ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – جەواد حەیران نیا: دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە پەیامێکی تویتەریدا سەبارەت بە دەرچوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا نووسی: ئێمە داعشمان لە سووریا شکست داوە، ئەوە تاقە هۆکاری ئامادەبوونی هێزەکانمان لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی من لەو وڵاتەدا بوو.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاماژە بەوەی کە هەموو پێرسونێلی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تا ٢٤ کاتژمێری دیکە لە سووریا دەچنە دەرێ، وتی: تەواو تەواو هێزەکانی ئەمریکاش لە ماوەی ٦٠ تا ١٠٠ رۆژی داهاتوو خاکی سووریا بە جێ دێڵن.
سارا سەندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێک لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا، ئیدعای کرد: سەرکەوتنەکان بە سەر داعشدا بە واتای کۆتایی هاوپەیمانی لەو شەڕەدا نییە.
وتەبێژی کۆشکی سپی وتیشی: هاوکات لە گەڵ قۆناغێکی نوێ لەو شەڕە، ئێمە گەڕانەوەی سەربازانی ئەمریکیمان لە سووریاوە دەست پێکردووە.
لەوبارەیە وتووێژێکمان لە گەڵ پڕۆفیسۆر نادر ئینتسار سەرۆکی زانکۆی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئالابامی باشووری ئەمریکا و نووسەری کتێبی "سیاسەتی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناڤین"، سەبارەت بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکی لە خاکی سووریا ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:
* ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بە پەلە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەچێتە دەرێ و لە ماوەی ٦٠ تا ١٠٠ رۆژی داهاتووش تەواو خاکی سووریا چۆڵ دەکات. هۆکارەکانی ئەم بڕیارە چین؟
ـ ئەم بڕیارەی ئەمریکا یان وا باشە بڵێین ئەم بڕیارەی ترامپ، لە ئێستەدا تەواو ڕاچڵەکێنەرە و پێکهاتەی سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتەی هەژاندووە.
ڕەنگە هۆکارەکانی ئاوەها بڕیارێک سێ شت بن. لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ترامپ چەندین بڕیاری لەناکاو لە لایەن ئەوەوە دراوە. گفتوگۆ لە گەڵ رێبەری کۆریای باکوور یەکێکە لەو بڕیارانە. هەڵبەت ترامپ هەندێک لە بڕیارە لە ناکاوەکانی بە ئەنجام ناگەیێنێت.
سەبارەت بە سووریاش ئێمە دەبێ چاوەروان بین بزانین کە ئایا ترامپ وەرسووڕانێکی ١٨٠ دەرەجەیی دەبێت یان ئەوەی کە هێزەکانی لە سووریا دەباتە دەرێ.
هۆکاری دیکە سەبارەت بە بڕیاری ترامپ ڕەنگە ئەوە بێت کە هەندێک لە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەو مومکینە بە ترامپیان وتبێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمریکا بە بێ تێچوویەکی قورس توانستی گۆڕینی هاوکێشەی هێزی لە سووریا نابێت و بەرژەوەندیی ئەمریکا دەخوازێت کە لە زەڵکاوی سووریا بچێتە دەرێ.
هۆکاری سێهەم ڕەنگە ئەوە بێ کە ئەمریکا چرا سەوزی بە هاوپەیمانانی ناوچەیی خۆی و بە تایبەت تورکیا نیشان داوە کە پەرە بە دەستێوەردانی سەربازیی لە سووریا بدات. بەڵام بە گشتی هێشتا زووە بۆ دەست نیشان کردنی هۆکاری سەرەکیی ئەو بڕیارەی ترامپ.
* ترامپ بۆ پاساودانی هۆکاری بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا ڕایگەیاندووە کە داعش لە سووریا شکستی هێناوە و چیتر پێویست بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ناکات. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە دانوستانی ئەردۆغان و ترامپ دەکەن. ئایا ئەو بڕیارە دەتوانێ دەرەوەستی بەو دانوستانەوە هەبێ؟ ئەگەر وەهایە چ ڕێککەوتنێک لە نێوان ترامپ و ئەردۆغان سەبارەت بە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا کراوە؟
ـ ترامپ پرسی شکستی داعشی بۆ فریودانی ڕای گشتی بە کار هێناوە. دەنا بە بڕوای من گفتوگۆی نێوان ئەردۆغان و ترامپ گرینگییەکی زۆر زیاتری هەیە لە بیانوی شکستی داعش کە ترامپ بە هۆکاری بڕیارەکەی ڕاگەیاندووە. هەمووان و تەنانەت خود ئەمریکاش دەزانن کە گرووپگەلی تیرۆریستی هێشتاش چالاکیی بەربڵاویان لە سووریادا هەیە و هێشتا داعش لە سووریادا شکستی نەهێناوە.
* هێزەکانی کوردی سووریای دیموکراتیک کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، وێرای دەربڕینی ناڕەزایەتیان بۆ بڕیارەکەی ترامپ سەبارەت بە بردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەو کارەیان بە خەنجەرێک وەسف کردووە کە واشنتۆن لە پشتەوە لێی داون. دۆخی ئەو هێزانە چۆن دەبێت و ئایا دەکرێنە قوربانیی مامەڵەی ترامپ و ئەردۆغان؟
ـ دۆخی ئەوان گرێی خواردووە بەوەی کە وڵاتانی ناوچە تا چ ڕادەیەک درێژە بە یارمەتیی ماڵی و سەربازیان دەدەن.
دەرچوونی ئەمریکا لە سووریا لە خۆیدا نابێتە هۆی لە ناوچوونی ئەو هێزانە، بەڵکوو داهاتوویان گرێی خواردووە بەوەی کە ترامپ و ئەردۆغان چ جۆرە مامەڵەیەکیان لە سەر کردوون.
* ئیسرائیل رایگەیاندووە کە سەرەڕای دەرچوونی ئەمریکا لە سووریا، درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە سووریادا دەدات. دۆخی مەیدانیی سووریا لە نەبوونی ئەمریکا و بە تایبەت لەمناوە دۆخی ئیسرائیل چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ـ بە بڕوای من ئەگەرچی سایەدی گۆڕانکاریگەلێک لە سووریادا لە نەبوونی ئەمریکا و دەرچوونی لەو وڵاتەدا دەبین، بەڵام ئەو گۆرانکاریانە کاریگەرییەکی بنەڕەتیی لە سەر پلانەکانی ئیسرائیل لە سووریادا نابێت. واتە ئیسرائیل درێژە دەدا بە دەستێوەردانی سەربازی و شەڕخوازانەی لە سووریادا.
* رۆژی ڕابردوو دانیشتنی داڕشتنی دەستووری سووریا بە بەشداریی ئێران، ڕووسیا، تورکیا و ڕێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو. ئەگەرچی ئەو دانیشتنە لە سەرەتای رێگەی خۆیەتی، بەڵام نیشاندەری گەیشتنی سووریا بە دۆخی داڕشتنی دەستوور و تێپەڕبوون لە دۆخی قەیراناویی پێشترە. ئایا پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ئەم قۆناغە و بڕیارەکەی ترامپ؟
ـ بە ئاوردانەوە لەوەی کە دانیشتنی داڕشتنی دەستووری سووریا بە بەشداریی ئێران، ڕووسیا، تورکیا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چووە و ئەنجامەکانی ئەو دانیشتنە هێشتا ڕوون نییە، من پێموا نییە بڕیاری ترامپ پەیوەندییەکی بەو دانیشتنەوە هەبێ.
Your Comment