به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر، لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاماژه دراوه که ژان ئێڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هیوای خواستووە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامی ئەرێنیان هەبێت و ببێتە هۆی دەستپێکردنی دانوستانێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان هەردولا و لەو بوارەشدا فەڕەنسا هاوکاردەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە دیدارەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندی باڵای حکومەت، دوا پێشهاتەکانی گفتوگۆی لیژنه تهكنیكییهكانى نێوان ههولێر و بهغدا كه بۆ چهند دۆسیەیهك پێکهێنراون، تاوتوێ كران و ڕۆشنایی خرایه سهر دوایین كار و ههنگاوهكانی ئهو لیژنانه. هەروەها باس لە دیداری نێوان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی کراوە کە لە داڤۆسی سویسرا بەڕێوەچوو.
لە کۆتایی دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر دۆخی ناوچەکە و پرۆسەی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە لە ئێستادا لە کوەیت بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ دووشهمه ژان ئێڤ لۆدریان وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر پێشوازیى لێکرا.
پێش سەردانەکەى بۆ هەرێم، وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا لە بەغدا لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەرى وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبووەوە.
Your Comment