تێبینی ئێران لە سەر دەوڵەتی داهاتووی بەغدا

" کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە خوازیاری ئارامی، ئاشتی، خۆشگوزەرانی، پێشکەوتن و ئاسایشی عێراقە و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هەموو چین و توێژەکانی ئەو وڵاتە دەخوازێت."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_حەلیمە مەڵایی: بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق و داخوازیی ناڕازیان، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتە دەستی لە کار کێشایەوە. دەست لە کار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ڕۆژی دواتری لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا و نوێنەرانی پەرلەمان داوایان لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کرد، لە ماوەی ۱۵ ڕۆژدا کەسێک وەک بەربژاری پۆستی سەرۆک وەزیرانیی عێراق بناسێنێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کەمتر لە ۱۰ ڕۆژ لەو مۆڵەتە دیاری کراوە ماوە و تا ئێستا بەرهەم ساڵح کەسی نەناساندووە و بشێوییەکانی عێراقیش کۆتایی نەهاتووە و زیاتر ڕووی لە توند وتیژی کردووە، ئەگەرچی تا ڕادەیەک لە بەربڵاویەکەی کەم بووەتەوە.

 بۆ لێکدانەوەی دۆخی شڵەژاوی ئێستای عێراق و داهاتووی ئەم ناڕەزایەتیانە هەواڵنێری مێهر، دیمانەیەکی کورتی لە گەڵ ئەندازیار، حەسەن دانایی فەر، باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق و سکرتێری ئێستای ئەرکانی گەشەی ئابووری ئێران و عێراق ئەنجام داوە کە لە دڕێژەی ئەم نووسراوەیەدا هاتووە.

پاش دەست لە کار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆک وەزیرانیی عێراق، ئەگەرچی تا ڕادەیەک لە بەربڵاویی ناڕەزایەتییەکانی ئەم وڵاتە کەم بووەوە، بەڵام هێشتا توندوتیژی بەردەوامە، کام ڕەوتی ناوخۆیی یان ناوچەیی لەم دۆخە سوود دەبات؟

 هەندێ ڕەوتی ناوخۆی عێڕاق، ناوچەکە و جیهانیش هەن کە هێڵیان دەگاتە، سعوودییەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل و پێیان وایە بشێوی لە عێراق و بەردەوامیی کەشی ئاڵۆزاوی ناوچەکە دەتوانێ زەبر لە دەسەڵات و هەژموونی  کۆماری ئیسلامی ئێران بدات. ئەوان لە هەوڵدان دۆخی ئاڵۆزی عێراق بەرەو توندوتیژی و دژواریی زیاتر ببەن. ئەمریکاییەکان ساڵی ۲۰۰۳ و دواتریش تا ساڵی ۲۰۱۰  لە زۆربەی وەزارەتخانەکانی دەوڵەتی عێراقدا دەستێوەردانی ڕاستەوخۆیان بوو. بەڵام بە ڕابوونی خەڵک و گەنجانی عێراقی لە سێبەری ڕێنوێنییەکانی مەرجەعیەتی باڵای عێراق، ئێستا دەستی ئەمریکا لە عێراق بڕاوە و لە هەوڵدان بە دووبەرەکی نانەوە و شێواندنی دۆخەکە، جێگایەک بۆ مانەوەی خۆیان لەم وڵاتە بدۆزنەوە.

بە لەبەرچاو گرتنی ناکۆکی و تەنگژە سیاسییەکانی نێوان ڕەوتە عێراقییەکان ، پێدەچێت بتوانن  لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا لە سەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێکبکەون؟

 بە گوێرەی ئەو ناسیاوییەی من لە دۆخی سیاسی عێراق هەمە ئەوەش بەو پێیەی کە چەند ساڵێک باڵوێزی ئێران بوومە لە بەغدا، پێم وایە کە هەڵبژاردنی کەسێکی شیاو کە هەموو لایەنەکان قبووڵی بکەن و یارمەتی بدەن لەم ماوە کەمەدا کە لە بەردەستە، کارێکی زۆر دژوارە و دەتوانم بڵێم نامومکینە. هەڵبەت ئێمە هیوادارین دۆستانی عێراقی بتوانن بە ڕێککەوتنێکی هەمە لایەنە ئەم کارە ئەنجام بدەن و دەستبەجێ سەرۆک وەزیری نوێ هەڵبژێرن و ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی نوی دەستپێبکات.

گرینگترین هەنگاوە بەپەلەکانی دەوڵەتی نوێ عێراق و سەرۆک وەزیرانی داهاتووی ئەم وڵاتە بۆ کۆتایی هێنان بە ناڕەزایتەییەکانی عێراق دەبێ لە چ بوارێکدا بێت تا ناڕازیان لە شەقامەکانی بەغداوە بگەڕێنێتەوە ماڵەکانیان و ڕەوشی ئەم وڵاتە ئارام بێتەوە؟

 سەرۆک وەزیری نوێ عێراق دەبێ بۆ نەهێشتنی نیگەرانی و کێشە گرینگەکانی خەڵک، لەوانە بێکاری، بەرەنگاریی ڕاستەقینە و ڕوون لە گەڵ گەندەڵی دارایی و ئیداری لە هەموو ئاستەکانی وڵات و دابەش کردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و شارۆمەندی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، لیژنەی پسپۆڕ پێکبێنێت. دەبێ بۆ پەڕاندنەوەی عێراق لەم قۆناغە دژوارە، پلانی داڕێژراو و گونجاوی هەبێت. بەڵام ئەوەی کە کەسێک بە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ لە ماوەیەکی کەم دا بتوانێت ناڕەزایەتییەکان بە تەواوەتی کۆتایی پێبێنێت و هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، چاوەڕوانیەکی دوور لە ڕاستییەکانی ئێستایە.

ڕۆڵی مەرجەعیەتی عێراق لە پشتیوانی کردنی دەوڵەتی نوێ و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەم وڵاتە چۆن دەبینین؟

 هەروا کە دەبینن مەرجەعیەتی باڵای عێراق ڕۆڵی بێ وێنەی بووە لە ڕێگری کردن لە هاتنە ئارای ڕووداوی وا کە هەرگیز قەرەبوو نەکرێتەوە و دەوڵەتی هەڵبژاردەی عێراقیش ئەگەر لە پێناو بەرەنگاریی لە گەڵ گەندەڵی، گەشە، پیشکەوتن و ئاوەدانی عێراق و پاراستنی یەکپارچەیی ئەم وڵاتە هەنگاو هەڵگرێت، لە لایەن خەڵک و مەرجەعیەتی شیعەوە پشتیوانی دەکرێت و لە ناو دڵی خەڵکیشدا پێگەی دەبێت.

تێبینی ئێران سەبارەت بە دەوڵەتی داهاتووی عێراق وەک وڵاتێکی دۆست و هاوپەیمانی ستراتێژیک لە ناوچەکە چییە؟

کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە خوازیاری ئارامی، ئاشتی، خۆشگوزەرانی، پێشکەوتنی وڵات و ژیانی ئاشتی خوازانە بۆ هەموو چین و توێژەکانی عێراقە.

ئێران بەم ئاستە لە سنووری هاوبەش و پەیوەندی تۆکمەی ستراتێژیکی ئەمنی، سیاسی و بازرگانی و فەرهەنگی لە گەڵ عێراق بە پێچەوانەی ئەوەی کە دوژمنان دەڵێن لە عێراقدا نفووزی نییە بەڵکوو بڕشت، خۆشەویستی و جێگە و پێگەی لای خەڵک، مەرجەعیەت و ڕێبەرانی سیاسی و مەزەبی هەیە. ئێمە پێمان وایە کە دەبێ خودی خەڵکی عێراق چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری بکەن و بڕیار بدەن کێ حوکمیان بکات و کێ سەرۆک وەزیران و دەوڵەتیان بێت. ئێران بە هیچ لەونێک دەستێوەردانی لەم وڵاتە نییە و ئێمە تەنیا هاوپەیمانین و دۆست.

 

News Code 29762

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =