ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ کاوە موحەمەد: بەرقەرارکردنی ئاشتی دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و توندوتیژی، پێویستی بە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار هەیە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی ئاشتییانە و نیازپاکیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بنیاتنرابێت.
ساڵی (١٩٩٠) کە (نیلسۆن ماندێلا) دوای بەڕێکردنی (٢٧) ساڵ لە زیندان، ئازادکرا، راستەوخۆ دانوستان لەنێوان حکومەتەکەی (دیکلێرک) و (کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقیا-ANC) دەستیپێکرد و دواتر لەساڵی (١٩٩٤) هەڵبژاردن ئەنجامدرا و (ANC) سەرکەوتنی بەدەستهێنا. پاشان پەرلەمان لیژنەی (ڕاستی و دادپەروەری) پێکهێنا و قۆناغی (دادپەروەریی گوازراوە- العدالە اڵانتقالیە) بەڕێخرا، ئینجا توانرا ئەو زەمینەیە بڕەخسێنرێت کە پرۆسەی ئاشتی لە( باشووری ئەفریقیا) لەسەر پێی خۆی بوەستێت. چەندین نموونەی تری وڵاتان هەن کە دەیسەلمێنن ئاشتی تەنها بە پەیام و نیازپاکیی تاکلایەنە بەدینایەت.
من تاسەر ئێسقان لەگەڵ ئاشتی و دوورکەوتنەوەم لە پەنابردنە بە چەک و جەنگ، هەر ئەمەشە وام لێدەکات کە گومان لەوە بکەم پەیامەکەی ئەمڕۆی (ئۆجەلان) بتوانێت ئەو ئاشتیە بەدیبێنێت کە شایستەی گەلانی تورکیایە، چونکە؛
١-پەیامێکە لە زیندانەوە ئاراستەکراوە.
٢-هیچ گفتوگۆیەکی جدی بۆ ئاشتی لەئارادا نیە.
٣-هیچ زەمانەتێک بۆ ئەو (ئازادی و دیموکراسی)یە نیە کە (ئۆجەلان) لە پێناویاندا داوای چەکدانانی (پەکەکە) و خۆهەڵوەشاندنەوەی دەکات.
٤-تێبینی هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی (ئاکەپە) بەرامبەر بە کورد ناکرێت.
٤-هیچ بەڵێن و گرەنتیدانێک بۆ گۆڕانکاریی دەستووری بوونی نیە.
٥- بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بە قۆناغی (دادپەروەریی گوازراوە) نەکراوە.
چەندین خاڵی تر کە وامان لێدەکات بە گومان بین لەوەی پەیامەکە ببێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە تورکیا و پەیوەندییەکانی (تورکیا و کورد) کە (ئاشتی و دیموکراسی) بنەماکەی پێکبهێنن.
نایشارمەوە مەترسیی ئەوەشم هەیە کە زۆرجار لە مێژوودا دۆخی سایکۆلۆژی سەرکردەکان فاکتەری سەرەکی بڕیارە سیاسییە گەورەکان بوون؛ رەنگە لەپشت ئەو پەیامەوە، بوونی (ئۆجەلان) لە زیندان و هەڵکشانی تەمەنەکەیشی رۆڵی خۆیان هەبێت، کە هیوادارم وا نەبێت و پرۆسەیەکی ئاشتی ڕاستەقینە لەو پەیامە بکەوێتەوە، کە خێری تەنها بۆ تورکیا نابێت، بەڵکو تەواوی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبێت.

چەندین خاڵ وامان لێدەکات بەگومان بین لەوەی پەیامەکە ببێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە تورکیا و پەیوەندییەکانی (تورکیا و کورد) کە (ئاشتی و دیموکراسی) بنەماکەی پێکبهێنن.
News ID 54157
Your Comment