بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەنفال ناوی پڕۆسەیەکی پلانداڕێژراوی رژێمی بەعس بوو لە عێراق بۆ لەناوبردنی ناڕەزایەتیی کوردەکان دژ بەو ستەمەی کە بەغداد لێی دەکردن، پڕۆسەکە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە دوو ئەنفالی بەربڵاو و گەورەی کوردی فەیلی و بارزانییەکان دەستی پێ کرد.
دواتر بە هەشت قۆناغ و بە گشتی لە میانی هەشت ساڵدا ئەنجامدرا، بۆیە لەناو کوردەکاندا بە “شاڵاوەکانی ئەنفال” ناسراوە.
لە شاڵاوی ئەنفالدا، لە هەرێمی کوردستان182 هەزار کەسی سڤیل بوونە قوربانی و چوار هەزار و 500 گوندیش تێکدران، عەلی حەسەن مەجید سەرکردەی ئەم هەڵمەتە بوو.
لەو پڕۆسەیەدا زیاتر لە 215 هەزار کوردی فەیلی ناسنامەی عێراقییان لێ ستێندرایەوە و بە زۆر راگوازران و رەوانەی ئێران کران بە بیانووی ئەوەی شیعەن و دەبێت بچنە ئەو وڵاتە و لەم نێوەندەشدا، پێنج هەزار کەسیان بە شێوازی جۆراوجۆر لەسێدارەدان و زیندەبەچاڵکران، بەوهۆیەوە 400 هەزار کوردی فەیلی زەرەرمەند بوون و ناچار بە کۆچی زۆرەملێ بوون، چواری نیسانی هەموو ساڵێک بە رۆژی کۆمەڵکوژیی کوردی فەیلی ناسراوە.
شاڵاوی ئەنفال لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراقدا ئەنجامدرا، وڵاتانی سوید، نەرویژ و شانشینی یەکگرتوو بەشێوەیەکی رەسمی کۆمەڵکوژیی ئەنفالیان بە جینۆساید ناساندووە.
قۆناغەکانی ئەنفال بەمشێوەیە بوون:
21ی شوباتی 1988- 18ی ئازاری 1988 ئەنفالی یەک لە پارێزگای سلێمانی کە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە.
22ی ئازاری 1988- 1ی نیسانی 1988 ئەنفالی دوو ناوچەی قەرەداغ-پارێزگای سلێمانی کە تێیدا جگە لە وێرانکردنی گوندەکان، چەکی کیمیاییش بەکارهێندرا.
31ی ئازاری 1988- 18ی نیسانی 1988 ئەنفالی سێ کە بە بەرفراوانترین شاڵاوی ئەنفال ناوی دەهێندرێت ناوچەی گەرمیان سنووری پارێزگای دیالەی گرتەوە.
20ی نیسانی 1988- 5ی ئایاری 1988 ئەنفالی چوار سنووری ناحیەکانی عەسکەر، شوان و ئاغجەلەر لە پارێزگای کەرکوک و دەشتی کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر لەم ئەنفالەدا چەکی کیمیایی بەکار هێنرا و گوندی گۆپتەپە سەربە ناحیەی ئاغجەلەر لە سێی ئایار بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرا.
24ی ئایاری 1988 ، 31ی ئابی1988 ، ئەنفالی پێنج، ئەنفالی شەش، ئەنفالی حەوت دوا رۆژەکانی مانگی رەمەزان بوو کە سوپای عێراق دەستی بە راماڵینی گوند و ئاوەدانییەکانی سنووری قەزاکانی شەقڵاوە و رەواندوز کرد لەم هێرشەدا.
سەرەتای ئەنفالی شەش لە 26ی تەمموزی 1988 بە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵی مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی ھیران و سماقولی بە چەکی کیمیاوی دەستیپێکرد.
لەمیانەی شاڵاوەکانی ئەنفالی پێنج، شەش و حەوت، 52 گوند لە ناحیەی خەلیفان و رەواندز و خۆشناو وێران کران، کە سەرجەم خێزانکانیان (2602) کەس بوون.
دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال لە 25ی ئابی 1988 دەستیپێکرد و 6ی ئەیلولی 1988 کۆتاییپێهات کە بە ئەنفالی هەشت ناسراوە، لەم هێرش و پەلامارەدا شارەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ سەربە پارێزگای دهۆک کەوتنە بەر پەلاماری سوپای بەعس.
رووفاتی بەشێک لە ئەنفالکراوان کە دەوترێت بەشێکیان بە زیندوویی خراونەتە چاڵەوە، هێندرانەوە هەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە حوزەیرانی ساڵی 2007 ئەنفالی وەک کۆمەڵکوژی ناساند و لەم بارەیەوە بڕیاری دا کە حکومەتی عێراق پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو حکومەتە هیچ هەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال نەناوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵێک دواتر بە دیاریکراوی لە رۆژی 14ی نیسانی 2008دا، ئەنفالی وەک پرۆسەیەکی پلانداڕێژراو بۆ قڕکردنی گەلی کورد بە “جینۆساید” ناسی و ئەنجومەنەکە ساڵی 2017 بڕیاری دا بەوەی کە رۆژی 14ی نیسان هەموو ساڵێک بکرێتە رۆژێکی نیشتمانی لە عێراق.
Your Comment