بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، میدیاى نزیك لهپارتى ئاشكرای كردوه، ئهمڕۆ وهفدێكى کۆماری ئێسلامی ئێران بەسەرۆکایەتی محەممەد سادق موعتەمیدیان پارێزگاری ورمێ سەردانی دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەرانی کردووە و لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە پێشوازی لێکراوه.
لهو ڕوهشهوه هەڵگورد شێخ نەجیب وتویهتى، "لەدوایین سەردانمان بۆ کۆماری ئێسلامی ئێران، بەیاوەری پارێزگارو سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی ئێران لەسەر 20 خاڵ رێککەوتینو بەگوێرەی خاڵێکی لێکتێگەیشتنەکە، دەبێت کۆبونەوەی مەیدانی لەدەروازە سنورییەکان بکرێت بەمەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە".
دەشڵێت، "سەردانەکەی شاندی کۆماری ئێسلامی ئێران بۆ سەردانی دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران، بەمەبەستی تاووتوێکردنی جێبەجکردنی ئەو 20 خاڵە بە شێوەی مەیدانی بوەو هاوکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشهو گرفتانەی دێنە بەردەم جێبەجێکردنی خاڵەکان".
لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا، پارێزگاری ورمێ ئاماژهى بهوهداوه، "هەرچەندە ڕێککەوتنە 20 خاڵییەکە واژوی لەسەرنەکراوە، بەڵام زۆرینەی خاڵەکانی چونەتە بواری جێبەجێکردنەوەو بڕیاردراوە هەرسێ مانگ جارێک کۆبونەوەی لەمشێوەیە بکرێت، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی خاڵەکان نەهێڵدرێن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژە بەوە دەدات، لەسەردانی ڕابردوویاندا بۆ کۆماری ئێسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاووتوێی کردنەوەی دەروازەی کێڵەشینیان لەسنوری سیدەکان کردوەو هەمان بابەت تەوەری دوەمی کۆبونەوەی ئەمڕۆیان بوە لەگەڵ وهفدهكهى کۆماری ئێسلامی ئێران.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو کێشەو بەربەستانە کرا کە ڕێگرن لەبەردەم کردنەوەی دەروازەی سنوری کێڵەشین لەگەڵ کۆماری ئێسلامی ئێران.
ئەوەشیخستەڕوو، "ئێمە لەڕوی ڕێگهوبانەوە دەستمان بەپڕۆژەکە کردوەو گەیشتۆتە قۆناغێکی زۆرباش، بەڵام کێشەی ئەمنی لەم سنورە هەیە، دەمانەوێت لەگەڵ میوانانمان لەکۆماری ئێسلامی تاووتوێی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین چۆن کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بکەین، کردنەوەی ئەم دەروازەیە ئامانجێکی سەرەکییە بۆ هەردوو حکومەتی ئێرانو هەرێمی کوردستان.
Your Comment