ئاژنسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی؛ کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا و "مەلەک سەلمان" پادشای عەرەبستان سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر ڕیاز گفتوگۆیەکی تەلەفونیان بووە و لەو گفتوگۆیەدا رێبەرانی دوو وڵات جەختیان لە گرینگیی وەڵامدانەوەی ئێران لەوبارەیە کردووە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە پاش هێرشی مووشەکیی چەکدارانی حوسی بۆ سەر کۆشکی یەمامە لە ڕیاز، دۆناڵد ترامپ هاوپەیمانیی خۆی لە گەڵ پادشای عەرەبستان دەربڕیوە.
عەرەبستان ئیدعای کردووە کە مووشەکە تەقێندراوەکان لە یەمەنەوە بۆ سەر وڵاتەکەی بەرهەمی ئێرانن و "نیکی هیلی" نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان-یش بە نمایشدانی کۆمەڵێک وێنە پاگەندەی عەرەبستانی دووپات کردەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر درۆبوونی ئەو ئیدعایە سەلمێندرا.
عەرەبستانی سعوودی رۆژی سێ شەممە ۲۸ی سەرماوەز ڕایگەیاند مووشەکێکی بالیستیکی "ئێرانی – حوسی" لە ئاسمانی ڕیازدا تەقێندرایەوە. محەمەد عەبدولسەلام، وتەبێژی حوسییەکان، لە یەمەندا وتبووی کە مووشەکێک بەرەو کۆشکی پادشای عەرەبستان لە ڕیاز هاویشتراوە.
لە بەیاننامەی کۆشکی سپیدا هاتووە: مەلەک سەلمان لە گفتوگۆیەکی تەلەفونی دوازانیارییەکان سەبارەت بەو هێرشە مووشەکییە و هەروەها پلانی عەرەبستان بۆ دابەزاندنی دۆخی مرۆیی لە یەمەنی بە دۆناڵد ترامپ ڕاگەیاندووە.
کۆشکی سپی دەڵێت: دۆناڵد ترامپ و مەلەک سەلمان سەبارەت بە دەسپێکی ڕەوتێکی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە یەمەندا ڕێککەوتوون.
گوشارخستنە سەر ئێران لە رێگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
کۆشکی سپی دەشڵێت: رێبەرانی دوو وڵات سەبارەت بە پرسی گوشار خستنەسەر ئێران لە رێگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشێل کردنی بەردەوامی یاساگەلی نێودەوڵەتی ڕایان گۆڕیوەتەوە.
پاش هێرشی مووشەکیی رۆژی سێ شەممە، نیکی هیلی باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئیدعای کرد کە هێرشی مووشەکیی نوێ بۆ سەر ڕیاز هاوشێوەی تەواو هێرشەکانی پێشووە کە بە یارمەتیی چەکە دابین کراوەکانی ئێران بۆ هێزەکانی یەمەنی ئەنجام دراوە.
هیلی-یش جەختی لە زەروورەتی هەنگاوی هاوبەش بۆ دیاری کردنی "جەنایەتەکانی ڕژیمی تاران" کردەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە میانەی هێرشی ٣ ساڵی ڕابردووی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەندا کوژراون و جگە لەوە خەڵکی ئەو وڵاتە بە هۆی گەمارۆدران لە لایەن عەرەبستانەوە بەرەوڕووی نەخۆشیگەلی مەترسیداری وەک کولێرا و پیسی و هەروەها قاتەساڵی بوونەتەوە.
Your Comment