بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەرپرسی گشتی ئیتلاعاتی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئیدانە کردنی بڕیاری ئەمریکا بۆ بە تیرۆریست ناوبردنی سوپای پاسداران، زیادی کرد: سوپا بنەمایەکی سەرەکیە بۆ دابین کردنی ئاسایشی وڵات و دوژمن بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ توانستەکانی سوپا ئەم کارەی کردووە.
ئەو هەروەها بە ئاماژە بە ستراتێژییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئێران رایگەیاند: باشترین و گرینگترین سەرمایەی ئەم دەزگا متمانەی خەڵکە و بێ گومان هەموو کارەکان و ئۆپراسیۆنەکانی ئەم وەزارەتە لە چوارچێوەی شەرع، یاسا و ئەخلاق ئەنجام دەدرێت.
راشیگەیاند: هەوڵ بۆ پەرەدان بە بەرهەم هێنانی نەتەوەیی و ئابووری بە ئامانجی کەم کردنەوەی هەژاری لە دیکەی پلانە گرینگەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتە.
ئاماژەشی بە هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر ئێران لەوانە هەڕەشەکانی سەر پارێزگای کوردستان کرد و وتی: پێکهاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش و پیلان داڕشتنەکانیان نیشانەی پلانی دوژمنە بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەرپرسی گشتی ئیتلاعاتی کوردستان وتی: گرووپی تیرۆریستی داعش کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوژمنی ژمارە یەکی خۆی دەزانێ و ئەمە نیشان دەدات کە چەوسێنەریی جیهانی لەم بوارەدا پیلانی جیدی پێبووە.
باسی لە پیلانە بێ کۆتاییەکانی دوژمن لە سنوورەکانی کوردستان کرد و وتی: ئەمرۆکە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە نزیکی سنوورەکانی ئێران چالاکی دەکەن و ئێمە بەردەوام ڕەسەدی کارەکانیان دەکەین و هەر جۆرە داپەڕێکیان دژی ئاسایشی نەتەوەیی پووچەڵ دەکەینەوە و هەندێ جاریش دژیان ئۆپراسیۆنمان هەیە.
ئەوەشی راگەیاند کە ساڵی رابردوو لە پرسە ئەمنییەکاندا لە پارێزگای کوردستان سەرکەوتوو بووین و هەموو پیلانە ئەمنییەکانی دوژمنەکان پووچەڵ کرایەوە و گورزی کوشندە لە ۲۰ گرووپی تەکفیری و بە تایبەت داعشی درا و زیاتر لە ۱۰۰ کەس دەستگیر کران و بە ڕێژەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا.
لەبارەی شەهید کردنی شۆفێرێکی ئامبۆلانس لە ڕێگای سنە بۆ کامیارانیشەوە وتی: ئەو کارە لە لایەن گرووپێکی سەر بە تیرۆریستانی پژاک ئەنجام دراوە کە سەرجەمیان دەستگیر و ڕەوانەی بەردەم دادگە کران.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە ۵ شانەی سەر بە گرووپە تیرۆریستییە دژە شۆڕشەکان لە ئێران تێکشکێندراون و بە هاوکاری خەڵک ساڵی ڕابردوو ڕێگری کراوە لە هەڵخڵەتان و تەڤل بوونی دەیان گەنجی پارێزگای کوردستان بە گرووپە تیرۆریستیەکان.
سەبارەت بە قاچاخی کاڵاش لە پارێزگای کوردستان بەرپرسی ئیتلاعات وتی: ساڵی رابردوو ۱۰ گرووپی گەورەی قاچاخ لە کوردستان ناسێندراونەتەوە و تێکشکێندراون.
Your Comment