ئەمریکا هەڕەشەی جیدییە بۆ سەر ئێران، نەک بە پێچەوانەی

بیرمەندی قوتابخانەی ڕیالیزمی هێرشبەرانە لای وایە ئامانجی ئەمریکا گۆڕینی ڕژیمی ئێرانە و بەڵگەگەلێک لە ئارادایە کە مومکینە ئەمریکا بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی دەست بداتە هەڵمەتی سەربازی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: ماڵپەڕی "لۆیلاگ" لە دیمانە لە گەڵ "جان مێرشایمێر"، یەکێک لە لێهاتووترین بیرمەندانی پرسی نێودەوڵەتی، ڕوانیویەتییە سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا، دۆخی ئێستا و داهاتووی یەکێتی ئەورووپا و پەیوەندیی تاران و واشنتۆن.

جان مێرشایمێر کە هاوکات بە بنیاتنەری قوتابخانەی ڕیالیزمی هێرشبەرانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناوی لێ دەبرێت، یەکێکە لە گرینگترین و دەستڕۆیشتووترین توێژەرانی مژارە نێودەوڵەتییەکان لە جیهاندا کە لە سێپتامبری ڕابردوو پڕۆژەیەکی لە ژێر ناوی "وەهمی گەورە؛ خەونگەلی لیبراڵ و واقیعە نێودەوڵەتییەکان" لە زانکۆی "ییل" چاپ و بڵاوکردەوە و قسە و باسی زۆری لە ئەمریکا لێ کەوتەوە؛ رۆژنامەی فاین‌نەیشناڵ تایمز" ئەو کارەی بە یەکێک لە گرینگترین پڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٨ زانی.

بە گوێرەی مێرشایمێر هێژمۆنیای لیبراڵ، سیاسەتی دەرەکی کە ئەمریکا لە کاتی کۆتایی شەڕی سارد گرتوویەتییە بەر، شکست دەهێنێت و ئەوە بە هۆی ڕوانگەیەکی هەڵەیە کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا باوە.

کۆی ئەو دیمانەیە لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* کتێبی "وەهمی گەورە" دەڕوانێتە سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا لە دوای کۆتایی شەڕی سارد. ئێوە لەو کتێبەدا باس لەوە دەکەن کە چۆن هێژمۆنیای لیبراڵ دەگاتە ئەنجامێکی ناهومێدانە. چی بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا ئەو ستراتژییە بەرزەفڕانە بگرێتە بەر؟

ـ هۆکارگەلێکی زۆر بۆ گیرانەبەری هێژمۆنیای لیبراڵ لە ئارادان. یەکەم ئەوەی کە تاک جەمسەری بوون بەو مانایە بوو کە ئەمریکا هیچ ڕکابەرێکی بە هێزی نەبوو چونکە وەک پێناسە دەکرا، ئەمریکا تاکە زلهێزی ئەو سیستەمە بوو.

بە پێی ئەو دەسەڵاتە مەزنە، ئەمریکا پێویست نەبوو لە سیاسەتگەلی هاوکێشەی هێزدا بەشدار بێت. ئەمریکا هەروەها ناچار نەبوو بە پێی ئەوی ڕیالیزم دەیڵێت، بجوڵێتەوە و هەر بۆیە ئازاد بوو کە هەر جۆرە سیاسەتێکی دەرەکی بگرێتە بەر. ئەوە لە سیستەمی دوو جەمسەری کە ئێمە لە کاتی شەڕی ساردا بوومان، یان لە جیهانی چەند جەمسەری‌دا کە ئێستا بەرەو دەبینەوە، مومکین نییە. بە گشتی تاک جەمسەری بوونی ئەمریکا ئەو هەلەی بۆ ڕەخساند تا هێژمۆنیای لیبراڵ پێڕەو بکات.

دووهەم، ئەمریکا وڵاتێکی تەواو لیبراڵە کە لای وایە دیموکراسی لیبراڵ باشترین سیستەمی سیاسییە و ئەگەر هەموو وڵاتان دیموکراسی لیبراڵ بگرنە بەر، جیهان بۆ هەمووان جێیەکی باشتر دەبوو. ئەو جۆرە بیرۆکەیە هاندەر و ئەنگێزەیەکی بەهێزی بە ئەمریکا دا بۆ شەڕ لە پێناو پەرەدان بە دیموکراسی لیبراڵەکەی.

سێهەم، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لایان وایە کە پەرەدان بە دیموکراسی لیبراڵ کارێکی زۆر ئاسانە، چونکە پێیان وایە خەڵکێک کە لە وڵاتانی دیکتاتۆریدان، دەیانەوێ لە وڵاتێکی دیموکرات لیبراڵدا بژین. هەر بۆیە کاتێک کە رێبەرێکی دیکتاتۆری وەک سەدام حسێن دەڕووخێت، بە ئاسانی دەتوانن عێراق بکەنە وڵاتێکی دیموکرات لیبراڵ. بە گشتی ئەمریکا بە هۆی ئەوەی زۆر بە هێز بوو، خێرا هێژمۆنیای لیبراڵی داسەپاند، بە تایبەت بە هۆی ئەوەی لای وابوو بە ئاسانی دەتوانێت دیموکراسی لیبراڵ وەک رێگەچارەی زۆربەی کێشەگەلی جیهانی، بە جیهاندا پەرە پێ‌بدات.

* ئایا بلیمەتانی سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا ئاگاداری هەڵەکانیان لە سی ساڵ ڕابردوودا هەن؟

ـ بەو ڕادەیە ناکرێت لەو دڵنیا بین کە زۆربەی خەڵکی ئەمریکا ئاگاداری شکستی هێژمۆنیای لیبراڵ لە سیاسەتی دەرەکیدا بن. بەڵگەی زۆر لەبارەی شکستی ئەو هێژمۆنیایە بە دەستەوەن. تەنیا چاوێک بە کۆمەڵکوژی و پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا بخشێنن، تێدەگەن کە تا چ ڕادەیەک دەسکەوتی ئەمریکا لە بواری پەرەدان بەو دیموکراسییەی لە ناوچەدا لاواز بووە.

جگە لەوە، هەموو دەزانن کە لە بەرەنگاربوونەوەی چین‌دا شکستی هێناوە و ئەگەرچی ناتۆ و یەکێکی ئەورووپا لەوبارەدا سەرکەوتنگەلێکی سەرەتاییان مسۆگەر کرد، بەڵام ئەو دەسکەوتانەش بەڕەوڕووی هێرش بۆ سەر گورجستان لە ساڵی ٢٠٠٨ و هێرش بۆ سەر ئۆکراین لە ساڵی ٢٠١٤ی بۆوە و ئەنجامەکەشی ئالۆزبوونی پەیوەندیی ڕووسیا و رۆژئاوا بوو. کەواتە پێویستە بڵێم کاتێک کە ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦ بووە سەرۆک کۆار، بەردەوام جەختی لە هەڵوەشانەوەی هێژمۆنیای لیبراڵ دەکرد و لەو رێگەوە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت! بەڵام ئەوەی کە بلیمەتانی سیاسی ئاوریان لە هەڵەکانی ڕابردووی ئەمریکا دابێتەوە، مژارێکی جیاوازە.

* ئێوە وتتان دیموکراسی لیبراڵ باشترین جۆری حکوومەتە، بەلام لیبراڵیزم لە سیاسەتی دەرەکیدا پڕمەترسییە. بۆچی؟

ـ من لە کتێبی "وەهمی گەورەدا" جەختم لەوە کردووە کە دیموکراسی لیبراڵ باشترین سیستەمی سیاسی لە جیهانە و من لەوەی کە لە ئەمریکادا لە دایک بووم و تێیدا گەورە بووم، زۆر شوکرانەبژێرم. بەڵام لیبراڵیزم وەک سیستەمێکی سیاسی و لیبراڵیزم وەک سیاسەتی دەرەکی دوو پرسی جودان.

سیاسەتی دەرەکی وەک هێژمۆنیای لیبراڵ شکست دەهێنێت، چونکە بە پێچەوانەی نەتەوەخوازی و ڕیالیزمە کە لە لیبراڵیزم بە هێزترن. بۆ وێنە نەتەوەخوازی ئایدیالۆژیایەکە کە زاڵە بە سەر چەمکی بڕیاردانی سەربەخۆ و سەروەریدا و لە جیهان وڵاتانێکی زۆر هەن کە حەز بەوە ناکەن وڵاتانێکی دیکە دەستێوەردان لە سیاسەتی ناوخۆییاندا بکەن.

بۆ وێنە ئێوە بڕوانن کە چەندە ئەمریکییەکان لەوەی کە ڕووسیا دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠١٦دا کردبێت، تووڕەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێژمۆنیای لیبراڵ ئەمریکا هان دەدا دەستێوەردان لە سیاسەتی هەموو وڵاتان لە سەرتاسەری جیهاندا بکات و بە پێی ئەو سیاسەتە تەنانەت ئەمریکا بە ڕەوای دەزانێت کە هێرش بکاتە سەر وڵاتێک یان داگیری بکات،

ئەو سیاسەتە بێ گەمان پەشیمانی و بەرخۆدانی بە دواوە دەبێت کە بەرەوڕووی شکستی دەکات. هۆکاری سەرەکیی دژایەتی ڕووسیاش لە گەڵ پەرەسەندنی ناتۆ هەر ئەوەیە.

هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێم کە هێژمۆنیای لیبراڵ زیان دەگەیێنێت بە دیموکراسی لیبراڵیش. بە تایبەت کە سیاسەتگەلی بەرزەفڕانە شەڕی بێ کۆتایی و سازبوونی "ئاسایشی نیشتمانی بە هێزی" بە دواوە دەبێت کە بە دڵنیاییەوە ئازادیگەلی شارۆمەندی لە ناوخۆی ئەمریکا لە ناو دەبات.

* ئایا پێدەچێت سەرهەڵدانی چین و جموجۆڵی دووبارەی ڕووسیا، ئەمریکا هەمدیسان بباتەوە سەر ڕیالیزم؟

ـ سەرهەڵدانی چین و سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ڕووسیا لە ساڵانی ڕابردوودا بە واتای کۆتایی "تاک جەمسەری بوون"ـه و دەبێتە هۆی هاتنە کایەی جیهانێکی چەند جەمسەری. ئەوەش بە واتای گەڕانەوەی ڕیالیزم و ئەو مژارەیە کە چین، ئەمریکا و ڕووسیا دەبێ بۆ بە دەست هێنانی هێز، پێکەوە ڕکابەری بکەن و هەروەها بەو مانایە کە سەردەمی هێژمۆنیای لیبراڵ وەک ستراتژییەکی گشتی کۆتایی پێ هاتووە. چونکە ئەمریکا چیتر لە بابەتی ئایدیالۆژیایەوە بە دوای ئەو ستراتژییە ئازادەوە نییە و لە بری ئەو دەبێ تەرکیز بخاتە سەر هاوکێشەی هێز.

* "کۆنت واڵتز" لە تیرۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی خۆیدا باس لەوە دەکات کە گواستنەوە لە سیستەمێکی تاک جەمسەری بۆ سیستەمێکی دوو جەمسەری لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانی ئەورووپایە. ئێوە لە ساڵی ١٩٩٠ پڕۆژەیەکتان لە ژێر ناوی "گەڕانەوە بۆ داهاتوو؛ ناسەقامگیری لە ئەرووپای پاش شەڕی سارد" بڵاو کردەوە. ئایا ئەورووپای داهاتوو هاوپەیمانییەکی گەورەتر دەبێت یان پێدەچێ لە بەر یەک هەڵوەشێتەوە؟

ـ من پێموا نییە داهاتووی هاوپەیمانی ئەورووپا کە لە ڕاستیدا هەمان داهاتووی یەکێتی ئەورووپایە، پەیوەندیی نزیکی بە گواستنەوە لە سیستەمێکی تاک جەمسەری بۆ سیستەمێکی دوو جەمسەرییەوە هەبێت. لام وایە کە یەکێتی ئەورووپا بەرەوڕووی گرفت و کێشە هاتووە و رۆژ بە رۆژ بەرەو دۆخێکی خراپتر دەچێت. بەشێک لەو کێشانە پەیوەستە بە یۆرۆوە. یۆرۆ لە یەکێتی ئەورووپا نە لە باری داراییەوە و نە لە باری سیاسییەوە پراتیگێکی گونجاوی نەبووە و لام وایە لە داهاتووشدا باشتر نابێت.

کێشەی دیکەی ئەو یەکێتییە تێوەگلانی جەماوەرەکەی لە ڕەوتە نەتەوەخوازییەکانە. بۆ وێنە برگزیت سەرچاوەی لە کۆچبەریی ژمارێکی زۆر لە ئەورووپای رۆژهەڵاتی بەرەو بەریتانیا گرتووە کە بۆتە هۆی ناڕەزایەتیگەلێک لە حزبی باشی ئەو وڵاتەدا.

ئەگەر شەپۆلێکی دیکە لە پەنابەران ڕوو لە ئەورووپا بکەن، کێشەگەلێکی زۆری بۆ یەکێتی ئەورووپا بە دواوە دەبێت. زۆربەی ئەورووپییەکان هەست دەکەن وڵاتەکیان لە ڕادە بەدەر چۆتە ژێر دەسەڵاتی برۆکسێل، لە کاتێکدا برۆکسێل بەرپرسایەتی دەنگدەران لە ئەستۆ ناگرێت. لە ڕاستیدا لێرەدا "کەمایەسییەکی دیموکراتیک" لە ئارادایە کە دەبێتە هۆی دوژمنایەتی هەمبەر بە یەکێتی ئەورووپا، بە تایبەت کاتێک کە ئەو یەکێتییە لە باری ئابوورییەوە باش نەجووڵاوەتەوە. پێموا نییە یەکێتی ئەورووپا لە بەر یەک هەڵوەشێتەوە، بەڵام بۆ کێشەکانی بەردەمی رێگەچارەگەلێکی پراتیگی زۆری پێ نییە.

* ئایا بەوجۆرەی کە زۆربەی لیبراڵە نیۆکانەکان (نیۆکۆنسێرڤاتەکان) ئیدعا دەکەن، تاران هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمریکا؟

ـ تاران نە تەنیا هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ ئەمریکا نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆش نایەتە ئەژمار. یەکەم ئەوەی کە ئێران چەکی ناڤۆکی نییە و لە گەڵ دەسەڵاتە گەورەکانی جیهان ڕێککەوتنێکی واژۆ کردووە کە رێگەی بەهرەمەندبوون لە چەکی ناڤۆکیی پێ نادات. دووهەم ئەوەی کە ئێران مووشەکێکی وەهای نییە کە بتوانێ ئەمریکای پێ بکاتە ئامانج. سێهەم ئەوەی کە هێزی سەربازیی ئاسایی ئێران ناتوانێ هەڕەشە بێت بۆ سەر ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناڤین کە پاڵپشتیی ئەمریکایان لە پشتە. چوارەم ئەوەی کە ئێران هەڕەشەی جیدی بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتێکی دیکە نییە. بەڵگەگەلێک سەبارەت بەوەی کە لە جیهانی ئێستادا ئێران تەنانەت جارێکیش خۆی ئامادەی هێرش کردنە سەر وڵاتێکی دراوسێ کردبێت، بە دەستەوە نییە و پێنجەم ئەوەی کە ئێران سەرچاوەی کێشەی تیرۆریزمی ئەمریکا نییە. ئەگەر بڕیار بێت وڵاتێک سەرچاوەی ئەو تیرۆریزمە بێت، ئەوە عەرەبستانی سعوودییە نەک ئێران.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا خۆی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئێران، نەک بە پێچەوانەی. ترامپ بە هاندانی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی، ئێرانی کردۆتە ئامانج. ئامانجی ئەمریکا گۆڕینی ڕژیم لە ئێرانە و بەڵگەگەلێک لە ئارادایە کە مومکینە ئەمریکا بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی دەست بداتە هەڵمەتی سەربازی.

News Code 25772

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 6 =