AP ١٤٠٢ گەلاوێژ ٨ ٢٠:٠٤

نوێنەرێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ مێهر:

دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو پووکانەوە دەڕوات/ پارتی و یەکێتی دەبێ پێکەوە بڕۆن

دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو پووکانەوە دەڕوات/ پارتی و یەکێتی دەبێ پێکەوە بڕۆن

دابان موحەمەد نوێنەری پەرلەمانی کوردستان پێی وایە پارتی و یەکێتی سەردەمانێک پێکەوە هاتن و حوکمی هەرێمی کوردستانیان بە دەستەوە گرت و ئەگەر بڕۆن دەبێ هەردووکیان پێکەوە بڕۆن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی:پارتی و یەکێتی وەکوو دوو حوکمرانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی شەڕێکی بێ بڕانەوەن، ئێستا زۆنی سەوز و زۆنی زەرد ئاشکرا باس دەکرێت و ڕەنگە ئاسایی بێت کە بڵێین هەرێم دابەش بووە و دوو ئیدارە هەیە.

قەیرانی ئابووری و‌ نەهاتنی پشکی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە بەغداوە بۆ هەرێم وای کردووە کە ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە و خەریکە خۆپیشاندان و بایکۆت و مانگرتن تەشەنە بسێنێت و هەموو سێ پارێزگای هەولێر ، سلێمانی و دهۆک بگرێتەوە.

کارناسانی سیاسی و ئابووری باس لەوە‌دەکەن کە حکومەتی فیدراڵی عێراق لە هەوڵدایە هەژموونی خۆی زیاتر بە سەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت, بەغدا نەک 50 لە سەدی داهاتی ناوخۆیی هەرێم بەڵکوو سەداسەدی داهات و نەوتەکەی دەوێت بە هەموو کار و بەرێوەبردنیوە نەک داهاتەکەی بە تەنیا، بۆیە دانوستانی بودجەش بێ ئەنجام بووە و گەیشتووەتە بنبەست.

ئێستا هەمووان هۆشداریی لە مەترسیەکی گەورە دەدەن کە هەرێمی کوردستان لە لێواری داڕمان و پووکانە و هەڵوەشانەوەدایە.

لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆمان لەگەڵ دابان موحەمەد پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان کردووە کە دەقی قسەکانی بڵاو دەبێتەوە؛

دەبینین شەڕی نێوان حزبە حاکمەکانی کوردستان کاریگەریی قورسی داناوەتە سەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە کردەوە هەرێم بووە بە دوو کەرتی سەوز و زەرد؛ ئەمە لە واقیعدا ڕوویداوە یان هێشتا دۆخە نەگەیشتووەتە خاڵی مەترسی؟

لە ڕاستیدا دەبێ بڵێین ئەمە تەنیا شەڕی نێوان پارتی دیمۆکرات و یەکێتی نیشتیمانییە. لە هەرێمی کوردستان تەواوی دامودەزگاکان بووە بە دوو کەرتەوە لە هێزی سەربازی، لە وەزارەتی ناوخۆ لە تەواوی وەزارەتەکان. تەنانەت داهاتیش لە هەرێمی کوردستان؛ کە هەر یەکەی لە شوێنی خۆیەوە داهاتی خۆی بۆ‌خۆی ئەبات . بۆ نموونە لە زۆنی سەوز یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دەروازەکانی پەروێزخان و باشماخی لەگەڵ چەند ناوچەیەکی تر بەدەستەوەیە لەگەڵ داهاتی ئاو و‌کارەبا و داهاتی هاتوچو و هەموو ئەو داهاتانەی تر کە پێی ئەوترێت داهاتی ناوخۆ هیچی ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و خۆی حوکمی پێوە ئەکات. بۆ سنووری پارتیش لە هەمان شێوەیە دەروازەی حاجی ئۆمران و ئیبراهیم خەلیل و سێمێلکا و چەندین دەروازەی تر . ئەوەی کە هەیە ڕانەگەیێندراوە ئەگینا دوو ئیدارەیی و کەرتبوونێکی تەواوە و هیچ‌شتێک نییە کە بەیەکیانەوە ببەستێتەوە. لە ڕابردوودا ئەگەر جۆرێک لە نزیک بوونەوە و بە ناو حکومەتی هاوبەش هەبووبێت، بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانیاندا بووە بەڵام ئێستا وا نییە بۆیە لێکترازان روویداوە و هیچ خاڵێک نییە کە ئەم دوو هێزە لەسەری کۆک بن.

بە رای ئێوە ئەم دۆخە لە ئاستی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا چ پاشهاتێکی بۆ کورد دەبێت؟

ئەمەش زیانی زۆر گەورەی داوە لە قەوارە، ناوبانگ و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها خەساری لە دامودەزگا یاساییەکان و حکوومەتی هەرێم داوە و لە ئاستی عێراقیش بە دوو شێوازی جیا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. وەکوو حزبی یەکێتی و حزبی دیمۆکرات . لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا و وڵاتانی تر کە خەریکی یەکخستنەوەی پێشمەرگەن؛ ئەوانیش بێ ئۆمێدبوونی خۆیانیان راگەیاندووە و هۆشداریی توندییان بە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی داوە کە دەبێت هێزەکانتان یەکبخەنەوە بەڵام دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە یەکدەترازێن. بۆیە ئێستا سەردانەکان بۆ هەرێم زۆر کەم بۆتەوە و مامەڵە کردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کەمی کردووە. ئەم بابەتە زۆر گرینگە و پاشهاتەکانی لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەوێت.

چارەسەریی دۆخی هەرێمی کوردستان و نەمانی قەیرانی ئابووری و سیاسی و بوونی بە ناوچەیەک کە سەنگی قورسی لە وڵاتی عێراق و ناوچەکەش ببێت لە چیدا دەبینن؟ ئەسڵەن ئەم دۆخە چارەسەری هەیە یان تازە لە دەستچووە؟

بەڵێ بە بڕوای من ئەم دۆخە چارەسەری هەیە و چارەسەرەکەش ئەوەیە بگەڕینەوە بۆ مێژوو کە تەفرەقە و لێکترازان هیچ‌کاتێ لە بەرژەوەندی خەڵک و هەرێمی کوردستان نەبووە بەڵام ئەمانە پەند وەرناگرن و خەریکن هەڵەکانی رابردوویان دووبارە دەکەنەوە کە یەکتر سڕینەوە و پەرتەوازەیی و یەکتر لەناوبردنە. ئەمانە تەواو شاخیان لە یەک گیر کردووە.

من بۆ خۆم پێم وایە ئەم دوو هێزە کاتێک هاتن پێکەوە هاتوون و چەندین ساڵە حوکم دەکەن و ئەگەر بڕۆن دەبێ بەیەکەوە بڕۆن و وا نییە لایەکیان بتوانێ ئەو لاکەی دیکە بسڕێتەوە و تەنیا خۆی بێت. سەبارەت بە چارەسەریش پێم وایە دەبێ مامەڵەی دروست لەگەڵ عێراق بکرێت و بە یەک ئەجێندا و پرۆژە و کاری هاوبەش ڕوو لە بەغدا بکەن و بەیەکگرتوویی ماف و‌ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن و قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزن.جەوهەری چارەسەر کردنی کێشەکانیش ئەمەیە کە ئەم دوو هێزە تەفاهومیان هەبێت و لە یەک نزیک ببنەوە و تەنیا بیر لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بکەنەوە تاکوو باری گوزەرانی خەڵک باش بێت و قەیران و کێشەکانی ئەم قەوارەیە لەمە زیاتر تەشەنە نەسێنێت. بەدەر لەمە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون نییە و ڕۆژ لە رۆژ خراپتر دەبێت و دەرئەنجامەکانیشی دەرکەوتوون و بەسەختی ئابووری و ژێرخان و دارایی هەرێمی کوردستان زەرەری بەرکەوتووە و بەرەو پووکانەوە ئەڕوات.

بۆچی لە هەرێمی کوردستان وەکوو وڵاتانی دیکەی جیهان, لە هەڵبژاردنەکاندا ئەسناف و کۆمەڵە تایبەتەکان ناتوانن کاریگەریی بخەنە سەر گۆڕینی هاوکێشەکان، بۆ وێنە سێنفی مامۆستایان، قوتابیان، خوێنکاران، شۆفێرەکان، پزیشکان، ئەمانە هەر کامەیان بۆ وەک وڵاتانی دیکە قورسایی خۆیان بەکارناهێنن تاکوو رەوت و جەریانێک بێتە پەرلەمان کە بەڵێنی دابێت داخوازییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات ؟ بە گشتی دەنگدان کاریگەریی هەیە لە گۆڕینی دۆخەکە یان نە؟

ئەم قسەیە ڕاست نییە و ئەمانە پارتی و یەکێتی بڵاوی دەکەنەوە چونکوو بەشێکی زۆری مووچەخۆران کادیری ئەوانن. ئەگەر بەشداریی خەڵکیش کەم ئەبێ ئەوان لە سەر ئەساسی ئەو‌کورسیانەی کە هەیە حوکمرانی دروست دەکەن. بەڵێ دەنگدان کاریگەریی هەیە بۆ نموونە ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕان کە دروستبوو و پاشان بەشداریی کرد لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا و دەنگێکی باشی هێنا و دواتر پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرگرت و دوای ئەوەش لە سەدا پەنجای کۆی دامودەزگاکانی سنووری سلێمانی کەوتە دەستی بزووتنەوەی گۆڕان. ئەمە بەرئەنجامی دەنگ و سەنگ و‌قورسایی خەڵکە. دەنگدان و هەڵبژاردن بە هێواشی کاریگەریی دادەنێت لە هەرێمی کوردستان و ئەمەش لەبەر ئەوەیە پارتی و یەکێتی ڕیشەیەکیان لە کۆنتڕۆڵ کردن و چەواشەکردنی مێشکی خەڵک هەیە بە درۆ و دراو. لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و دووسە. و پەنحا هەزار فەرمانبەر هەیە کە لەسەدا پەنجاو هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم هێزی چەکدارن کە بەشێکی زۆریان سەر بە پارتی و یەکێتین. و هەرچی دامودەزگا هەیە لە هەرێمی کوردستان کردوویانە بە حزبی. بابەتێکی دیکەش پەیوەندی بە تەزویرێکی بەرفراوان و بێژمارەوە هەیە کە ئەم دوو پارتە لە کاتی هەڵبژاردندا دەیکەن. و هەڵبژاردنەکە بێ خوەش نییە.بەشێکیشی پەیوەندی بە کڕینی لایەنگریوە هەیە و هەروەها بێ ئۆمێد کردنی خەڵک. ئەو ناوانەش کە ئێوە ناوتان هێناوە واتە بەشێک لە سەندیکا و‌کۆمەڵە و گرووپەکان پارتی و یەکێتی نزیکیان کردۆتەوە لە خۆیان و وەلایان بۆ ئەوان هەیە چونکوو ئابووری سەربەخۆ لەم هەرێمەدا نییە و ئەو دوو حزبە بە تەواوەتی ئەمەیان کۆنترۆڵ کردووە و تەنانەت دەستیان خستۆتە ناو کاروکەسابەتی خەڵک.

ئێستا کە هەموو رۆژێ دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە یاسا و بڕیار و‌داخوازی نوێ لە هەوڵدایە هەژموونی خۆی بگەرێنێتەوە بۆ هەرێم و تەنانەت دەیەوێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی بەدەستەوە نەبێت و دەسەڵات لە هەرێم سنووردار بکاتەوە؛ داهاتووی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟

عێراق دەوڵەتە و خاوەن دەستوور. لە دوای ساڵی 2003 تا 2005 کاتێ دەستووری عێراق نووسراوەتەوە ئەو بەڕێزانەی لە عێراق بوون تا ڕادەیەکی زۆر حەق و‌مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان‌ چەسپاند لە دەستووردا و لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەڵێک موئەسەسات لە هەرێم هەیە. ئەمە ئەبوایە یەکێتی و پارتی شەڕی دەستوورییان بکردایە و لە دوای 2005ەوە پێداگرییان لەسەر ماف و پاراستنی دەستکەوتەکان بکردایە بەڵام بەداخەوە ئەمان گەڕانەوە بۆ هەرێم و ئیستغلالی کۆمەڵێک مادە و بڕگەی دەستوورییان کرد.لە 2014ەوە دەستیان کردە فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی و ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەیان کرد.لەو‌ماوەیەدا تا ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە خاوەنی 32 میلیارد دۆلار قەرز و بەشێکی زۆری مووچەی فەرمانبەران فەوتا و دواکەوت و دۆخی دارایی خراپتر بوو و ئەوەی ناویان نابوو ئابووری سەربەخۆ شکستی هێنا.هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە. خەڵک و بانکەکان پارەیەکی زۆریان کەوتە لای حکوومەت . کەواتە عەقڵییەتێکی دانا و وشیار نەبوو ئیدارەی هەرێم بکات و تاکوو ئێستاش بەشێکی ئەو پارانە لە تاریکیدا ماوەتەوە. هەموو ئەو ئامارانەش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای 2014 خستوویەتیە ڕوو کەموکورتی هەیە. واتا ئەوەی دوای 2014 فرۆشراوە تەنیا لە سەدا 45ی خراوەتە خزمەتی مووچە و ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان 8 بۆ 10 تریلیۆن دینار قەرزداری مووچەخۆرانە‌. خەڵک بێ ئومێدە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێستا جۆرێک دڵخۆشی هەیە کە بڕیارە مووچە لە بەغداوە بێت و یاسای بودجە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بەڵام هێشتا دیار نییە حکوومەتی عێراق نیازپاکی هەیە یاسا جێبەجێ بکات یان محمەد شیاع سودانیش وەکوو سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم. هەڵبەت ئەزموونی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە هەموو جارێ کاتێ حکوومەتی عێراق پێکدێت کورد بەشدار دەبێت لە دانانی ئەو سەرۆکانە و دوای چەند مانگێک دەبنە دوژمنی کورد.

News ID 46788

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha