا وڵاتی عێراق تووشی ئاژاوەی ناوخۆییە و ڕەنگە داعش و تیرۆریزم دووبارە سەرهەڵبداتەوە.
ئێستا بۆ لێکدانەوەی هۆکارەکانی دژایەتی کورد لە گەڵ دەرکردنی سەربازانی ئەمریکایی لە عێراق و دەنگۆی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان
هەواڵنێری مێهر، لە گەڵ دکتۆر عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، دیمانەیەکی تایبەتی سازداوە کە دەقەکەی لە خوارەوە هاتووە؛
پەرلەمانی عێراق کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکای لە عێراق پەسەند کرد،کورد بەشداریی لەم کۆبوونەوە نەکرد و دژی ئەم بڕیارەشە، بۆچی؟
دەستووری عێراق شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دروستکردنی بڕیار و تەنانەت پێکهێنانی سوپای وڵاتیشی دیاریکردووە .تەوافوقی نێوان هەرسێ پێکهاتەی سوننە و شیعە و کورد بەتایبەت لە بارودۆخە هەستیار و چارەنووس سازەکاندا، بۆتە عورفی سیاسیی و بنەمای دەستورییش لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ . پێویست بوو گفتوگۆی چڕوپڕی هەرسێ پێکهاتەکە لەسەر ئەوبابەتە بکرایە بۆئەوەی ببوایەتە بڕیارێکی نیشتمانیی عێراقیی نەک وای لێ بخوێندرێتەوە کە بڕیاری پێکهاتەکەیەکە . هەر بڕیارێک کۆدەنگیی لەسەربێت، هێزیشی زیاترە و لە دەریشەوە حساب بۆکراوترە !
هەرێمی کوردستان لەباری یاساییەوە دەتوانێ دژی بڕیاری وا گەورە و سیاسی دەوڵەتی ناوەندی وڵاتی عێراق بوەستێت و گوێ پێ نەدات یان نا؟
هەرخۆی تەنها ئەو یاسایانە دەتوانێت حکومەت پابەندی جێبەجێکردن بکات کە پەرلەمان دەریان دەکات .بەڵام هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەربکرێت، بۆ حکومەت ئیلزامی نیە و بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق تەنها وەک پێشنیاز و ڕاسپاردەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت . بەبڕوای من حکوومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە و ناتوانێ ئەو کارە بکات .
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش کە بەشێکە لە عێراق، باشترە لە دۆخێکی ئاسایی و لە هەبوونی حکوومەتێکی ئاساییدا هەردوولا گفتوگۆ بکەن و چی بەرژەوەندی عێراق و گەلانی عێراقی تێدابوو ئەوە بکەن .
هێزی دلێری پێشمەرگە وای نیشانداوە کە دەتوانێ ڕووبەڕووی مەترسی داعش و هێرش و هەڕەشەی سەر هەرێمی کوردستان ببێتەوە ، جیهانیش دانی بەوەدا ناوە کە پێشمەرگە زۆر بەهێزە، ئیدی هەرێم چ پێویستی بە هێزی بیانییە؟
پێشمەرگە لە ڕابردوودا توانی لەسەر زەوی ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە، بەڵام بەبێ پاڵپشتی ئاسمانیی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەو کارە ئەستەم دەبوو. باوەڕم وایە بۆ ئێستاش هەروایە و هەرێمی کوردستان پێویستی بە پەیوەندی و دۆستایەتی و هێزی پێشمەرگەش بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمیی هەیە .
هەندێ پێیان وایە کە ئەمریکا ڕەنگە هێزە سەربازییەکانی خۆی لە دیکەی ناوچەکانی عێراقەوە بهێنێت ناو خاکی هەرێمی کوردستان و لەوێ جێگیریان بکات، ڕەنگە شتی وا ڕوو بدات؟
ئاگاداری شتێکی وانیم، وەک وتم هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لەپێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە دیفاکتۆیەکی تایبەتی هەیە، بەڵام بەشێکە لە عێراق و ئەو بڕیارەش ناوەند و دەسەڵاتە فەرمییەکانی هەولێر و بەغدا یەکلایی دەکەنەوە و دەیدەن .
ئەگەر شتی وا ببێت و کاری وا بکرێت، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەولێر و تاران بە چ شێوەیەک دەبێت و ئەم بابەتە چ کاریگەرییەکی دەکاتە سەر؟
جارێ هەرخۆی ئەستەمە ئەمریکا بەو ئاسانییە و بە بڕیاری بەشێک لە پەرلەمانی عێراق بکشێتەوە و عێراق جێبهێڵێت ! ئێستا عێراق بۆتە مەیدانی ململانێی هێزە سیاسییەکان و پێکدادانی ئەجێندا بیانییەکانیش .بۆیە ئەوە کارێکی قورسە و ئەمریکاش چەند جارێک تەئکیدی لەوە کردۆتەوە کە پلانی کشانەوەی لە عێراق نیە و ناچارکردنی ئەمریکاش بە کشانەوە لە دەسەڵاتی ئێستای دەوڵەتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە نیە !
هەموو لایەن و حزبە کوردییەکان یەک دەنگن لە سەر مانەوەی سەربازانی ئەمریکایی لە عێراق؟ کام حزبی کوردی دژی مانەوەی ئەمریکایە لە هەرێم و عێراق؟
لەسەرەتادا وتم بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بڕیاری هەموو پێکهاتەکان نەبووە، هەرئەمەشە بڕیارەکەی بەلاوازی هێشتۆتەوە.
دەوڵەتی عێراق دەبێ چ بکات بۆ ئەوەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەرکردنی سەربازانی ئەمریکای بۆ جێبەجێ بکرێت؟
دەوڵەتی عێراق ئەگەر نیازێکی وای هەیە، پێویستە هەموو ڕەهەندە نزیک و دوورەکانی دوای ئەو هەنگاوە شی بکاتەوە و حسابیان بۆ بکات لە ڕووی سیاسیی، ئابووری، دیبلۆماسیی. ئێوە دەزانن کە دۆخی ئێستای عێراق بەجۆرێک تیکچوو و شپرزە و ئاڵۆزە کە ناکۆکی هێزە سیاسییەکان گەیشتۆتە لووتکە و ناتوانن کەسێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەت بدۆزنەوە کە لانی کەمی ڕەزامەندی زۆرینەی لەسەر بێت .
جا وڵاتێک و هێزە سیاسییەکانی ئەوەندە ناکۆک بن، ئەوەندە دەستەوسان بن لە دۆزینەوەی کەسایەتیەک تا بیکەنە سەرۆک وەزیرانێکی کاتیی تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ئایا دەتوانن هێزی سەربازیی گەورەترین دەوڵەتی زلهێزی جیهان لە وڵاتەکەیان بکەنە دەرەوە ؟!
بۆچوونی ئێوە