بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی پەیامێک ڕایگەیاند: ئەو هەنگاوانه رهتدهكاتەوه كە لەسەر خاكی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان.
لەو پەیامەدا هاتووە: ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و قائیم و بەردەم باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی زياترى بارودۆخی عێراق و كردار و پەرچەكرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئاماژەش دراوە كە هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هەنگاوانه ڕهتدهكهينهوه كە لەسەر خاكی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و سەروەریی عێراق پێشێل بكرێ كە لە ئاكامدا سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دهستهى حەشدی شەعبی و هاوڕێكانیان بوونە قوربانی کە "هەردووكیان ڕۆڵى بهرچاویان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەبوو."
جەختیش کراوە کە نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان. داوا دەكەین كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و ڕێز له عێراق و سهروهرييهكهى بگيرێت.
ئەوەش ڕاگەیێندراوە کە بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزی و كردار و پەرچەكردارانە، عێراق و ناوچەكە بەرەو هەڵدێر و ئاییندەیەكی نادیار دەبات و دەبێتە هۆی زیندووكردنەوە و بەهێزكردنی هێزە توندڕەو و تیرۆریستەكانی وەك داعش.
لە کۆتایی دا هاتووە: "لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیار و مەترسیدارهدا، داوا لە هەموو لایەك دەكەین ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و ڕێگە لە پهرهسهندنه مەترسیدارەكان بگيرێت."
Your Comment