بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی “بانگەواز بۆ وەرچەرخانێکی جیهانی” وتارێکی پێشکەش کرد.
عێراقچی وتی: پێویستە لە واقیعێکی تاڵدا بەدواداچوون بۆ وەڵامەکە بکرێت: دەیان ساڵ دەستێوەردانی دەرەکی و گوشاری سەربازی و شەڕی بێکۆتایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگریان سەلماندووە: دەستوەردانی سەربازی ئاسایش ناخوڵقێنێت، وە بەکارهێنانی فشار و زۆرەملێش ئاشتیی لێناکەوێتەوە.
وتیشی: بەڵکوو شەڕ وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاسایی بووەتەوە و بووەتە هۆی بەردەوامبوونی نەخشەی ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێی بەردەوام.
کارەساتی غەززە و تاوانە بەردەوامەکانی ڕژێمی ئیسرائیل لە ڕوونترین و ترسناکترین دەرکەوتەکانی ئەم نەخشە شکستخواردووەیە. ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، تەنیا کارەساتێکی مرۆیی نییە؛ تاقیکردنەوەی ویژدان و بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. کوشتنی خەڵکی سڤیل، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، سزادانی بەکۆمەڵ و لەناوبردنی ژێرخانی ژیانی، کاتێک بەبێ لێپرسینەوەیەکی کاریگەر مایەوە، تەشەنەی کرد بۆ لوبنان.
جیهانی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە فرەلایەنی ڕاستەقینە و کاریگەر و دادپەروەرانە هەیە. وەرچەرخانێکی جیهانی پێویستی بە ئیرادە و بوێری سیاسی هەیە بۆ گۆڕینی ڕەوتی بزووتنەوەی ئێستا: لە میلیتاریزمەوە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، لە دەستێوەردانگەرییەوە بۆ ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی، لە سزای بەکۆمەڵەوە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی، لە لێپرسینەوەی هەڵبژێردراوەوە بۆ دادپەروەری گشتگیر و لە شەڕە بێکۆتاکانەوە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەمڕۆ لەبەردەم هەڵبژاردنێکی مێژوویی و شارستانیدایە. دەتوانین لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوام بین؛ ڕێگای میلیتاریزم و دەستێوەردان و ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی بێکۆتایی. یان دەتوانین ئیرادە و بوێریمان هەبێت بۆ گۆڕینی ڕێڕەو. دەتوانین گەشەپێدان بخەینەوە ناوەند. دەتوانین کەرامەتی مرۆڤ لە پێشینەی حیساباتی دەسەڵات دابنێین. دەتوانین دادپەروەری لە قۆرخکاری و هەڵبژاردن ڕزگار بکەین. وە دەتوانین جارێکی تر مانای ڕاستەقینە و متمانە بە یاسای نێودەوڵەتی بدەینەوە. ئەمە ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییە کە ئەمڕۆ جیهان پێویستی پێیەتی. و کاتی بۆ ئەوە سبەی یان لە داهاتوویەکی نادیاردا نییە؛ کاتی ئەوە ئێستایە.
Your Comment