بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ئاوێنە، مەسعود بارزانی، سەرلەبەیانی دوێنێ (دووشەممە) ٤ی دیسامبێر لە پیرمام بهدور له چاوی كامێراكان لەگەڵ ژمارەیەك لەفەرماندەكانی پێشمەرگە لەوان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی ۷۰ و مستەفا چاوڕەش، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەبون كۆبۆوه.
تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ناوەڕۆک و مەبەستی كۆبونەوەكەوە ڕانەگێندراوە.
كۆبونەوەكەی مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەو فەرماندانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە یەكەم كۆبونەوە دادهنرێت لەپاش ڕووداوەكانی ۱۶ی ئۆكتۆبەری ڕابردووی شاری كەركووک، كە مەسعود بارزانی لەچەند بۆنەیەكدا لەپەیوەست بەو ڕووداوەوە بەشێک لە بەرپرسانی یەكێتی بە "خیانەتكردن" تۆمەتباركردبوو.
كۆبونەوەكە لەكاتێكدایە كە مەسعوود بارزانی لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا لەنامەیەكدا بۆ پەرلەمانی كوردستان بەردەوامبونی لەپۆستی سەرۆكی هەرێم ڕەتكردەوە و پاش ئەوەش پەرلەمانی كوردستان یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمدا پەسندكرد، كە بەپێی یاساكە ئەركی سەرۆكی هەرێم وەك فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان هەڵپەسێردراوە.
Your Comment