مەرجی بەشداریی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان/ڕووداوی زەرگەتە پەیوەندی بە یەکێتی نییە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: ئەگەر پارتی دیمۆکرات پابەند نەبێت بەو ڕێککەوتنەی کە پێشتر لە نێوانیاندا کراوە بە تایبەتی بۆ پرسی پارێزگاری کەرکووک، یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی - حەلیمە موڵایی: بە ئاشکرا بوونی ناکۆکی قووڵ و بنەمایی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکووک و بایکۆتی کۆبوونەوەی دەنگدانی پەرلەمان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لایەن فراکسیۆنی یەکێتی، دووبارە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زەق بووەوە، بەڵام بەشداریی وەفدی باڵای یەکێتی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، نیشانەکانی روانەوەی تەمی ناکۆکی نێوان ئەو دوو پارتە دێرینەیەی دەرخستووە.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر، باسی لە چەندین بابەتی گرینگ لەوانە بەشداریی یەکێتی لە کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایندەی سەرۆکایەتی بارزانییەکان لە هەرێم و هەروەها دەنگۆی تەقەکردن لە بیناکەی گۆڕان لە زەرگەتە کرد کە دەقەکەی لە خوارەوە هاتووە:

 یەکێتی پێچەوانەی رێوڕەسمی دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم کە بایکۆتی کرد، ئەمجارە لە ئاستی باڵادا بەشدار بوو لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی و پیرۆزبایی لیکرد، ئەمە بە مانای هەوڵ بۆ ڕواندنەوەی ناکۆکییەکانە؟

ئێمە وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئاستی باڵا بەشداریمان لەو ڕێوڕەسمە کرد و هەروەها لە ڕێوڕەسمی ڕاسپاردنی مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش هەر بەشدار بووین. هیوامان وایە کە پارتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە دانانی پارێزگاری کەرکووک و هەروەها یەکلایی کردنەوەی پرسی وەزارەتی دادی عێراقیش لە سەر پشکی یەکێتی بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە لە نێوانماندا، هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ جێبەجێ کردنی پەیمانەکان،بە تایبەتی دانانی پارێزگاری کەرکووک کە بۆ ئێمە زۆر گرینگە، کە ئەگەر بێتو جگە لەوە بێت و پارتی ئەو ڕێککەوتنە پێشێل بکات،ئەوا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداریی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکات و لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەردەچێت.

لە سەر دیاری کردنی کاندیدەکانتان بۆ پۆستە وەزارەتییەکان لە کابینەی مەسروور بارزانی یەکێتی لە ماڵی خۆیدا یەکلایی بووەتەوە؟

کۆمەڵێک کاندیدمان هەیە بە ناونیشانی جیاواز کە هەموویان پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون و زانستن بۆ ئەو ئەرکەی کە پێی ڕابسپێردرێن، زۆر کەسی پسپۆڕ خۆیان کاندید کردووە، لیژنەیەکمان هەیە کەناوی کاندیدەکانی وەرگرتووە. دواتر ناوی هەندێ کاندید لابراوە و کەم بووەتەوە. پاشان ناوی کاندیدەکان دەخرێتە بەردەست ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بە دەنگدان کەسی دیاری کراو هەڵدەبژێردرێت و ناوەکەی بە سەرۆک وەزیران دەدرێت. کەواتە هێشتا یەکێتی لەسەر کاندیدەکانی بۆ ئەو وەزارەتانەی بۆ دانراوە، یەکلایی نەبووەتەوە و بڕیاری کۆتایی وەر نەگیراوە.

بەلای ئێوەوە داهاتووی هەرێمی کوردستان بە کابینەی نوێ و سەرۆکی نوێ  چۆن دەردەکەوێت؟ بە گشتی ئاسۆی سەرۆکایەتی بارزانییە گەنجەکان چۆن دەبینن؟

ئەگەر بە نیازی ئەوەوە هاتبێتن کە پابەند بە ڕێککەوتنەکانیان و پەیمانەکانی پێشوویان بن بە تایبەتی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک شەریکی ستراتێژیک و ڕاستەقینەیان بۆ حوکمرانی کردوویانە، دەتوانێ حکوومەتێکی بەهێز و کۆدەنگ بێت. بەڵام بە جێبەجێ نەبوونی ئەو ڕێککەوتنانە و بەشداریی نەکردنی یەکێتی لە حکوومەت؛ بە بروای من حکوومەتێکی لاواز دەبێت. هیوادارین حکوومەتی مەسروور بارزانی جێگای متمانەی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت بۆ ئەوەی هەرچی ئێمە لە ناو ماڵی خۆماندا یەکگرتووتربین لە بەغدا و لە ناوچەکەش بڕشتمان هەیە. چونکوو دوای ئەم چەند ساڵە ئەزموونی حوکمڕانی ئیدی  خەڵک چاوەروانی بەهێزی و یەکدەنگی و خزمەتی زیاتر دەکەن و حکوومەتیش دەبێ لەوپێناوەدا هەنگاو هەڵبگرێت.

بە لەبەرچاو گرتنی سیاسەتی نەرمی  نێچیرڤان بارزانی و ئەو نزیکایەتیە لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسیەکانی عێراق و حاکمانی دەوڵەتی ناوەندی هەیەتی، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە هەندێ لە کێشە کەڵەکە بووەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بێت؟

پێش بینی ئەوە دەکرێت کە سیاسەتی نەوتی و سیاسەتی ئەمنی هەرێمی کوردستان لەم خولەدا جیاوازی بەرچاو بەخۆوە ببینێت و جیاوازیەکشی جەوهەری بێت. دەوڵەتی ناوەندی عێراق قەناعەتی تەواوی هەیە بەوەی کە دەبێت پرسی نەوت یەکلایی بکرێتەوە. ئومێد دەکرێت کە چەند کێشەیەک لەوانە کێشەی ناوچە جێ ناکۆکییەکانە و ئەوی دیکەیان کێشەی نەوتە. بەڵام پێناچێت هەموو کێشە و گرفتە کەڵەکە بووەکان چارەسەر بێت بەڵام کێشەی نەوت و کەرکووک ، ئەگەر پارێزگارەکەی بدرێتەوە بە یەکێتی ڕەنگە چارەسەر بێت.

سەبارەت بەو دەنگۆیەی کە دوێنێ بڵاو بووە کە رووداوی تەقە کردن لە بەردەم بارەگای گۆڕان لە زەڕگەتە پەیوەندی بە یەکێتی بووە، روونکردنەوەتان چییە؟

 ئەو دەنگۆیە بە سەداسەد ڕەتدەکەینەوە کە ڕووداوی تەقەکردن و گرژی بەردەم بارەگای گۆڕان لە سلێمانی پەیوەندی بە یەکێتی یان ئەندامانی ئەم حزبەوە بووبێت و هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نییە.

پۆلیسی سلێمانی ڕوون کردنەوەی داوە، داواشمان کردووە دادگە لێکۆڵینەوەی جیدی بکات. تەقە کردن لە بارەگا نەبووە و ئەوەش کە ڕوویداوە، تێکهەڵچوون و پێکداهەڵپرژانی نێوان پاسەوانێکی بەردەم بیناکەی گۆران بووە لەگەڵ چەند کەسی خۆبەخشی سەر بەم بزووتنەوە کە ویستوویانە بە چەکەوە بچنە ژوورەوە لە بینایەکی تیجاری بە ناوی "ئەنوەر شێخە" کە ئەو خۆبەخشانەی گۆران لە گەڵ سکیوریتی ئەو بینایە بەشەڕ هاتوون و پاسەوانی بیناکە تەقەی کردووە ئەو خوبەخشەی گوڕان کوژراوە

بە دڵنیاییەوە ئەو ڕووداوە هیچ جۆرە پەیوەندیەکی بە یەکێتیەوە نییە و یەکێتی بەرپرس نییە لەو رووداوە بەڵام داوامان لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەم بابەتە ببێت و ئەنجامەکەشی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.  

News Code 26902

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =