پەمپه‌ئۆ بۆچی هاتووه‌ته‌ رۆژهەڵات ناڤین

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێشتاش بەردەوامە لە سەفەری بۆ وڵاتانی جۆراوجۆری رۆژهەڵاتی ناڤین و دەسکەوتی گفتوگۆکانی لە چەند رۆژی ڕابردوودا نیشان دەدا کە ئامانجی سەرەکیی ئەو لە ئەنجامدانی گەشتی رۆژهەڵات ناڤینیی تەنیا بۆ دژایەتیی ئێران بووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – عەبدولحەمید بەیاتی: مایک پەمپه‌ئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتی رۆژهەڵات ناڤینیی خۆی لە حەوتەی ڕابردووەوە دەست پێکردووە و لە سەفەری بۆ میسر و وتەدانی لەو وڵاتەدا سیاسەتی دەرەکیی نوێی واشنتۆنی لە دەڤەری رۆژهەڵاتی ناڤین ڕوون کردەوە.

خاڵێی سەرسوورهێنەر لە لێدوانەکانی پەمپه‌ئۆ ئەوەیە کە ئەو ئاماژەیەکی ئەوتۆی بە قەیرانەکانی وەک شەڕی یەمەن یان بڕیاری ئەمریکا بۆ بردنەدەرەوەی هێزەکانی خۆی لە سووریا نەکرد و لە بری ئەو باسی لە بەرزبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئێران و زەروورەتی بەرەنگاربوونەوەی شلگێرانەتری توندئاژۆیان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی چوارشەممە پاش سەردانی ئۆردۆن و عێراق گەیشتە قاهیرە و رۆژی هەینی لە وتەدانێک لە پایتەختی میسر ستراتژیی دەوڵەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناڤینی شی کردەوە و بەشێکی زۆری وتەدانەکەی بە پرسی پێشگری لە پەرەسەندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەدا تەرخان دا.

ناوبراو تەنانەت لە لێدوانەکانیدا لە قاهیرە ڕەخنەی گرت لە شێوەی هەڵسوکەوتی ئەمریکا لە گەڵ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ی ئێران و ئیدعای کرد کە دەوڵەتی ئۆباما هیچ هەنگاوێکی لەوبارەیە هەڵنەگرت و داکۆکی جیدیی لە خۆپیشاندەران نەکرد.

پەمپه‌ئۆ لە سەفەری رۆژهەڵاتی ناڤینی خۆی وتی: گەمارۆگەلی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دژی ئێران بەهێزترینی گەمارۆکان لە مێژوودایە و تا ئەو کاتەی ئێران سیاسەتەکانی کە هەڕەشەیە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، نەگۆڕێت، ئەو گەمارۆیانە توندتر دەبن.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە چەند وڵاتی عەرەبی و لەوان ئیمارات، عەرەبستان، کوەیت، عەمان و ئۆردۆنی کرد کە بە وتەی ئەو لە پڕۆسەی کۆنتڕۆڵی ئێراندا بەشدار بوونە.  

مایک پەمپه‌ئۆ وتیشی: هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵی ئێران بە رۆژهەڵاتی ناڤین کۆتایی پێ نایەت و لە کۆریای باشوور تا پۆلاندا یارمەتیی ئەو گۆرەپانە دەدەن.

هەوڵ بۆ دوورخستنەوەی قەتەر لە ئێران

یەکێک لە ئامانجە ڕانەگەیێندراوەکانی گەشتی رۆژهەڵات ناڤینیی پەمپه‌ئۆ کە سەردانی قەتەریشی بە دوادا هات، دوور کردنەوەی قەتەر لە ئێرانە. پەمپێئۆ رۆژی ڕابردوو (یەکشەممە) لە سەفەری بۆ قەتەر گرێبەستی گەشەدان بە بنکەی عەدیدی واژۆ کرد.

پێشتر دۆحە لە دانوستانی لە گەڵ واشنتۆن بۆ هەمیشەیی کردنی بنکەی ئاسمانی عەدیدی ئەمریکا وەک گەورەترین بنکەی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لە خاکی قەتەر هەواڵی دابوو و ڕایگەیاندبوو کە بۆ ئەو مەبەستە لە گەڵ بەرپرسانی واشنتۆن لەوبارەیە گفتوگۆ و دانوستانی کردووە.  

ئەو هەنگاوە پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر قەیرانی دیپلۆماتیک لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوی فارس لە نێوان قەتەر و ئیمارات و عەرەبستان بە بیانووی پاڵپشتیی دۆحە لە تیرۆریزم ئەنجام درا.

بنکەی عەدید لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کاتێکدا لە قەتەر کرایەوە کە ئەمریکا لە سەر داوای عەرەبستان بۆ چۆڵکردنی ئەو وڵاتە لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتامبێری ٢٠١١ بە دوای بنکەیەکی جێگرەوە لە ناوچەدا دەگەڕا.

لە ساڵی ڕابردووەوە و لە گەڵ تەشەنەسەندنی قەیرانی نێوان وڵاتانی عەرەبیی دەڤەری کەنداوی فارس، قەیران لە ئێران نزیک بۆوە و ئەو ڕووداوە زۆر بە مەیلی عەرەبستانی سعوودی و ئەمریکا نەبوو. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو هەوڵی زۆر دراوە بۆ دوورخستنەوەی دۆحە لە تاران، بەڵام ئەو هەوڵانە دەسکەوتێکی ئەوتۆی بۆیان نەبووە و لەو ڕووەوە پەمپێئۆ لە سەفەری نوێی خۆی بە قەتەر هەوڵ دەدا دۆحە لە تاران دوور بخاتەوە و پەیوەندییە ناوچەییەکانی ئێران بگەیێنێتە کەمترین ئاستی مومکین.  

دانیشتنی پۆلاندا و گوشارخستنە سەر ئەورووپا

پەمپه‌ئۆ لە گەشتی رۆژهەڵات ناڤینی خۆی هەروەها لە بەڕێوەچوونی دانیشتنێک لە دژی ئێران لە پۆلاندا هەواڵی دا و پاشان فاکس نیووز لە زمانی پەمپێئۆوە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنەی مانگی داهاتووی زایینی ڕاگەیاند.

ئامانج لەو دانیشتنە جیهانییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان میوانداریی دەکات و کەناڵی فاکس نیووز بە "درێژەی گۆڕەپانی گوشاری لانی زۆری" لە دژی ئێران ناوی لێ بردووە، بە وتەی وەزیری دەرەوە ئەمریا "بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ئازادی لە رۆژهەڵاتی ناڤین بە پێداگری لە دزە و پێگەی ناوچەیی ئێران"ـه.

پەمپه‌ئۆ لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ فاکس نیووز، جەختی کرد کە دەیان وڵات لە رۆژانی ١٣ و ١٤ی فێڤرییە/ ٢٤ و ٢٥ی رێبەندان لە دانیشتنی پۆلاندادا کۆدەبنەوە و  "پرسێکی گرینگ" کە لە دانیشتنانەدا دەخرێتە بەر باس، گەڕەنتیی کۆنتڕۆڵ و پێشگری لە کاریگەریی ناسەقامگیرکەری ئێران لە ناوچەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رۆژی هەینی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جەختی کرد کە وڵاتانی بەشدار بووی ئەو دانیشتنە بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە سەقامگیری و پاوەجێی رۆژهەڵاتی ناڤین هەیە. لە بەیاننامەکەدا ڕاشگەیێندراوە کە لەو دانیشتنە نێودەوڵەتییەدا پرسگەلێکی وەک تیرۆریزم، توندئاژۆیی، گەشەی مووشەکی و پێشگری لەو کارە، ئاسایش و بازرگانی دەریایی و هەڕەشەی گرووپە بە وەکالەتەکان بۆ سەر ناوچە تاوتوێ دەکرێن.

"کاریگەریی دژەسەقامگیریی" ئێران لە ناوچەدا دەستەواژەیەکە کە بەرپرسانی دۆناڵد ترامپ و خودی ئەو گەلی جار لە پەیوەندی لە گەڵ ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام خستوویانەتە دوای ئێران.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا کاتێک لە مانگی گوڵانی ئەمساڵی هەتاوی دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجامی ڕاگەیاند، وتی ئەو ڕێککەوتنە تاقیکاری مووشەکیی ئێران و کاریگەریی تاران لە سەر ناوچە و جیهانی لە خۆ نەگرتووە. هەر بۆیە بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا دەڵێن گۆڕەپانی "گوشاری لانی زۆریان" وەڕێخستووە هەتا دواجار ئێران بکێشینە پای میزی دانوستان؛ دانوستانێک کە بڕیارە ڕێککەوتنێکی کۆگرتر لە بەرجامی تێدا ئەنجام بدرێت.  

بەڵام خاڵی گرینگ لەو پەیوەندییەدا ئەوەیە کە دانیشتنی پۆلاندا لە کاتێکدا پلانی بۆ داڕێژراوە کە ئەورووپا هەوڵی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی خۆی هەمبەر بە ئێران لە رێگەی وەڕێخستنی کۆریدۆری دارایی تایبەتی دەدا.

لە هەلومەرجێکدا کە ئەورووپا لە لایەن ئێرانەوە بە کەم کاری لە بابەتی ڕاپەڕاندنی بەڵینەکانی تۆمەتبار کراوە، بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە لە وڵاتێکی ئەورووپی بە جۆرێک دەتوانێ تووش کردنی هاوپەیمانانی بەرجام بە کاری ئەنجام دراوەیە.

ئەورووپییەکان بە قسە دژی هەنگاوی پێشێل کەرانەی ئەمریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆکان لە دژی ئێرانن، بەڵام بەڕێوەچوونی دانیشتنێک لەبارەی چالاکیگەلی ناوچەیی ئێران و مانۆردان لە سەر پرسگەلێکی وەک توانستی مووشەکیی ئێران –بابەتێک کە ئەورووپا هەر لە ڕابردووەوە هەستیاری لە سەر بووە-  ڕاست لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە بە دوای جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی هەمبەر بە تارانە، دەتوانێ ببێتە هۆی هاودەنگیی ئەورووپا و ئەمریکا لە دژی ئێران.

News Code 24298

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 8 =