بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار لە پەیامێک بۆ سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی مەکە جەختی کرد: مامەڵەی سەدە پیلانێکە بۆ لەناوبردنی ئایدیای فەلەستین، پەرەسەندنی داگیرکاری و دەستدرێژی بۆ سەر هەموو وڵاتانی ئیسلامی.
ڕۆحانی لەو نامەیەدا وێرای ئەسەف خواردنی بۆ ڕەچاونەکردنی ڕێوڕەسمی ئاسایی بانگهێشت کرانی بۆ دانیشتنی سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامی، ڕایگەیاند: لە هەلومەرجێکدا کە جیهانی ئیسلام پێویستی بە هاوڕیزی، یەکگرتن و هاوکاری هەمبەر بە دوژمنی هاوبەشە، بە داخەوە شایەدی هەندێک هەنگاوی ئاژاوەنەرانە لە پێناو بە چەواشە بردنی ڕای گشتیی جیهانی ئیسلام لە بابەتی پرسی فەلەستین وەک سەرەکیترین پرسی جیهانی ئیسلامین.
ڕاشیگەیان: لەو دانیشتنە و تەواو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا رێبەرانی جیهانی ئیسلام دەبێ لە بواری یەکگرتوویی ئیسلامی هەنگاو بنێن و رێگە نەدەن هەندێک کەس بە خستنەڕووی پرسی دەرەکی، زەینی دەوڵەتان و گەلانی ئیسلامی لە چارەنووسی گەلی چەوساوەی فەلەستین و هەڕەشەگەلی ڕژیمی زایۆنی دوور خاتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەنگاوەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنی بەیتولموقەدەس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی تا گواستنەوەی باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئەو شارە و بە فەرمی ناسینی دەسەڵاتی ڕژیمی زایۆنی بە سەر بەرزاییەکانی گوڵان وەک بەشێک لە خاکی سووریا، وتی: ئەو هەنگاوانە نە تەنیا دوژمنایەتی ئاشکرای ئەمریکا لە دژی فەلەستین، بەڵکوو کۆی جیهانی ئیسلامە و لە خۆیدا پێشێلکەری ئاشکرای یاساگەلی نێودەوڵەتی و بڕیارنامە و ڕێککەوتنەکانی ڕێکخراوی کۆمکاری ئیسلامییە و هاوکات دەستپێکێکە بۆ ڕەوتێکی ترسێنەر لە دژی ئۆمەی ئیسلامی.
ڕۆحانی بە ئەسەف خواردن بۆ نەبوونی کارادنەوەی گونجاو هەمبەر بەو هەنگاوانەی ئەمریکا لە لایەن دەوڵەتانی ئیسلامی، پرسی "مامەڵەی سەدە"ی بیر هێنایەوە و جەختی کرد: پیلانی شۆمی مامەڵەی سەدە هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی ئایدیای فەلەستین، پەرەسەندنی داگیرکاری و دەستدرێژی بۆ سەر هەموو وڵاتانی ئیسلامی. ئەو پیلانە ڕەهەندی زۆر پڕمەترسیی بۆ ناوچە بە دواوەیە و داڕێژەرانی هەوڵ دەدەن بە سڕینەوەی مافی ڕەوای گەلی فەلەستین بۆ چارەی خۆنووسی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی پاوەجێ لە وڵاتی مێژووییان بە پایتەختی قودسی پیرۆز، رێ بۆ هێژمۆنیای زایۆنییەکان بە سەر ڤیهانی ئیسلام و عەرەب خۆش دەکەن.
سەرۆک کۆمار لە درێژەی پەیامەکەی خوازیاری وەلاوەنانی ناکۆکیی ناوماڵی جیهانی ئیسلام و پاڵپشتی لە فەلەستین لە دۆخی ئێستادا بوو و وتیشی: رێبەرانی ئیسلامی دەبێ بە دوای چارەدۆزیی بە پەلە هەمبەر بە هەڕەشە مەزنەکان بۆ سەر جیهانی ئیسلام بن و لە هەلی کۆبوونەوەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانی پڕمەترسیی مامەڵەی سەدە و بەرگری لە فەلەستین بەهرە ببەن و رێگە نەدەن لە مەکەی قیبلەگای موسڵمانان قیبلەی یەکەمی جیهانی ئیسلام بخرێتە پەراوێزەوە.
بۆچوونی ئێوە