ئامانجەکانی سەفەری لە ناکاوی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

لە گەرمەی ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکەی عێراق، نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەفەرێکی لەناکاو و لە پێش ڕانەگیێندراو، بۆ دیدارێکی چەند کاتژمێری لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق چووە بەغدا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەڵایی: دوای ئەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق لە هەندێ شاری وەک بەغدا و بەسرە و داخوازی هەندێ ڕەوتی سیاسی لەم وڵاتە بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێش وەخت پەرەی سەند، کوردەکان هەڵوێستێکی دیکەیان نواند و بە فەرمی پشتیوانیان لە دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی کرد.

لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەستنیشان کردنی سەرۆک وەزیر، کوردەکانی عێراق بەوپەڕی تواناوە هەوڵیان دا کە عادل عەبدولمەهدی سەرکەوێت. عادل عەبدولمەهدی کە دۆستێکی نزیکی مەسعوود بارزانیە ئەم پشتیوانی کردنەی کوردەکانی بێ وڵام نەهێشتەوە و لە یەک ساڵەی سەرۆک وەزیر بوونیدا هەوڵی داوە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا باشتر بێتەوە.

 لەم ماوەیە دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی پشکی کورد لە بودجەی گشتی عێراقی تا رادەیەک بۆ هەولێر ناردووە. بودجەی ۱۷ لەسەدی هەرێم، بودجەی پێشمەرگە لە بودجەی سەربازی عێراق و هەروەها مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان ڕەوانە کراوە ، ئەگەرچی بە پێی ڕێککەوتنیان دەبوو هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ڕادەست کردنی نەوتدا ئەمانە وەرگرێت بەڵام دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی بی چارەسەرکردنی پرسی هەناردەی نەوتیش پشکی بودجەی هەرێمی نەبڕیوە، لە حاڵێکدا کە لە دەوڵەتی مالیکی و عەبادیدا وا نەبوو و کێشەکە تەواو قووڵ بوو.

دەوڵەتی ئێستای عێراق چارەسەریی دۆسیەی هەناردەی نەوتی کوردستانی عێراق و کێشەی نەوتیی هەولێر و بەغدای بە دانوستان و لێکدانەوەی کارناسانە سپاردووە. لە ڕاستیدا ئەو پەراوێز خستنەی لە دەوڵەتەکانی دیکەی عێراقدا بۆ کورد بوو وا دیارە لە دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدیدا تا ئێستا نەبووە.

 پاش تێپەڕبوونی چەند حەوتە لە ناڕەزایەتییەکانی عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ڕۆژی ۱۳ی خەزەڵوەر سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرهەم ساڵح چاوپێکەوتنێکی نهێنی و لە پشت درگای داخراوی لە گەڵ مەسعوود بارزانی بوو و پێکەوە دۆخی عێراق و هەڵوێست و داخوازی کوردیان لەوبارە تاوتوێ کرد.

پاشان بەرهەم ساڵح لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی، مەسروور بارزانی و سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق کۆبووە. دوای ئەو دیدارە هەڵوێستی هەرێم لە سەر گۆرانکارییەکانی عێراق و دەوڵەتی فەرمی ئەم وڵاتە، ئاشکرا بوو.

 لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی پارت و لایەنە کوردییەکان بە بەرهەم ساڵحیان راگەیاندبوو کە فڕاکسیۆنی کوردستانی بە یەک دەنگ رێککەوتوون و هەمواری دەستووری عێراق ڤێتۆ ناکەن و کورد  لە گەڵ مانەوەی عەبدولمەهدیشە و ئامادەیە هاوکاری کابینەی دەوڵەت بکات بۆ چاکسازی بەو مەرجەی هەمواری دەستوور زەرەری بۆ کورد نەبێت و زەبر لە ماف و دەسەڵات و سنوورەکانی کوردستانی عێراق نەدات و هەرێم لاواز نەکات.

لە حاڵێکدا کە ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دۆخی شڵەژاوی عێراق بووەتە هۆی وەستانی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، فارس عیسا، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە عێراق، چەند ڕۆژلەمەوپێش وتبووی کە بە هێور بوونەوەی دۆخەکە دووبارە گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق دەستپێدەکاتەوە.

بێ گومان ناڕەزایەتییەکانی عێراق کاریگەریی نەرێنی لە سەر ئابووری هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کەرتی گەشتیاری و بازرگانی بووە و دەشیبێت و هەولێریش بە پشتیوانی کردن لە  عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت وێرای پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستای، بگەڕێتەوە سەر دانوستان و ڕێککەوتنە پێشووەکانی لە گەڵ بەغدا پێوشوێن بگرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گەڵ هەر یەک لە عادل عەبدوڵمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە شاری بەغدا دیداری کرد و تاوتوێ دۆخی عێراق و هەڵوێستی کوردیان کرد.

لە دیدارەکانی ئەمڕۆ جگە لە چەند ڕستەی ئاسایی و هەمیشەیی کە میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە شتێکی وا بڵاو نەبووەتەوە کە ناوەڕۆکی دانیشتنەکان یان ڕێککەوتنە ئەگەریەکان نیشان بدات.

ئەگەرچی تا ئێستا نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەو سەفەرە لە ناکاوەی نێچیرڤان بارزانی ڕانەگەیاندووە بەڵام بە وتەی کارناسانی پرسەکانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی باڵوێزی ڕاگەیاندنی پشتیوانی کورد لە دەوڵەتی یاسایی عێراقە و بۆ ئەوە چووەتە بەغدا بە لایەنەکانی دیکەی ڕابگەیێنێت کە بۆ لە کار خستنی دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی حساب لە سەر کورد مەکەن، کورد تێکەڵ بە شەڕی سیاسی لایەنەکانی تر نابێت.

News Code 29336

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha