بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "لەم بارودۆخەی ئێستادا، چ لەڕووی یاساییەوە بێت، چ لەڕووی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدرالییەوە بێت، رێگایەکی تر لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا نەبووە جگە لە رێککەوتن و رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە".
تاڵەبانی ئەوەشی ئاماژە پێداوە "ئەگەر چی دەبوو پێشتر و بەڕەزامەندی خۆمان ئەم کارەمان بکردایە، نەک دوای بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئێستاش هەر بەهەنگاوێکی دروستی دەزانین لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی یەکجاری ئەم کێشەیە لەداهاتوودا".
وتیشی: "ئێستا کاتی ئەوە نییە خۆمان بە پاڵەوان دەرخەین، کاتی ئەوەیە دان بەهەڵەکانماندا بنێین بۆ ئەوەی بەڕوونی گرفتەکان ببینین و چارەسەریان بکەین لەپێناو خۆشگوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو نیازپاکییەی ئێستا هەیە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجە بە باشترین شێوە و لە نزیکترین ماوەدا پەسند بکرێت".
دەشڵێت هەرێمی کوردستان بەبێ یاسای بودجە بەڕێوەچووە، هەموو ئەمانەش هۆکاربوون بۆ کەمبوونەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان، بۆیە لەمەودوا هیچ بیانوویەک نامێنێت لەبەردەم پەسەندکردنی بودجەیەکی شەفاف لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە".
Your Comment