ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: کوژرانی سیپان حوزنی و ئاگرکەوتنەوەیەکی کوشندە لە زیندانی کۆبانی و گیانلەدەستدانی لانیکەم نۆ زیندانی، لە کاتێکدا ڕوویدا کە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشووی سووریای دیموکرات لە پێکهاتەی حکومەتی دیمەشقدا تا ئێستا ڕووبەڕووی یەکێک لە تاقیکردنەوە جددیەکانی بووەتەوە؛ قەیرانێک کە ئێستا پرسیاری لەبارەی ئاسایش، متمانەی گشتی، سەروەری یاسا و داهاتووی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا وروژاندووە.
پێشهاتەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو دوای ڕفاندن و کوشتنی سیپان حوزنی، لە حەسەکە دەستیپێکرد و بەخێرایی تەشەنەی کرد بۆ شارە کوردییەکان لەوانە قامیشلۆ، حەسەکە، عامودە، دەربەشییە، گێرەک لاگی، تۆربێسپی و دیراک. پاشان کۆبانی بووە جێگای سەرەکی گرژی و ناڕەزایەتی شەقامەکانی شارەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی دەیان کەس و ئاژاوەی زیندان و ئاگرکەوتنەوەیەکی کوشندە.
سیپان حوزنی کە ناوی ڕاستەقینەی سامی شێخموس حەسۆیە، ئەندامی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات بووە و دوای ڕێککەوتنی یەکگرتنەوە پەیوەندی بە لیوای حەسەکەی وەزارەتی بەرگری سووریاوە کردووە.
ناوبراو لە 10ی ئەیلول دوای ڕفاندنی لە حەسەکە بۆ ناوچە گوندنشینەکانی سەرێکانی گواسترایەوە و دواتر تەرمەکەی لە نزیک گوندی هێلو دۆزرایەوە.
بەرپرسانی ئەمنی سووریا ڕایانگەیاند، بە پشتبەستن بەو وێنە و زانیارییانەی کۆکراونەتەوە، تۆمەتباری سەرەکی کوشتنەکە دەستنیشانکراوە و ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی بەردەوامە. بەڵام هێشتا گێڕانەوەی سەربەخۆ لەبارەی پاڵنەری کوشتنەکە نییە کە بتوانێت ڕۆشنایی بخاتە سەر هەموو لایەنەکانی دۆسیەکە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پاگەندەی کردووە کە کوشتنی حوزنی پەیوەندی بە هێرشی تۆڵەسەندنەوە هەیە و نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بە تێوەگلان لە کوشتنی ژمارەیەک لە ئەندامانی هۆزی بوو حەسەنی هۆزی باگارێ تۆمەتبار کراوە.
ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم زانیارییانە هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەڵام گرنگی دۆسیەکە لە پاڵنەرە ئەگەرییەکانی کوشتنەکە تێدەپەڕێت. حوزنی لە کاتێکدا کرایە ئامانج کە هێزەکانی پێشووی هەسەدە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی یەکگرتن پەیوەندییان بە پێکهاتە سەربازییەکانی حکوومەتی سووریاوە کردبوو. بەو پێیەش ئەو ڕووداوە هەر زوو بوو بە پرسێکی پەیوەست بە ئاسایشی هێزە یەکگرتووەکان و ئاستی متمانەی کورد بە پێکهاتەی نوێی حکوومەت.
هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و ڕوونیان لە کوشتنەکە کردووە و هۆشدارییان داوە لە چارەسەرکردنی دۆسیەکە لە ڕێگەی ئاشتی عەشایەرییەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکە دەتوانێت ئەوە نیشان بدات کە حکوومەتی سووریا تا چەند توانای گەرەنتی ئاسایشی ئەو هێزانەی هەیە کە پەیوەندییان بە پێکهاتە فەرمییەکانیەوە کردووە.
هاوکات سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگری سووریا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات، کوشتنی حوزنی ئیدانە کرد و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی پەیوەندیدار بەو دۆسیەیەی ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکە و داوای لە خەڵک کرد ڕێگە نەدەن ڕووداوەکە بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی فراوانتر.
هەروەها نوورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەکە فەرمانی دا بەدواداچوون بۆ تاوانباران بکرێت و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری بکرێت، جەختیشی لەسەر بەرپرسیارێتی حکومەت کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان.
تەشەنەی ناڕەزایەتییەکان لە قامیشلۆوە بۆ کۆبانی
کاردانەوەی کۆمەڵگەی کورد بەرامبەر بە کوشتنی ئەو شەڕڤانە تەنیا لە ناڕەزایەتییەکی ناوخۆییدا سنووردار نەبوو. هەزاران کەس لە قامیشلۆ و سەدان کەس لە حەسەکە ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ناساندن و سزادانی ئەنجامدەرانی کوشتنەکەیان کرد. هەروەها لە ئامودا، دێربێشییە، گێرێکڵاگی، تۆربێسپی و دیراک گردبوونەوە کرا.
خۆپیشاندەران وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کوشتنە، جەختیان لەسەر پاراستنی یەکڕیزیی کورد و ڕێگەگرتن لە گۆڕینی ڕووداوەکە بۆ ململانێی نەتەوەیی کردەوە. هاوکات لە بەیاننامەیەکدا کە لە قامیشلۆ بڵاوکرایەوە، بەشێک لە خۆپیشاندەران پێشنیاریان کرد کە هێزەکانی دژبەری پرۆسەی تێکەڵکردن و چەسپاندنی مافەکانی کورد لە هەیکەلی نوێی حکومەتی سووریا لە پشت ڕووداوەکانەوەن. ئەم بانگەشەیە تا ئێستا بە لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان نەسەلمێنراوە.
ڕۆژی هەینی، هەزاران کەس لە شارەکەدا گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر کوشتنی حوزنی. بەگوێرەی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، هێزەکانی ئاسایشی گشتی دەستوەردانیان کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و لە کاتی پێکدادانەکەدا نارنجۆکی بێهۆشکەر و گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی ئاسمانی بەکارهێنراون. لە کاتی نائارامییەکاندا نزیکەی ٢٦ بۆ ٢٧ گەنج دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی کۆبانی گوازرانەوە.
گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ زیندانی حەلەب بووەتە هۆکارێکی نوێ بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە گواستنەوەی زیندانییەکان و مامەڵەکردنیان لە شاری حەلەب بووە هۆی ناڕەزایەتی لەناو زیندانەکەدا، کە دواتر لە چەند بەشێکی زیندانەکەدا سەریهەڵدا.
هێشتا جیاوازی لە ڕاپۆرتەکاندا هەیە سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکان. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ٨ زیندانی کوژراون و ١٧ کەسیش بریندار بوون، بەڵام ئاژانسی هەواڵی هەڤار لە ڕاپۆرتێکی نوێکراوەدا ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوەکان ٩ کەس بووە، بۆیە لە ئێستادا دەتوانین بڵێین لانیکەم ٨ زیندانی کوژراون و ١٧ کەسیش بریندار بوون.
تا ئێستا بە دڵنیاییەوە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیاری نەکراوە. هاوار ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، هاوکات کوردستان24 بڵاویکردەوە، ژمارەیەک زیندانی لە ناڕەزایەتیی گواستنەوەیان بۆ حەلەب، بەتانی و دۆشەک و کەلوپەلی دیکەیان لەناو زیندانەکەدا سووتاندووە. هەروەها پێویستە ئەم زانیاریانە بە وریاییەوە وەربگیرێت تا ئەنجامی فەرمی لێکۆڵینەوەکە ڕادەگەیەنرێت.
تەشەنەسەندنی قەیرانەکان لە کۆبانی وایکرد مەزلوم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار بڕواتە کۆباین. لەگەڵ گەیشتنی عەبدی، بوونی هێزە ئەمنییەکان لە شارەکەدا زیادی کرد و داوا لە دانیشتووانی شارەکە کرا لە ماڵەکانیان بمێننەوە. سەرچاوە نزیکەکان لە پێشهاتەکان هاتنی عەبدییان وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان هەڵسەنگاندووە، بەتایبەتی کە هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەنێو دانیشتوانی کۆبانیدا هەیە.
لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکانی قامیشلۆ و حەسەکە باس لەوە دەکرێت کە زۆربەیان ئاشتیانەن، کۆبانی بووەتە جێگای سەرەکی گرژی. عەدنان بوزان، سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیی کۆبانی سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا، وێڕای ئیدانەکردنی کوشتنی حوزنی، هۆشداریی لە تۆڵەسەندنەوە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دا و داوای کرد ڕێوشوێن لە دژی تاوانباران بگیرێتەبەر.
میدیای کوردی و ناوچەیی کوشتنی حوزنییان بە دۆسیەیەکی تەنیا تاوانکاری نەزانیوە و بەشێکی بەرچاوی ڕاپۆرتەکان لەسەر پەیوەندییەکەی بە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بووە.
هەروەها کاردانەوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر کاریگەرییە ئەمنی و سیاسییەکانی کوشتنی حوزنی و پەیوەندییەکەی بە داهاتووی پرۆسەی یەکگرتنەوە بووە.
توێژەر و شرۆڤەکاری کورد، هاوژین عەزیز لە هەژماری X ی خۆیدا، بە ئاماژە بە کوشتنی حوزنی، نووسیویەتی کە وەک پێشتر هۆشداری درابوو، توندوتیژی دژی کورد لە سووریا دوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە زیادبووندایە. ئەم هەڵوێستە ڕەنگدانەوەی بۆچوونێکە کە ڕووداوەکە وەک بەشێک لە ڕەوتێکی فراوانتر لە دژی کورد هەڵدەسەنگێنێت، هەرچەندە هێشتا بۆچوونێکی لەو شێوەیە بە بەڵگەی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی وەک سیپان حەمۆ و نوورەدین ئەحمەد هەوڵیانداوە دۆسیەکە لە چوارچێوەیەکی دادوەریدا بەڕێوەببەن و نەهێڵن بگۆڕێت بۆ ململانێی نەتەوەیی. جەختکردنەوەیان لەسەر دەستگیرکردنی تۆمەتباران و ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دەسەڵاتی دادوەری ئەوە دەردەخات کە حکوومەتی سووریا بەهەمان شێوە هەستیارە بەرامبەر بە دەرئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ڕووداوە.
ئەوەی ئەم زنجیرە ڕووداوە لە دۆسیەیەکی تاوانکاری ئاسایی جیا دەکاتەوە، کاتی ڕوودانیانە. هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکهاتەی سەربازی سەربەخۆی خۆیان هەڵوەشاندەوە و ئێستا هێزەکانی پێشوویان وەک یەکەی وەزارەتی بەرگری سووریا کاردەکەن. لەم جۆرە هەلومەرجەدا کوشتنی یەکێک لەو هێزانە ئەو پرسیارە بنەڕەتییە دەوروژێنێت کە ئایا حکومەتی نوێی سووریا توانای پاراستنی ئەو کەسانەی هەیە کە پەیوەندییان بە پێکهاتەکانیەوە کردووە؟
ئاگری زیندانی کۆبانیش قەیرانەکەی بەرەو ئاستێکی نوێ بردووە. ئەم ڕووداوە کە دوای ناڕەزایەتییەک لەسەر کوژرانی سەربازێکی کورد دەستی پێکرد و بووە هۆی دەستبەسەرکردنی دەیان گەنج و ئاژاوەی زیندان و کوژرانی لانیکەم هەشت زیندانی و بڵاوەپێکردنی زۆری هێزە ئەمنییەکان لەو شارە.
لەم ڕوانگەیەوە ئیتر مەسەلەکە تەنها جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکگرتن نییە. چۆن دەوڵەت دەسەڵاتی خۆی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هێزە یەکگرتووەکان و ڕێزگرتن لە مافی هاووڵاتیان و دروستکردنی متمانە بە کۆمەڵگای کوردی ئێستا بە هەمان شێوە گرنگ بووە.
ئەگەر لێکۆڵینەوە لە کوشتنی حوزی شەفاف و سەربەخۆ و دادوەری بێت و تاوانباران بەبێ گوێدانە پەیوەندییەکی خێڵەکی یان سیاسی دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، حکومەتی دیمەشق دەتوانێت ئەو دۆسیەیە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی جددییەتی خۆی لە جێبەجێکردنی سەروەری یاسادا نیشان بدات. بەڵام ئەگەر دۆسیەکە بەرەو ئاشتەوایی خێڵەکی، مامەڵەی هەڵبژێردراو، یان لێکۆڵینەوەیەکی ناڕوون بڕوات، پێدەچێت بێمتمانەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی پرۆسەی یەکگرتن زیاتر بکات.
ئەم ڕووداوانە ئێستا بوونەتە یەکێک لە یەکەم تاقیکردنەوە جددیەکانی حکوومەتی نوێی سووریا بەرامبەر کۆمەڵگەی کوردی؛ تاقیکردنەوەیەک کە دەرئەنجامەکەی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاستی متمانەی کورد بە حکومەتی دیمەشق و داهاتووی پرۆسەی تێکەڵکردنی پێکهاتە کوردییەکان لەگەڵ حکومەتی سوریادا هەبێت.
Your Comment