بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی (SNN)ی ڕاگەیاند: ڕۆژی ۲۷ی دیسامبێری ۲۰۱۷، نووسراوێكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی لەعێراق ئاڕاستەی هەر دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێر كرا كە تایبەتە بە درێژكردنەوەی گەمارۆی سەر گەشتی نێودەوڵەتی هەر دوو فڕۆكەخانەكە بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە.
وتیشی: هەرچەندە هەموو لایەک پێشبینی دەكرد كە دوای سەری ساڵەوە، حكوومەتی عێراق وەكو نیازپاكییەک ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام بڕیارەكەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی لەعێراق ئەو ئومێدەی لە باربرد.
كاتژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی ۲۹ی سێپتامبری ۲۰۱۷، حكوومەتی عێراق بە بیانووی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، تەواوی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەر دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی قەدەغە كرد و داوای كرد كە هەر دوو فرۆكەخانەكە بخرێنە ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی ناوەندییەوە.
Your Comment