هۆکارەکانی کشانەوەی هێزی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا

کشانەوەی هێزی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا جگە لەوەی کە بڕیارێکی ڕاچڵەکێنەر بوو، سەرنجی چاوەدێرانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی نێودەوڵەتی: ڕووسەکان ٣٠ی سێپتامبێری ساڵی ٢٠١٥ ئۆپراسیۆنی ئاسمانیی خۆیان لە سووریا دەستپێکرد. بە چەشنێک کە سێرگەی شویگۆ وەزیری بەرگریی ڕووسیا لەوبارەوە وتی: لە کاتی دەسپێکی ئۆپراسیۆنی ئاسمانی ڕووسیاوە تا ئێستا، سوپای سووریا توانیویەتی زیاتر لە ٤٠٠ شار و گوندی سووریا ئازادکاتەوە، ئەمەش واتە ئازادکردنەوەی زیاتر لە ۱۰ هەزار کیلۆمەتری دووجا لە هەردە داگیرکراوەکان لە لایەن تیرۆریستان.

بە وتەی شویگۆ لەو ماوەیە هێزی ئاسمانیی ڕووسیا زیاتر لە ٩ هەزار گەشتی ئاسمانی ئەنجام داوە و هێزەکانی ڕووسیا توانیان بازرگانیی نەوت لە لایەن تیرۆریستەکان بوەستێنن و یان لە هەندێک لە ناوچەکان بە گشتی بە سەریدا زاڵ بن. لەم ماوەیە فریاخستنی جیهازات و یارمەتییە ماڵییەکانیشیان لێ وەستاندن.

شویگۆ ڕایگەیاند کە فرۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا ٢٠٦ ناوەندی تایبەتی بەرهەم هێنانی نەوتیان پێکا و ۲۰۰۰ وەجبەی نەوتیان لە ناو برد. هێزەکانی ڕووسیا زیاتر لە ۲۰۰۰ هیزی چەکداریان کوشت کە لە ۱۷ سەرکردەی تیرۆریستییان تێدا بوو. هێزی سەربازیی ڕووسیا پابەندی لایەنەکانیان بە ئاگربر دەستەبەر کرد و بۆ وەدی هێنانی ئەو ئامانجە کەڵکیان لە فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان و کەرەسەی دیکەی زانیاری و هەواڵگری و سەتەلایەتی وەرگرت.

بەڵام خاڵی جێی سەرنج و گرینگ ئەوەیە کە هۆکاری دەرچوونی لەناکاو و بڕیاری ڕاچڵەکێنەری ڤیلادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ دەرچوونی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا چ بووە.

گۆڤاری ئەمریکایی "نەشناڵ ئێنترێست" لە یادداشتێکدا، پێنج گریمانە کە میدیاکانی رۆژئاوایی سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری ڤیلادیمیر پووتین ئاراستەیان کردبوو، تاوتوێ دەکات. سادەترین گریمانەیان ئەوەیە کە پلانی سەربازیی فرۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا لە سووریا لە سێپتامبێڕی ساڵی ٢٠١٥ هەر لە سەرەتاوە، پلانێکی کورت خایەن ڕەچاوکراوە و ئێستاش ماوەکەی بە سەرهاتووە. لەمناوە سەرگرتنی پڕۆسەی چارەسەریی سیاسی قەیران لە سووریاش دەتوانێت هۆکارێکی دیکە بێت، بە تایبەت کە چیتر کەس باس لە زەروورەتی کشانەوەی بەشار ئەسەد وەک پێشمەرجی هیچ چەشنە پڕۆسەیەکی ئاشتی ناکات.

گریمانەی دووهەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆسکۆ هەوڵ دەدات ئۆپراسیۆنی سەربازیی خۆی لە خاڵی سەرکاودا بوەستێنێت. لە راستیدا، دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە قەیرانی سووریا، پێگەی کەرملینی نە تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناڤین، بەڵکوو لە سەرتاسەری جیهاندا گۆڕی و هێیز سەربازیی ڕووسیا، دەسەڵاتی خۆی لە ڕاگەیاندن و جێبەجێ کردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی جێگیر کرد و نیشانی دا کە چلۆن ڕووسیا دەتوانی بەدەر لە داخوازییەکانی ئەمریکا، برۆکسێل، ڕیاز و ئەنقەرە، بارودۆخی سووریا بەو چەشنە کە خۆی دەیەوێت، بگۆڕێت.

گریمانەی سێهەم لە دەلاقەی نەشناڵ ئینترێست خۆبواردن لە "داوی ئەفغانستان"ە. کاتێک کە ڕووسیا مژاری ڕەوانەکردنی هێزی ئاسمانیی خۆی بۆ سووریای ڕاپەڕاند، هەندێک لە بەرهەڵستکارانی سووریا بە دوای رێگایەکەوە بوون کە سووریا بۆ ڕووسیا بکەنە ئەفغانستانێکی دیکە. ئەم سناریۆیە وەدی نەهات، بە تایبەت کە بارودۆخ لە سووریا وێرای دڵەڕاوکەی وڵاتانی رۆژئاوایی، پاوەجێ بوو.

لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە کارناسان بردنە دەرەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریایان لە دەرئەنجامی مەیلی مۆسکۆ بۆ خۆ بەدوور گرتن لە پێکدادانی ئاشکرا لە گەڵ ڕیاز دەزانن، بە تایبەت کە ڕووسیا نیشانی دا کە هێشتاش پێشوازی لە چارەسەری قەیرانەکانی سووریا لە رێگای دانوستان و گفتوگۆوە دەکات و لەم پێناوەدا بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان و لەوان ڕیازیش لە بەرچاو دەگرێت.

بە وتەی ئەم میدیایە ئەمریکییە گریمانەی پێنجەم ئەوەیە کە کە ڕووسیا هەوڵ دەدا نیشان بدات کە پشتیوانیی لە دیمەشق تا هەتا و بێ‌کۆتایی نابێت، چونکا بە ئیدعای بەرهەڵستکاران، "بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا پاش ئەو سەرکەوتنانەی کە لەم دواییەدا بە یارمەتی سوپای سووریا مسۆگەری کردووە، چیتر ئەوەندە مەیلی بە بەشداری لە دانوستانەکاندا نییە". هەر بەو پێیە مۆسکۆ هەوڵ دەدات بەوکارە حکوومەتی سووریا تێبگەیێنێت کە ڕووسیا لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لە رێگای ئاشتیخوازییەوە هەوڵ دەدات.

بەڵام سەرەڕای ئەو گریمانەیانە کە سەبارەت بە هۆکاری دەرچوونی هێزەکانی ڕووسیا ئاراستە کراوە، ڕاستییەک کە هەیە ئەوەیە کە قەیرانی سووریا لە پێنج ساڵی ڕابردوو تا ئێستا دەرئەنجامی کاولکەرانەی بۆ ناوچە و جیهان لێ‌کەوتبووەوە و ئەگەر جەخت لە باسی سەرکەوتنی هەوڵە سیاسییەکان بکرێت، ئەو هیوایە پەرە دەستێنێت کە دەرچوونی ڕووسەکان دەرفەتێکی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ سەرەکەوتنی هەوڵە سیاسییەکان بە تایبەت کە بیانووی شاندی بەرهەڵستکارانی سەر بە ڕیاز لە کۆبوونەوەی ڕابردوو هەمان ئامادەبوونی هێزی سەربازیی ڕووسیا بوو؛ ئەوان خوازیاری وەستانی هێرشەکان بوون.

لە هەر حاڵدا هەر گۆڕنکارییەک کە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی قەیرانی خوێنینی پێنج ساڵە لە سووریا، لە هەر سونگەیەکەوە جێی سەرنجە؛ جا دەخوازێت ئەو دەرچوونە لە ژێر گوشار و هۆکارگەلی دەرەکی بووبێت. دەبێ چاوەروانی رۆژانی داهاتوو بین تا لایەنەکانی ئەو بڕیارەی مۆسکۆ زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

News Code 2575

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 12 =