AP ١٤٠٣ ڕەشەمە ٣ ١٨:٣٨

چالاکی سیاسی کورد بۆ مێهر:

چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندی کوردی تورکیا و سووریایه

چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندی کوردی تورکیا و سووریایه

عومەر عەلی دەڵێت، " ئەگەر تورکەکان ڕاستگۆ بن لەم پڕۆسەی ئاشتیە دەستیان پێکردووە، چەک دانانی پەکەکە و دوور کەوتنەوەیان لە دۆسیەی سووریا ئیجابی و لە بەرژەوەندی ناوچەکە و کورد دەبێت."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_حەلیمە مەڵایی: کاتێک لە یەکی مانگی دەی 2024 دا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە چووە پەرلەمانی تورکیا و تەوقەی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی دەم پارتی کرد و وتی کوردەکان پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵگای تورکین، دەمانەوێت برابین و بەشدار بن لە گەشەپێدانی تورکیادا، هەموومان بە یەکەوە دژ بە هەوڵەکانی ئیرهاب بین و هەموومان بە ئاشتی بەیەکەوە بژین. نیشانەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان تورکیا و پەکەکە دەرکەوتن. دواتر باخچەلی پێشنیاری کرد وەفدێک سەردانی ئۆجەلان بکات و بێتە پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی pkk ڕابگەیەنێت.

پاش چەند ڕۆژێک لەم وتانە وەفدی نوێنەرانی کورد چووە ئیمڕاڵی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان. دواتر ئەو وەفدە ڕایگەیاند کە ئۆجەلان سێ نامەی بۆ قەندیل و ئەرووپا و هەرێمی کوردستان ناردووە و پێدەچێت ئاشتی لە تورکیا بێتەدی.

بڕیار وا بوو لە 15ی ئەم مانگەدا ئۆجالان پەیامێک ئاراستەی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی ناو خۆی تورکیا بکات ،دەربارەی نەخشەڕێگای پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوە کانی و ئامانجەکان.

کارناسان دەڵێن ئۆجەلان داوای چەک دانان لە هێزەکانی باڵی سەربازی پارتەکەی دەکات و ڕەنگە پەکەکە وەک حزبێکی چەکداری بۆ هەمیشە هەڵبوەشێتەوە.

سەبارەت بە داهاتووی ڕەوتی ئاشتیی نێوان پەکەکە و تورکیا و ئەگەرەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە و هەروەها کاریگەریی دانانی لە سەر دۆخی کوردی تورکیا و سووریا هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، گفتوگۆی لەگەڵ عومەر عەلی چالاکی سیاسی و شڕۆڤەکاری پرسەکانی ناوچەکە و عێراق کردووە کە لە خوارەوە دەقەکەی بڵاو کراوەتەوە.

پێتان وایە ئەم جارە دانوستانی نێوان ئەنقەرە و ئیمڕاڵی بگاتە ئەنجام ؟ چونکوو چەند جار ئەم ڕێککەوتنانە هەڵوەشاوەتەوە؟

ڕاستە ئەمە یەکەم جار نییە کە دانوستانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ساڵی 2013 بۆ یەکەم جار لە سەردەمی حکوومەتی دادوگەشە، پڕۆسەیەکی ئاشتی هاتەئاراوە و چەند قۆناغێکی باشی بڕی و بۆ دوو ساڵیش بەردەوام بوو بەڵام بە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی سووریا و کاریگەرییەکانی، پڕۆسەی ئاشتیەکە هەڵوەشایەوە و جارێکی تر شەڕی چەکداری پەکەکە و تورکیا دەستیپێکردەوە.

هەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتی بە هۆی سووریاوە بوو

ئەو جارە هەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بە هۆی سووریاوە بوو و ئەم جارەش دەستپێکردنەوەی ڕەوتی ئاشتی بە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە سووریایە کە کاریگەریی لە سەر دۆخی ناوچەکە و تورکیا بووە.

سەرەتای پڕۆسەی ئەمجارە لەو ڕۆژەوە بوو کە دەوڵەت باخچلی لە پەرلەمانی تورکیا تەوقەی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی دەم پارتی کرد و وتی کوردەکان پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵگای تورکین، دەمانەوێت برابین و بەشدار بن لە گەشەپێدانی تورکیادا، هەموومان بە یەکەوە دژ بە هەوڵەکانی پەرتکردن بوەستین و دژی ئیرهاب بین و هەموومان بە ئاشتی بەیەکەوە بژین.
پاش دیدارەکە پێشنیاری کرد وەفدێک سەردانی ئۆجەلان بکات و بێتە پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی پارتی pkk ڕابگەیەنێت.
ئەمە هەنگاوێکی گرینگە باخچەلی سەرۆکی یەکێک لە پارتە ڕەگەزپەرەستەکانی تورکیایه و باس کردنی ئەم بابەتە لە لایەن ئەو و ئەوەی کە دەمانەوێت لەگەڵ کورد بە ئاشتەوایی و یەکسانی بژین گرینگە، چوونکوو جیاوازی ئەمجارە ئەوەیە کە پڕۆسەی ئاشتی لە قۆناغی ڕابردوودا تەنیا پڕۆژەیەک بوو کە ئەردۆغان و حزبەکەی پێشنیاریان دەکرد بۆیە لە 2015 دا کاتێک کە هەڵبژادن کرا ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگەکانی ئەکەپە کەمی کرد و حزبەکەی ئەردۆغان وا لێکیان دایەوە کە پڕۆسەی ئاشتی و کرانەوەی دیمۆکراسی لەگەڵ کوردا ئەنجام دراوە، چونکوو زۆرینەی کۆمەڵگای تورکی لە سەر بنەمای شۆڤێنی بنیات نراوە و لە سەر دەستووری کەمالیەتە کە بڕوای بەوە نییە تەنانەت ناو دەستووری تورکیادا دانبنرێت بە سەر بوونی کورددا. لەبەر ئەوە ئەردۆغان ترسا و پاشەکشێ کرد.

ئەردۆغان و باخچەلی هەر کامە بەرژەوەندی خۆیان هەیە

ئەمجارە کە ئەردۆغان لە ڕێگای باخچەلی سەرۆکی شۆڤێنی مەهەپەوە هاتووەتە مەیدان، هەر یەکەیان ئامانجی تایبەتی خۆیان هەیە. باخچەلی لە ڕێگای قسەکانیەوە ئەیەوێت پارێزگاری لە دەوڵەتی تورکیا بکات و بە پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتی تورکیا مەترسیەکانی ئیرهاب دوور بخاتەوە لە دەوڵەتی تورکیا. لە لایەکی ترەوە ئەردۆغانیش کۆمەڵێ ئامانجی تایبەتی خۆی هەیه کە لە 2028 دا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دەکرێت و ئەردۆغان بۆی نییە بەربژێر بێتەوە و کەوایە دەبێ دەسکاری دەستوور بکات. بۆ دەسکاری دەستووریش پێویستی بە پشتیوانی کورد هەیە لە بەر ئەوە ئەم دۆخە کە ئێستا هەیە، کورد پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە تایبەتی جەهەپە دەکات و هەروەها لە هەڵبژاردنی ڕابردووشدا پارتەکەی ئەردۆغان بە جیاوازییەکی زۆر کەمی دەنگ توانی بیباتەوە و شارەوانی لە زۆر گەورەشاردا لەدەستدا. لەبەر ئەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو مەترسییەکی گەورە لەبەردەم ئەردۆغان و پارتەکەیدا هەیە کە ئەبێ هەنگاوێک بنێت بەرەو ئەوەی چارەنووسی خۆی و پارتەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یەکلایی بکاتەوە. لە ڕووی دەولیشەوە کۆمەڵێک فاکتەری گرینگ و نوێ هاتوونەتە ئاراوە. ئێمە ئەبینین لە چوار دەوری تورکیا لەوانە سووریا و لوبنان و عێراق دۆخەکە گۆڕاوە بەرەی مەقاومە بەرانبەر ئیسڕائیل و ئەمریکا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیسڕائیل و ئەمریکا ئەیانەوێت لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بکەن و بە تایبەتی ئیسڕائیل کە پڕۆژەیەکی تازەی هەیە بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناڤین. بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا هەموو ئەمانە بە مەترسی دەزانن بۆ سەر خۆیان.

کارتی کورد فاکتەرێکی گرینگە لە تورکیا

ئینجا یەکێک لەو فاکتەرە گرینگانەی کە ئەبێتە هۆی گۆڕانکاری و کار تێکردن و گوشار دروست کردن بۆ سەر تورکیا ،بریتیە لە کارتی کورد و پارتی کرێکاران و بەکار هێنانی، چونکوو دانیشتوانی کورد لە تورکیا نزیکەی 20 ملیۆن کەسن و کاریگەرییان لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە زۆرە و دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا کارتێکی گوشاریمقورس بن لە سەر دەوڵەتی تورکیا، بە تایبەتی ئێستا کە پارتی دەسەڵاتدار ئەو پارتە بەهێزە نییە کە بتوانێ خۆی لە بەرانبەر ئاڵۆزییەکی سیاسی تازە لە ناو تورکیادا بگرێت. باری ئابووریی تورکیا لاوازە.

هەموو ئەم هۆکارانە پێمان دەڵێت کە ئەمجارە پڕۆسەی ئاشتی لە ژێر گوشاردایە واتە، ئەیانەوێت لەم قۆناغە خۆیان دەرباز بکەن، بەڵام ئایا پابەند دەبن بە بەڵێنەکانیانەوە و ئایا بەڕاستی دەیانەوێت کورد بەشداری پڕۆسەی سیاسی تورکیا و دەوڵەتی ئایندەدا بێت و ئایا بەنیازن بە ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا بکەن یان کارێکی تاکتیکیە و بۆ ئەوەیە لە مەترسییەکانی ئەم قۆناغە ڕزگاریان بێ تێپەڕن تا کاتێکی تر کە گوشار و مەترسی نامێنێت، ئەمەش لە هەنگاوەکانی داهاتوویان لە پڕۆسەی ئاشتی ڕوون دەبێتەوە. ئایا چەندێک زەمانەتی چەسپاندنی مافەکانی کورد دەکەن بەتایبەتی لە بواری کلتووری و خۆبەڕێوەبردن و ئەوەی کە ئەگەر سەرکردەکانی پەکەکە ویستیان چەک دابنێنن چۆن دەگەڕێنەوە ناو وڵاتی تورکیا و چۆن ڕێگە بە ڕێکخراوی سیاسی و بوونی ئەوان دەدرێت یان دابین کردنی خۆبەڕێوەبەرییەکی سیاسی بۆ کوردەکان لە ناوخۆی تورکیادا هەموو ئەمانە لە کۆتاییدا بۆمان دەردەخات کە ڕێککەوتنەکە بەدەردی جاران ناچێت و دەگاتە ئەنجامی کۆتایی.

تا چ ڕادەیەک پرسی چەکداماڵینی پەکەکە پراکتیکییە؟ بە سەرنجدان بەوەی کە دەوترێت چەند دەنگی و دژایەتی لەگەڵ فەرمانەکانی ئۆجەلان لە باڵی چەکداریی پەکەکەدا بوونی هەیە؟

زۆر ڕاستە مەسەلەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان یەکێکە لەو ئاستەنگە گرینگانەی کە دێتە بەردەم پڕۆسەی ئاشتی چونکە لە نەورۆزی 2015شدا ئۆجەلان جارێکی تر داوای لە پارتی کرێکاران کرد کە چەکەکانیان دابنێنن و ڕێگەچارەشیان دانا بۆ ئەوەی کە سەرانی قەندیل چی بکەن و بەرەوکوێ بڕۆن و چۆن بگەڕێنەوە و هەندێک لە سەرکردەکانیان بڕۆن بۆ وڵاتانی تر، بەڵام لە ڕاستیدا وەکوو وتمان بە هۆی ئەوەی کە بارودۆخی سووریا تێکچوو و مەسەلەی کۆبانی هاتەئاراوە و دروست بوونی ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی هاوسنووری تورکیا، بووە هۆی لەبارچوونی ئەو پڕۆسەیە.

پەکەکەش کەوتە ژێرباری ئەو کاریگەرییە و لە ناوخۆی شارەکانی تورکیادا دەستی کرد بە خۆپیشاندان و لێدانی سەنگری بەرگری لە شارەکان و هەموو ئەمانە لەو بڕوایەدابوون کە دەتوانن ئیدارەیەکی سەربەخۆ هاوشێوەی سووریا دروست بکەن، بەڵام دواجار نەیتوانی و شکستی هێنا. لەبەر ئەوە ئێمە ئەبینین یەکێک لە مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیش کە باخچەلی لە وتارەکەیدا وتی، ئەمەیە کە دەبێ کۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی بێنین. کەواتە مەرجی یەکەمی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە پەکەکە واز لە چەک بێنێت.

ئۆجەلان نەیتوانی 2015 چەک بە قەندیل دابنێت

ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئێستا دوو جۆر بۆچوون لەناو کوردی تورکیا هەیە، یەکێکیان لای ڕەوتی سیاسی کوردی تورکیایە کە پێشتر هەدەپە بوو و ئێستا دەم پارتیە و چالاکی و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی و کلتووری هەیە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە چالاکی سەربازی و جەکداریەوە هەیە پارتی کرێکارانی کوردستان و قەندیلە. ئۆجەلان نەیتوانی 2015 چەک بە قەندیل دابنێت بەڵام پێدەچێت یەکێک لە بڕگەکانی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە داواکاری لە پەکەکە بێت بۆ چەک دانان. ئەگەرچی جەمیل بایک لە دیمانەیەکدا لەم ڕۆژانە وتبووی کە ئۆجەلان ڕێبەری ئێمەیە و بەدەم داواکارییەکەیەوە دەچین بەڵام لە هەمان کاتدا ئەویش داوای زەمانەت دەکات.

پەکەکە ئەوە نییە کە پێشتر بوو

لە دیوێکی ترەوە دەبێ ئێمە ئەوەش بزانین کە پارتی کرێکارانی 2013 ئەوە نییە کە ئێستا هەیە، ئێستا پەکەکەش گوشارێکی زۆری لەسەرە و دەبینین هیچ پێگەیەکی ئەوتۆی لە ناوخۆی کوردستانی تورکیادا نەماوە و بارەگای سەرەکیان لە قەندیلە کە قەندیل خۆی بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و گوشارێکی زۆری سەربازی لەسەرە کە بەردەوام لە ڕێگای درۆنەکانی تورکیاوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەندامان و سەرکردەکانیان دەکرێنە ئامانج. ئەمانە وا دەکات کە پەکەکە زۆر جەخت نەکاتە سەر درێژەدان بە شەڕی چەکداری. هاوکات هێشتا پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەورووپا و ئەمریکادایە و لە لایەن ئەوانیشەوە پشتگیری ناکرێت. کەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین پێویستە پەکەکە بە عەقڵیەت و ڕوانگەیەکی نوێی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە تازە بکات کە هاتۆتەئاراوە. دەبێ ئەوەش بزانێت کە لەوانەیە دانانی چەک و کۆتایی هێنان بە بەرەنگاریی سەربازی خزمەتی زیاتر بکاتە خەباتی سیاسی کورد لەناوخۆی تورکیا چونکوو لەم کاتەدا دەوڵەتی تورکیا ئیدی هیچ بەڵگەیەکی بەدەستەوە نابێت کە هێرش بکاتە سەر ناوچە کوردییەکان و گەنجانی کورد زیندانی بکات و سەرۆکی شارەوانییەکان لابدات و هێرش و پەلاماری ناوچە نیشتەجێ بوونەکان و ماڵ و حاڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات بە درۆن و تۆپباران بە بیانووی بوونی پەکەکە و وڵاتیان کاول بکات.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستیە کە پەکەکە کاریگەریی زۆری لەسەر هێزی چەکداری کورد لە سوریا بووە و هەیە، چەک دانانی پەکەکە لە سەر داهاتووی کوردی سووریا چۆن دەکەوێت ؟

پارتی کرێکارانی کوردستان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە سەر هێزەکانی هەسەدە، چونکوو پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لە سووریا و بیقاعی لوبنان سەریهەڵداوە و لەلایەن حکوومەتی ئەسەدەوە پشتیوانی لێکراوە و دژی تورکیا بەکارهێنراوە. لە 2011ش و دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ئاژاوەی ناوخۆیی لە سووریا، کوردەکان نەچوونە پاڵ ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و کاریان نەکرد بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد و هاوکاریشیان لەگەڵ بەرەی مەقاومە بوو لە سووریا بۆ بەرەنگاریی داعش و تیرۆریستان. تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی سووریا وایان لێکدەدایەوە کە بەشێکی زۆری دواکەوتنی ڕووخانی ئەسەد پەیوەندی هەیە بەوە کە کورد نەچووەتە پاڵ ئۆپۆزسیۆنی سووری. ئێستاش سەرکردە و چەکدارانی پەکەکە بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک و باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی هەشت هەزار چەکداری بیانی لە ناوچە کوردییەکانی جیهان و تەنانەت وڵاتانی دیکەش بوونیان هەیە لە ڕیزەکانی هەسەدە دا و زۆربەی فەرماندەکانی کوردی سووریا لە قەتدیل بوونە و پەیوەندی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان پەکەکە و هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە.

دەبێ سەرکردەکانی کوردی سووریا بە عەقڵانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێ بکەن

ئێستا کە حکوومەتێکی مەشرەب ئیسلامی لە سووریا حاکمە و دۆخێک هاتووەتە ئاراوە کە دەبێ سەرکردەکانی کوردی سووریا بە عەقڵانە و سیاسەتەوه مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیە بکەن ، چونکوو لە ئێستادا وڵاتانی دیکەش لەوانە تورکیا کاریگەریی زۆریان لە سەر سووریا هەیە، تورکیایەک کە بە هەمان چاوی پەکەکەوە سەری کوردی سووریا دەکات

لە بەر ئەوە هەتا ئێستاش تورکیا داننانێ بەسەر ئیدارەی سەربەخۆی ئەم ناوچانە و بە ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە کۆتایی بەم ئەزموونە بێنێ چونکوو تورکیا لەوە دەترسێ ئەو ناوچانە ببنە قەندیلێکی نوێ. بە بڕوای من دەبێ لەم قۆناغەدا کوردانی ڕۆژاوا هەنگاوێکی تر بنێن و بەرەو دیمەشق بڕۆن، دیمەشق سەرەتای گۆڕانکاریە، سەرەتای نووسینەوەی دەستوورە، سەرەتای شەرعییەت پەیدا کردنە بۆ ئەو هێزانەی کە لە ناو خاکی سووریادان.ئێستا تورکیا، ئەمریکا، عەرەبستان و ئیمارات و ڕۆژاوا کاریگەرییان هەیە لە سەر حکوومەتی نوێی سووریا و هەمووشیان ڕازی نابن بەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکاران هەبێت.

باشترین کار ئەوەیە مەزڵۆم کۆبانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی کرێکاران بپچڕێنێت و وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆی سووری مامەڵە لەگەڵ دیمەشق بکات. ئێستاکە پشتیوانی ڕۆژاوا و ئەمریکاشیان هەیە و جەخت کراوە کە دەبێ بەشێک بن لە پێکهاتەی سیاسی و حوکمڕانی لە سووریا. چونکوو مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بە بەشداریی سیاسی و مەدەنی دەستەبەر دەبێت.
بە گشتی پێم وایە ئەگەر تورکەکان ڕاستگۆ بن لەم پڕۆسەی ئاشتیە دەستیان پێکردووە، چەک دانانی پەکەکە و دوور کەوتنەوەیان لە دۆسیەی سووریا ئیجابی و لە بەرژەوەندی ناوچەکە و کورد دەبێت.

News ID 54048

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha