بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چاویكەوت بە پارێزەرانی لە زیندانی ئیمرالی و چەندین پەیامی بۆ دەرەوەی زیندان نارد.
لە راگەیێندراوی پارێزەرانی ئۆجالاندا هاتووە، ڕێبەری پەکەکە جەختی کردووە: " ئامادەیە چارەسەری كێشەی كورد بكات و داوای لە دەسەڵاتدارانی توركیا كردووە پێكەوە ئەو كێشەیە چارەسەربكەن و بۆ ئەمەش کورد پێویستی بە وڵاتی سەربەخۆ نییە".
ئاماژەی بەوەشكردوە "دەتوانێت تەنها لە ماوەی یەك هەفتەدا كێشەكانی تایبەت بە كورد چارەسەربكات و جەنگی پێشبینیكراو لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا كۆتایی پێبهێنێت".
وتوشیەتی: "من لەوبارەیەوە زۆر دڵنیام و متمانەم بە خۆمە".
هاوكات لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئۆجەلان لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە رایگەیاندوە "دەمەوێت پێگەیەك بۆ گەلی كورد هەبێت و ئامادەم لەوبارەیەوە هەنگاوی جددی بنێم، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە لەسەر دەوڵەتی توركیا ئەو كارانە ئەنجامبدات كە دەكەوێتە ئەستۆی".
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، لە ساڵی ۱۹۹۹ دا لە نەیرۆبی پایتەختی كینیا، دەستگیركرا و ڕادەستی توركیا كرا و ماوەی ۲۰ ساڵە لە دورگەی ئیمڕاڵی زیندانییە.
Your Comment