ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: گۆڤاری "لانگ وار"ی سەر بە توێژینگەی ئەمریکایی بنیاتی بەرگری لە دیمەکراسییەکان لە شرۆڤەیەکدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و دەوڵەتی کاتی سووریا و بڕیاری ئاوێتەکردنی هێزی 100 هەزار کەسی و زۆرتر کوردی هەسەدە لە ئەرتەشی نوێی سووریادا، نووسی: ئەو هەنگاوە زۆر چاوەرواننەکراو بوو، چونکە کوردەکانی سووریا متمانەیان بە دەوڵەتی کاتی دیمەشق بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع نەبوو.
لە لایەکی ترەوە ئەحمەد شەرع کە پێشتر سەرکردەی هەتەسە و نزیک لە ئەلقاعیدە بووە و لە قۆناغیکیشدا هاوکاری داعشی کردووە، پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد بە هاوکاریی نلیمەتانی پێشووی سووری، گرووپەکەی هەڵوەشاندۆتەوە و خۆی بە دەسەڵاتداری نوێی ئەو وڵاتە ناساندووە و ئێستا بۆ شەرعیەتوەرگرتن لە ڕۆژئاواییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و سڕینەوەی ئەنگی تیرۆریزم لە سەر خۆی و گرووپەی، بەڵێنیی دەوڵەتی گشتگیری داوە.
ڕیسکی بیر لێکراوەی هەسەدە
هەسەدە سەرەتا هوشیارانە هەڵسوکەوتی دەکرد، چونکە پێشتر بە گومان بوو لە پێکهاتنی حکومەت لەلایەن جیهادییەکەوە. ئینجا ئەم گومانە لەگەڵ هێرشی ئەرتەشی تورکیا و تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی سووریا و ژێرخانە مەدەنییەکان، بوو بە نیگەرانی. بە تایبەت کاتێ شەرع جەختی لە هەڵوەشانەوەی هەسەدە و ئاوێتەکرانی لە ئەرتەشی سووریا دەکرد و کوردەکان تا 10ی مارچ ئەم داواکارییەیان ڕەت دەکردەوە.
بەڵام چی کرا کە هەسەدە کۆتا هات و بڕیارەکەی قبووڵ کرد؟ دیارە شیمانەییترین وەڵام، وەرگرتنی گەڕەنتی ئەمنی لە تورکیایە.
لە لایەکی ترەوە ئەگەر لەو باوەڕە بین کە پەکەکە ئیلهامدەری ئایدیۆلۆژیی هەسەدە بێت، ئەوا لە 27ی فێڤرییەدا لە سەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتری کرێکارانی کوردستان، بڕیارە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئەنقەرە، چەک دابنێت و هەڵوەشێتەوە.
ڕەنگە کاتێک ئەردۆغان لە پێناو وەرگرتنی پاڵپشتیی کوردەکان بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا و درێژەی خولی سەرۆک کۆماریی، دەستەودامێنی ئۆجەلان بووبێت، ئۆجەلانیش لە بەرامبەردا گەڕەنتیی یاسایی بۆ وەرگرتنی مافی سیاسی و فەرهەنگی کوردەکان و بەڵێندانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە پەلامارەکانی بۆ سەر هەسەدەی داوا کردبێت.
گەمەیەکی ترسێنەر
گۆڤاری "لانگ وار"ی لە درێژەی شرۆڤەکەیدا لە ئەنجامی ترسێنەری ڕێککەوتنی هەسەدە و ڕژیمی جۆلانی لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا وەک تاقە پاڵپشتی هەسەدە لە سووریا دەکۆڵیتەوە و دەنووسێ: ئاوێتەبوون لە ئەرتەشی سووریادا، ڕەنگە بۆ هەسەدە قەڵغانێکی کاتی لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێت، بەڵام چۆنیەتی ئەم ئاوێتەکارییە هێشتا ناڕوونە. چونکە ئەگەر هێزەکانی شەرع بەردەوام بن لە درێژەدان بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەمینەکانی سووریا و لەوان عەلەوییەکان یان پەلاماری کوردەکان بداتەوە، پێدەچێ هەسەدە پلانێکی بۆ کشانەوە لەو ڕێککەوتنەدا هەبێت.
هەر بۆیە دەکرێ بەو ئەنجامە بگەین کە ئەم ڕێککەوتنە سەرەڕای ناپاوەجێی، ستراتژییەکی مانەوە لە شەڕێکی ناپێشبینیگەرانە بێت.
Your Comment