ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە پێشتر وتبووی، دەتوانێ بە "زۆرەملێ و هێزی چەک" هێزەکانی یەمەنی تەسلیم بکا و لەناویان ببات، شەوی ڕابردوو (سێشەممە) لە پڕدا ڕایگەیاند کە لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ هێزەکانی ئەنساروڵڵا و ئەرتەشی یەمەندا "ئەمریکا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی یەمەن ڕادەگەرێت، چونکە یەمەنییەکان بەڵینیان داوە کە چیتر لە دەریای سوور پەلاماری پاپۆرە ئەمریکاییەکان نادەن".
"الجزیرە" لە ڕاپۆرتێک لەوبارەیە، وێڕای ئاماژە بە ئامانجە ئاڵۆزەکانی جۆ بایدن و دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا هەمبەر بە یەمەن، نووسی: وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئاگربڕی ئەمجارە هیچ دەروەستی بە ئەنساروڵڵاوە نییە و تەنیا بۆ گەڕاندنەوەی هێزی بەرگری و کردنەوەی ڕێڕەوگە ئاوییەکان کراوە.
هاوکات کیس جانسۆن، نووسەری ئەمریکایی لە وتارێک کە لە فاریەن پالیسی لە 22ی ئاڤریڵ بڵاوی کردەوە، لە وەڵامی پرسیار لە ئەنگێزەکانی ترامپ لە شەڕی یەمەن نووسی: ترامپ لای وایە کە دەتوانێ ئەو پرسانەی جۆ بایدن لە چارەسەرییان نامراد بوو، جێبەجێ بکات و بە بیانووی پاڵپشتی لە بازرگانی نێودەوڵەتی و لەناوبردنی بەرەی ئێرانی هێرشی کردە یەمەن، لە کاتێکدا کە هەڵسوکەوتی خود ترامپ لە دژی بازرگانی نێودەوڵەتی و ڕێگا دەریاییەکان، زۆر مەترسیدارتر بوو.
جانسۆن هەروەها لای وایە کە دەوڵەتی ترامپ بەو کارە ویستی هێزی سەربازیی نمایش بدات و ئەم پەیامە بە چین بدات کە بیر لە داگیرکردنی تایوان نەکاتەوە، بەڵام هەڵسوکەتی لاوازی لە یەمەن، ئەنجامەکەی تەواو ئاوەژوو کردەوە و ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی کەوتۆتە داوێک کە بۆ سەلماندنی هێزی بەرگریی، ناچارە لە پێناو کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، ئەنساروڵڵا بە یەکجاری لەناو ببات.
کەچی بە کردەوە، ساڵێک پاش هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر بنکە و مۆڵگەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن و پاشان درێژەدان بەو شەڕە لە لایەن ترامپ، دەبینین کە چۆن سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا خۆی لە ئاژاوەیەکی زۆر ئاڵۆزتر لە ئاستی نێودەوڵەتی وەرداوە و تووشی سەرلێشوان بووە. بە جۆرێک کە تا ئێستا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هیچ ڕاپۆرتێکی لە هەلومەرجی شەڕی یەمەن بڵاو نەکردۆتەوە و چاوەروانیی ترامپ لە بیستنی هەواڵێکی خۆش لە شەڕی یەمەن بێ ئەنجام ماوە.
بە چەشنێک کە نووسەری ئەمریکایی یادداشتەکەی فاریەن پالیسی، باس لەوە دەکات کە چۆن ترامپ بە هەڵگیرساندنی شەڕ لە دژی وڵاتێکی ئاڵۆزی وەک یەمەن کە ئەزموونی شەڕی لێکدراوانەی هەیە، پڕ مەترسیترین هەنگاوی مومکینی هەڵگرتووە و ئیدارەی شەڕەکەی سپاردۆتە تاقمێک لە ئەفسەران و بڕۆکراتە ئەمریکاییەکان کە تەنیا دڵخۆشیان هەبوونی "مووشەکی زۆر باش"ـه.
کەچی ئەوان بە پێچەوانەی بایدن و تیمەکەی، نەیاندەزانی کە یەمەنییەکان خێرا و بە دەستوبرد کەرەسەی جەنگیی زۆر هەرزان و کاریگەر بەرهەم دێنن و ئەگەرچی لەباری کوالیتییەوە لەگەڵ چەکی ئەمریکایی بەراورد ناکرێن، بەڵام کاریگەرن لە ئاراستەی ڕەوتی شەڕەکە. ئەمە بە بەراورد لەگەڵ چەکە زۆر گرانباییەکانی ئەمریکا، تێچوویەکی زۆر قورس لە سەر گیرفانی ئەمریکا لەم شەڕەدا دادەنێت. بە جۆرێک کە تەنیا هێرشەکانی ئەمریکا لە سەردەمی جۆ بایدن، نیو ملیارد دۆلار تێچووی بۆ ئەو وڵاتە زلهێزە بەدواوە بووە.
بەمجۆرە "الجزیرە" لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی بە هەڵسەنگاندنی دۆخی گاڵتەجارانەی ئەمریکا لە شەڕی یەمەن، دەنووسێ: ئەرتەشێک کە ناتوانێ لە شەڕێکی چکۆلەدا جیهازاتی پێویستی خۆی دابین بکات، چۆن دەتوانێ ببێتە هۆی نیگەرانیی ڕکابەری بەهێزی خۆی کە لە خاکی وڵاتەکەیدا سەقامگیرە و کارخانە و جیهازاتی تایبەت بە خۆی هەی.
ئەو میدیایە باس لەوە دەکات کە چۆن بایدن بە هوشیارییەکی زیاترەوە بەرەوڕووی ئەنساروڵڵا دەبۆوە، لە کاتێکدا کە ترامپ بە ئاشکرا ئیدعای دەکرد کە ئەنساروڵڵا بە یەکجاری لەناو دەبات. کەچی وەک ئیمیلی میلیکیان کارناسی ناوەندی ڕەفیق حەریری دەڵێت، ئەوی ئەنساروڵڵای کردۆتە گرفتێکی جیدی بۆ ئەمریکا، شلکیی ئۆپەراسیۆنیان و هێزی باڵایان لە هاوژینیی ستراتژیک و دزەی قووڵیان لە ناوخۆی یەمەنە و هاوکات دەزانن چۆن لە گۆڕانی ستراتژیکی ئەمریکا بۆ خۆدزینەوە لە شەڕ لەگەڵ ئێران، کەڵکئاوەژوویی بکە.
بۆیە بە گوێرەی ئەو کارناسە، ئەمریکا نەک بە مووشەک، بەڵکوو پێویستی بە شەڕێکی لێکدراوانەیە بۆ شەڕ لە دژی هێزێکی چەند پێکهاتەیەیی کە بە گوێرەی سەرکردەکانبی زیاتر لە نیو ملیۆن هێزی هەیە.
Your Comment