بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران وتەدانەکەی لە مەکۆی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستپێکرد.
پزشکیان وتی: من لە ئێرانەوە هاتووم کە قوتابخانەکەیان بۆردومان کراوە. ئەم منداڵانە دەبینن؟ لە ژێر بۆردومانی ئەو چەکانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاریان دەهێنا گیانیان لەدەستدا.
منداڵانی بێتاوان بوون و هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابوو.
وتیشی: دووسەد ساڵە هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک و تەنها بەرگری لە خۆمان دەکەین؛ ئێستا ئێوە بە ئێمە دەڵێن تیرۆریست؟
ڕاشیگەیاند: دەسەڵاتی سەربازی ئێمە بۆ بەرگرییە و داوای مۆڵەت لە کەس ناکەین بۆی.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: ئێمە باوەڕمان بە دیپلۆماسی هەیە و لەژێر فشاری هێزی سەربازیدا تەسلیم نابین.
زیادیشی کرد: دەسەڵاتی سەربازی ئێران بۆ بەرگرییە.
ئێران دەبێ ئەوەندە دووربین بێت کە لە نائەمنیی دراوسێکانیدا بەدوای ئاسایشی خۆیدا نەگەڕێت.
سیستەمی بەرگریمان بۆ ئەوە دروست کرد کە کەس بیر لەوە نەکاتەوە کە بۆردومانکردنی شارەکانی ئێران بێ وەڵام دەمێنێتەوە.
سەرۆک کۆمار بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: نەتەوەی ئێران قوربانیی تیرۆرە و بەرگری لە خۆی کردووە لە بەرامبەر هێرشە سەپێنراوەکان.
سەرۆک مەسعوود پزشکیان لە وتارەکەیدا لە ٨١ەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکی ئەمریکا ڕایگەیاند: دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکەیدا ئێرانی بە تیرۆریست ناساند، لە کاتێکدا ئێمە قوربانی تیرۆرین.
ئاماژەی بەوەشکرد: من لە ئێرانییەکەوە هاتووم کە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی سەرکردەکەمان [ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان] تیرۆریان کرد.
من لە ئێرانییەکەو هاتووم کە قوتابخانەیەکیان بۆردومان کرد و بە چەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی قوتابیەکانمانیان کوشت، لە کاتێکدا ئەوان تاوانبار نەبوون و هیچ تاوانێکیان نەکردبوو.
جەختیشی کرد: ئەمریکا و ئیسرائیل بە نوێترین تەکنەلۆژیا و کەرەستە هێرشیان کردە سەر ئێمە و گەلەکەمان بەهێز وەستا و بەرەنگاری بووەوە، بەڵام ئێمە کڕنۆشمان بۆیان دانەنا و وەڵاممان دایەوە.
بەڵام ئێمە خەڵکی مەدەنیمان نەکردە ئامانج. ئەوان لەو زەوییانەی لێوە هاتوون هێرشیان کردە سەر قوتابخانەکەمان، نەخۆشخانەکەمان، زانکۆکەمان، پردەکانمان و ژێرخانی ئێمە و هەموو ئەو کارانەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
پزشکیان ڕایگەیاند: کاتێک دەستبەکار بووم، لە ڕۆژی یەکەمدا، ئیسماعیل هەنیەیان لە تاران تیرۆر کرد. ئیسرائیل هەر حکومەتێک و هەر دەوڵەتێک و هەر ناوچەیەک بیەوێت بۆردومانی دەکات و تیرۆری دەکات. لە غەززە زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسی بێتاوانیان کۆمەڵکوژ کردووە و زیاتر لە چەند سەد هەزار کەسیش ئاوارە بوون. ئەوان جینۆساید دەکەن و ئەو ئامراز و تەکنۆلۆژیایانەی کە هەیانە بەکاری دەهێنن، بەڵام دواتر دەڵێن ئەوانی تر تیرۆریستن و هۆکاری نائارامییەکانن.
پزشکیان ڕایگەیاند: ئایا ئێمە هۆکاری نائارامیین؟ ئێمە کە دەمانەوێت سەربەخۆ بژین و نامانەوێت کڕنۆش ببەین، ئایا نائارامین؟ ئەگەر ئەوانەی تیرۆر و کوشتن و تاوان دەکەن هۆکاری ئاسایش و ئارامی بن، لۆژیکی ئەمە چییە؟ بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی ناکەن. ئەمەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە.
سەرۆک کۆمار وتی: ئێمە هیچمان ناوێت و وەڵامی خۆمان دۆزیوەتەوە. ئێمە دەسەڵاتی پێویستمان دەوێت؛ چونکە نەتەوەیەک کە نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، لەم دونیایەدا دەچەوسێنرێتەوە. جیهانێکە زلهێزەکان لەبری ئەوەی بیر لە گەل و مرۆڤایەتی و دادپەروەری و دیموکراسی بکەنەوە، هۆکاری لەناوچوونن و هەرکەسێک بیانەوێت لەناوی ببەن بە تیرۆریست ناوی دەبەن.
ئەوەشی وت کە ئێمە وزەمان دەوێت بۆ گەشەپێدان. ساڵانێکە بە زمانی سەنترفیوژ و پیتاندن و گەمارۆ و بۆمب باس لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، بەڵام بۆ میللەتەکەمان تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بەشێکە لە مافی گەشەسەندن. وزەی ئەتۆمی چارەسەرە بۆ نەخۆشەکانمان، ئاسایشی خۆراک بۆ کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا بۆ پیشەسازی، و کارەبای بەردەوام بۆ داهاتوو.
سەرۆک کۆمار وتی: ئێران قبووڵی ناکات کە زانینی ئەتۆمی ئیمتیازی تایبەتی چەند وڵاتێک بێت. ئێران چەکی ئەتۆمی بە فاکتەری ئاسایش نازانێت، بەڵام دەستبەرداری مافی زانست و پیشەسازی و وزەی ئاشتیانە نابێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بە ڕوونی دەڵێین نە چەکی ئەتۆمی و نە بێبەشکردنی زانستی ئەتۆمی؛ پێگەی ئەتۆمی ئێران لە بەرەکانی شەڕدا یەکلایی نابێتەوە؛ چارەسەرەکە ڕێککەوتنێکە کە دڵنیایی باوەڕپێکراو دەدات کە بەرنامەی ئێران ئاشتیانە و گەلی ئێران لە پاراستنی مافەکانیان دڵنیا دەبنەوە.
پزشکیان ڕایگەیاند: بنەمای سێیەم هاوبەشییە بۆ ئاسایش. ئێمە لە هەرێمێکدا دەژین کە شەڕ سنوور ناناسێت و قەیرانی وڵاتێک بۆ دراوسێکانی بڵاودەبێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئێران دراوسێکانی وەک ڕکابەری ئاسایشی خۆی نابینێت. ئێمە دەمانەوێت دراوسێکانمان بەهێز بن.
ناوبراو ڕایگەیاند: "لەو ڕێڕەوی ئاوەی کە گەرووی هورموزە، ناتوانین قبووڵی بکەین کە هەمووان سوود لەم ڕێڕەوی ئاوییە وەربگرن لە هەمان کاتدا پارێزەری مێژوویی ئەو ڕێڕەوی ئاوییە بە هۆی سزای دڕندانەشەوە تەنانەت لە ئاوەکانی خۆیدا ئازادی گەشتکردن بێبەشە".
Your Comment