بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ یەکشەمە 10ی سەرماوەز لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی مەجلیسی ئێران، باسی لە زۆر بابەتی گرینگی ناوخۆیی ئێران و پرسە ڕۆژەڤەکانی ناوچەکە کرد.
لاریجانی لە وڵامی هەواڵنێری ئەلجەزیرە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق وتی: بوونی ئایەتوڵڵا سیستانی لەم وڵاتە و ستراتێژی گشتیگیری ئەوان جێگای نیگەرانی ناهێڵێتەوە بە تایبەت کە ئەوان بە سەر هەموو بوارەکاندا زانیاریان هەیە و زاڵن بە سەر هەموو بابەتەکاندا.
زیادیشی کرد: کاتێک داعش لە عێراقدا برەوی بوو جێگای نیگەرانی بوو بەڵام ئێستا بەرپرسانی ناوخۆیی عێراق و بەتایبەتی مەرجەعیەتی ئەم وڵاتە پرسە چارەسەر دەکەن و ئەگەر یارمەتیان بوێت، ئێمەش یارمەتیان دەدەین.
لاریجانی وتی: وەک ڕابردوو هاوپەیمانی عێراق دەبین و ئەم وڵاتە کەسایەتی سیاسی بە توانای هەیە کە دەتوانن پرسەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.
Your Comment